ژنێك لە نێو خانوویەكی چۆڵدا خۆی دەسووتێنێ

05-06-2014
ئەڤین سەڵاح
نیشانەکردن هەولێر خۆسووتاندن
A+ A-

رووداو- هەولێر

هەڵبژاردنی شوێنی خۆسووتاندنەكەی شنۆ كە خانوویەكی چۆڵ بوو لە تەنیشت ماڵەكەیان، بووە هۆی ئەوەی زوو خەڵك فریای نەكەون و هەر لەوێ گیان لەدەست بدات. وەك كەسوكاری دەڵێن، ئەو ژنە بەر لەوەی خۆی بسووتێنێ بەناوی هێنانەوەی ماكسی لەلای بەرگدروو چووەتە دەرەوە. بەڵام دواتر لاشەی سووتاوی لە نێو خانوویەكی چۆڵدا هێنرایە دەرەوە.

سەعات 5ی ئێوارەی رۆژی 28/5/2014 ژنێكی تەمەن 16 ساڵ بە ناوی (شنۆ.ئە.ع)، دانیشتووی گەڕەكی كورانی مەخمووری شاری هەولێر، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و دەستبەجێ گیانی لەدەست دا.

خەسووەكەی دەڵێت نەخۆش بووە

ماڵی خەسووی ئەو ژنە دەڵێن (ش) هیچ كێشەیەكی نەبووە، بۆیە نازانن لەسەرچی خۆی سووتاندووە.
بەپێی قسەی نەزیفە ئیسماعیل، خەسووی شنۆ، ئەو ژنە هیچ كێشەیەكی نەبووە جگە لە "نەخۆشیی دەروونی". نەزیفە بە (رووداو)ی گوت "ماوەی ساڵ و نیوێكە شنۆمان هێناوە، كچێكی زۆرباش بوو دڵی كەسی نەشكاندووە، بەڵام كەمێك تووڕە بوو".

وەك نەزیفە گوتی "شنۆ پێشتر زوو زوو نەخۆش دەكەوت و هەردوو دەستی رەق دەبوو، چەند جارێك بردمانە لای شێخ و مەلا بۆ چارەسەری".

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، لە ماوەی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا ئاگر 88 ژنی سووتاندووە (64 ژن سووتاون و 24 ژنیش خۆیان سووتاندووە)، بەڵام دیار نییە چەند لەو ژنانە گیانیان لەدەستداوە.
هەروەها بەپێی ئامارێكی پەیمانگەی دادپزیشكی هەولێر لە چوار ساڵی رابردوودا تەنیا لە شاری هەولێر 585 ژن كە خۆیان سووتاندووە یان سووتاون، گیانیان لەدەستداوە.

بەنیازی سەیران بوون

كەسوكاری شنۆ قەت لەو باوەڕەدا نەبوون شنۆ خۆی بسووتێنێ، چونكە بەر لە رووداوەكە هیچ ئاماژەیەكیان لێ نەبینیوە و بگرە شنۆ سەرقاڵی خۆ ئامادەكردن بووە بۆ سەیران.

ئاوات سابیر، كە دشی شنۆیە، بۆ (رووداو)ی گێڕایەوە كە بە نیازبوون هەینی بچن بۆ سەیران "بۆیە شنۆ چوو بۆ ئارایشگا، كە گەڕایەوە زۆر ئاسایی بوو وەك رۆژانی دیكە خۆی جوان كرد و جلی سووری لەبەر كرد".

وەك ئاوات باسی كرد، شنۆ بەر لەوەی خۆی بسووتێنێ داوای لێكردووە لەگەڵی بچێتە ماڵی دراوسێیەكیان كە بەرگدرووە، بۆ ئەوەی ماكسییەكەی بهێنێتەوە، بەڵام ئاوات لەگەڵی نەچووە.

ئاوات دەڵێت "گوێمان لە دەنگێكی گەورە بوو، كە چووینە دەرەوە بینینمان براژنەكەم لە خانوویەكی چۆڵ كە ئەویش خانووی خۆمانە، لەوێ خۆی سوتاندبوو، هەر لەوێش مرد".

خانووەكەی لەگەڵ خۆی سووتاند

دووكەڵی ئەو ئاگرەی شنۆی سووتاند، ژوورەكەی تەواو رەش كردووە، هەروەها سەر پەنجەرە و دەرگاكانی ژوورەكە رەش داگەڕابوون. كەسوكاری شنۆ دەڵێن، شنۆ نەوتی بەخۆیدا كردووە و ئاگری لەخۆی بەرداوە.

رائید كاروان عەبدولكەریم، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەڵێت هەر دوای ئاگاداركردنەوەیان گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە. ناوبراو بە (رووداو)ی گوت "خانووەكەش لەگەڵ ژنەكە ئاگری گرتبوو، تیمەكانی ئاگركوژێنەوە كۆنتڕۆڵی ئاگرەكەیان كرد".

لەسەر خۆسووتاندنی شنۆ كەس سكاڵای تۆمار نەكردووە. رائید كاروان دەڵێت دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە بۆ زانینی هۆكاری خۆسووتاندنی شنۆ.

بە نەخۆشیی دەروونی دایدەپۆشن

پێشتر هەر ژنێك بە ئاگر بسووتابا دەگوترا بەهۆی تەقین یان گڕگرتنی پەرەمێز سووتاوە، بەڵام بەهۆی كەمبوونەوەی پەرەمێز، ئێستا دەڵێن ژنەكە یان كچەكە نەخۆشیی دەروونی هەبووە. شنۆ یەكێكە لەو قوربانیانەی گوایە نەخۆشیی دەروونی هەبووە.
سیروان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی چارەسەری دەروونی پێیوایە مەرج نییە هەر ژنێك خۆی سووتاند نەخۆشیی دەروونی هەبێت "بەڵام زۆرجار كەسوكاری كچەكە یان ژنەكە دەڵێن قوربانییەكە نەخۆشیی دەروونی هەبوو، بۆیە خۆی سووتاند یان خۆی كوشت، بۆ ئەوەی رووبەڕووی سزا نەبنەوە".



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە