رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە خانەقین گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان سۆزان مەنسوور، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەك هێزی سەربازی و کۆمەڵە خەڵکێک دروست بوو.
قایمقامی قەزای خانەقین دەڵێت، سەرمایەدارێکی خانەقین کە حیزبی سیاسیی عەرەبیی لە پشتە، دەیەوێت لەسەر زەویی موڵکی دەوڵەت، بازاڕێک دروست بکات.
جەواد فەیزوڵڵا، قایمقامی قەزای خانەقین، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 5ـی ئایاری 2025) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو پارچە زەوییەی ئەمڕۆ ئەو گرژییەی لەسەر روویدا، موڵکی دەوڵەتە و دوو هەزار و 173 دۆنمە، کە دەکەوێتە سنووری 5 گوندی دەوروبەری خانەقینەوە."
جەواد فەیزوڵڵا گوتی "17 جووتیاری خەڵکی خانەقین، لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بریکارنامەی مافی کارکردنیان لەو زەوییانە وەرگرتبوو بۆ کشتوکاڵ و چاندن، دواتر چەند جووتیارێک بریکارنامەکانیان دابووە سەرمایەدارێکی خانەقین کە ناوی حازم شەکرچییە، ئەویش دەیەوێت دووکانی کەلوپەلی پیشەسازی لەسەر زەوییەکان دروست بکات."
بە گوتەی قایمقامی خانەقین، "ئەو سەرمایەدارە لایەنی سیاسیی عەرەبی لە پشتە. ئەمڕۆ کاتێک کە شۆفڵم نارد بچن ئەو زیادەڕۆییانەی ئەو سەرمایەدارە کردوویەتی لەسەر ئەو زەوییانە، هەمووی بڕووخێنن، بەڵام لەلایەن کۆمەڵە پاسەوانێکی فەرماندەیەکی رێکخراوی بەدرەوە رێگری لە شۆفڵەکان کرا."
ئەمڕۆ لە خانەقین گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان سۆزان مەنسوور، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق و ژمارەیەك هێزی سەربازی و کۆمەڵە خەڵکێک دروست بوو.
سۆزان مەنسوور لەکاتی گرژییەکەدا رووی کردە مایکی رووداو و گوتی، "رووداو، ببینە چی روودەدات؛ کەسێک هاتووە دەڵێت من ئەم زەوییانەم کڕیوە و دەبێت هەموو گوندەکان بڕووخێنم."
ئەوانەی لە دەوری سۆزان مەنسوورن بەشێکیان هاوار دەکەن "ئیرهابی" ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ "من ئیرهابی نیم. خوشکی حوسێن مەنسوورم.''
جەواد فەیزوڵڵا گوتی، "من و سۆزان مەنسوور، پەرلەمانتاری عێراق لەسەر زەوییەکە بووین و ویستمان کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی بکەین، روونکردەوە لەسەر ئەو بارودۆخە بدەین، بەڵام لەلایەن کۆمەڵە کەسێکەوە ئاژاوە دروستکرا، منیش لەبەر دروستنەبوونی گرژیی زیاتر شۆفڵەکانم گەڕاندنەوە، چونکە ئەگەر زیادەڕۆییەکانمان رووخاندبووایە، شەڕ روویدەدا و خوێن دەڕژا."
قایمقامی قەزای خانەقین بەڵێن دەدات ئەو پرسە پشتگوێ نەخات و دەڵێت، "دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە، سەرجەم ئەو زیادەڕۆییانە دەڕووخێنم و ناهێڵم ئەو کارە بەسەر زەویی دەوڵەتەوە بکرێت."
سۆزان مەنسوور، پەرلەمانتاری عێراق، ئەمشەو لە روونکردنەوەیەکیدا دەڵێت، "زۆربەی ئەو زەوییانە سەر بە وەزارەتی دارایین و لەسەر تاپۆکانیان نووسراوە، تەنیا گەنم و جۆیان تێدا بچێندرێت."
سۆزان مەنسوور ئاماژە بەوە دەکات، "من، سکاڵام گەیاندە قایمقامییەتی خانەقین، بۆ لابردنی ئەو زیادەڕۆییانە، بەڵام پۆلیس گوتیان ژمارەیەکی زۆر چەکداری حەشدی شەعبی لەوێن و ناتوانین نزیکی شوێنەکە ببینەوە."
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق گوتیشی، "من، نیوەڕۆی ئەمڕۆ رۆیشتمە سەر زەوییەکە، کە روونکردنەوە بدەم و باسی دۆخەکە بکەم، بەڵام کۆمەڵێک کەس هاتن و گوتیان ئێوە دزن و گرژییان دروستکرد، منیش هاوارم کرد و گوتم من خوشکی شەهید حوسێن مەنسوورم. داوام لە سەرۆکوەزیران، وەزیری ناوخۆ و بەرگری و سەرۆکی حەشدی شەعبی کرد بێنەدەنگ، دوایی چەکدارانی حەشد کشانەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ