رووداو دیجیتاڵ
تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی دەڵێت، رۆژی 1ی نیسانی ئەم ساڵ تابلۆی نووسینی شارەوانیی دێرسم بە زمانی کوردی لە شوێنە جیاوازەکان دادەنێن.
هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی رۆژی سێشەممە 5-3-2024 لە دێرسم بوو و گوتی، " 90 ساڵ لەمەوبەر ویستیان لە رێگەی 'یاسای تونجەلی'یەوە ئێرە بێ ناسنامە بکەن. ئێستاش دوای 90 ساڵ بە لابردنی ناوی دێرسم، دەیانەوێت ئێرە بێ ناسنامە بکەن. بەڵام دڵنیام نەوەکانی سەیید رەزا نکۆڵی لەو هەوڵە دەکەن".
سەبارەت بە لابردنی ناوی دێرسم و نووسینی تونجەلی لەسەر تابلۆکان لەو پارێزگایەدا، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی گوتی، "ئێمە لە تابلۆکاندا نووسیبوومان دێرسم، بەڵام ئەو قەییومە سەپێندراوانەی لە شوێنی هاوڕێکانمان دانران، ناوی دێرسمیان سڕییەوە و تونجەلییان دانا. بەڵێن بە ئێوە دەدەم، هاوڕێیان دووبارە ئەو تابلۆیانە دەکەنەوە دێرسم".
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2015دا هەدەپە شارەوانیی دێرسمی بردەوە؛ دوای ئەو هەڵبژاردنە زۆربەی تابلۆکان بە زمانی کوردی دەنووسران، بەڵام دوای ئەوەی ساڵی 2018 حکومەتی تورکیا دەستی بە هەڵمەتی قەییومکردنی شارەوانییەکان کرد، سەرۆکی شارەوانییەکانی لادەبردن و کەسی متمانەپێکراوی خۆی دەخستە شوێنەکانیان و ئیدی تابلۆکانیش لە زمانی کوردییەوە گۆڕدران بۆ تورکی. ساڵی 2019 یش پارتی کۆمۆنیست - تەکەپە شارەوانیی دێرسمی بردەوە، بەڵام دواتر ئەویش لابرا و قەییومی بۆ دانرا.
بۆ هەڵبژاردنی ئەمجارەی شارەوانییەکانی تورکیا کە بڕیارە رۆژی 31-3-2024 بەڕێوەبچێت، دەم پارتی و پارتی کۆمۆنیست و چەند لایەنێکی دیکەی چەپ هاوپەیمانییەکیان بە ناوی هاوپەیمانیی چەپ پێکهێناوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا تەکەپە 32.7٪ی دەنگەکانی بردەوە؛ دەنگی هەدەپە لە دێرسم 28.2٪ بوو؛ جەهەپە 20.5٪ و ئاکپارتی 14.06٪ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا. هەروەها رێژەی دەنگەکانی مەهەپە 3.4٪ بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ