رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رۆژنامەڤان بەشدار بازیانی لەلایەن پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیرکرا؛ رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، ئەمشەو بە کەفالەت ئازاد دەکرێت.
چوارشەممە 5ـی شوباتی 2025، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەڤانان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ قوباد تاڵەبانی کرد و پێمگوت، خۆت کەفالەتی رۆژنامەڤان بەشدار بازیانی بکە و ئێمە وەک سەنتەری میترۆ دەچینە ژێر باری ئەوەی هەرکات وادەی دادگەییکردنی هات خۆمان لەگەڵی دێین و دەیبەینە بەردەم دادوەر."
رەحمان غەریب گوتی: "قوباد تاڵەبانی بەڵێنی پێدام هەر ئەمشەو ببێتە کەفیلی و بەشدار بازیانی بە کەفالەت ئازاد بکات."
بەگوێرەی سەنتەری میترۆ، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ رۆژنامەڤان بەشدار بازیانی داواكراوە سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار بكات، لێكۆڵینەوەی لەگەڵ كراوە پاشان دادوەری لێكۆڵینەوە بڕیاریداوە بە مانەوەی لە گرتووخانە تاوەکو 9ـی شوباتی 2025.
سەنتەرەکە دەشڵێت، لە یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007دا لە هیچ بڕگەیەكیدا باسی دەستبەسەركردن و دەستگیركردنی رۆژنامەڤانانی نەكردووە بە هۆی كارەكەیانەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، هۆکاری دەستگیرکردنی بەشدار بازیانی، بۆ کەڵەکەبوونی ئەو سکاڵایانە دەگەڕێتەوە کە لە دژی تۆمارکراون و پێشتر چەند جارێک ئاگادارکراوەتەوە بۆ ئەوەی بچێتە بەردەم دادوەر، بەڵام ئامادە نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ