رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبانی پارێزگای سلێمانی رایدەگەینێت، قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینە گرفتی سەرەکیی بەردەم پرۆژە ستراتیژییەکانی سێکتەری رێگەوبان بوون لە پارێزگاکەدا، کە بەهۆیانەوە چەند پرۆژەیەکی گرنگیان وەستاون. دەشڵێت، "لەساڵی 2024دا زیاتر لە 95٪ی رێگەی کەلار- دەربەندیخان تەواوکراوە و رێگەی 30 گوندیش قیرکراون."
ئەندازیار محەممەد جەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبانی سلێمانی میوانی پۆدکاستی مژار بوو لە رادیۆی رووداو و، لەبارەی پرۆژەکانی سێکتەری رێگەوبانی پارێزگاکە قسەی کرد.
ئەندازیار محەممەد دەڵێ "ساڵی رابردوو قەیرانی دارایی و نەبوونی نەختینە گرفتی زۆری بۆ پرۆژەکانمان دروستکردبوو. بەهۆی نەبوونی نەختینە و پارە، کارکردن لە بەشی زۆری پرۆژەکانمان تێیاندا راگیرا یان زۆر سست بووە."
"لە 2024ـدا ئیشی باش لە رێگەی کەلار - دەربەندیخان کراوە'
بەڕێوەبەری گشتیی رێگەوبانی سلێمانی دەڵێت، لە پرۆژە ستراتیژییەکانی سێکتەری رێگەوبان کە رێگەی نێوان شارەکانە؛ رێگەی کەلار-دەربەندیخان، ساڵی رابردوو ئیشی زۆر باشی تێدا کراوە و زیاتر لە 95٪ـی تەواوکراوە، تەنیا هێڵکاری و گادرێل و هێمای هاتووچۆی ماوە و هەوڵ بۆ ئەوەیە ئەم مانگە تەواو ببێت، ئێستاش رێگەکە لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە.
لەبارەی رێگەی باشماخ بۆ پێنجوێن، محەممەد جەلیل گوتی، رێگەی پێنجوێن - باشماخ، هەندێک کاری تێداکرا، بەڵام کۆتایی ساڵ کارکردن تێیدا سست بوو، بەڵێندەرەکە بەهۆی خەرجنەکردنی نەختینە، ناتوانێت کاری تێدا بکات، هەروەها رێگەی هیزۆپ - خەلەکان، لە مانگی 10ـی رابردووەوە کارکردن تێیدا دەستیپێکرد، بەڵام نەبوونی نەختینە ئەویشی راگرتووە، پڕۆژەکە 25 کیلۆمەترە و نزیکەی 45٪ـی جێبەجێکراوە، ئێستا 4 کیلۆمەتری ئامادەیە بۆ قیرکردن، بەڵام پارە بۆ بەڵێندەرەکە خەرجنەکراوە.
رێگەی دەربەندیخان - ناوتاق - زەڕایەن، درێژییەکەی 22 کیلۆمەترە و نیسانی ساڵی 2023 بەردی بناخەی بەگوژمەی 7 ملیار و 400 ملیۆن دینار دانرا.
بەڕێوەبەری گشتیی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبانی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، تاوەکو ئێستا 9 کیلۆمەتری ئەو رێگەیە قیڕکراوە و بەهۆی خەرجنەکردنی پارە، کارەکانی راگیراوە. ئەگەر گرفتی دارایی پرۆژەکە چارەسەر بکرێت 'تاوەکو مانگی ئەیلوول رێگەکە تەواو دەبێت.'
جگە لە پرۆژەکانی دروستکردنی رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکان، نۆژەنکردنەوەی شەقام و رێگەی نێوان شار و شارۆچکەکان، یەکێکی دیکە لە چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاوەدانکردنەوە و رێگەوبانی سلێمانییە.
بەڕێوەبەری فەرمانگەکە دەڵێت، لە نۆژەنکردنەوەی رێگەوبانە سەرەکییەکان دا، کاری نۆژەنکردنەوە و چاککردنی ئەم رێگەیانە کراوە؛ عەربەت - سەیدسادق؛ عەربەت – زەڕایەن هەروەها رێگەی سلێمانی- چەمچەماڵ. لەناوچە جیاجیاکانی سلێمانی و گەرمیانیش کاری نۆژەنکردنەوە رێگە سەرەکییەکان کراوە.
لەبارەی رێگەی گوندەکانەوە، ئەندازیار محەممەد جەلیل دەڵێت، لە ساڵی 2024ـدا توانراوە رێگەی 30 گوند لە سنووری پارێزگەی سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان قیرتاوبکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ