گالەری

رووداو مێرگەپان 

مێرگەپان، یەکێک لە گوندە ناودارەکانی ناحیەی سوورداش سەر بە قەزای دووکان و، لەم وەرزەدا بەهۆی گەڵا هەڵوەریوەکانەوە وەک تابلۆیەکی بەدەست نەخشێنراو دەردەکەوێت.
 
ئەو گوندە بەهۆی سرووشتە سەرنجڕاکێشەکەیەوە، یەکێکە لەو شوێنانەی هەرێمی کوردستان کە هەرچوار وەرزی ساڵ گەشتیاران رووی تێدەکەن، جیاواز لە شوێنە گەشتیارییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، مێرگەپان بە دیمەنی جوانی لە پاییزدا، دەناسرێت.
 
جۆرەها داری گەورەی وەک؛ دارگوێز، قەیسی و چنار کە گوندەکەیان تەنیوە، لە مانگی گەڵاڕێزاندا (تشرینی یەکەم) گەڵاکانیان وەریوە، ئێستاش بەشێکی زۆری باخەکانی مێرگەپانیان داپۆشیوە.
 
مێرگەپان، 30 کیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە، لە باکوور لەگەڵ گوندی ھەڵەدن، لە باشوور لەگەڵ گوندی بیرانی کانی قاز، لە رۆژھەڵات لەگەڵ گوندی قەمچووخە و لە رۆژئاواش لەگەڵ گوندی شەدەڵە ھاوسنوورە.