کوردستان
هاونیشتمانییەک لەبەردەم ماڵە رووخاوەکەیدا لە ساڵی 2017، کە بەهۆی بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.3 پلەی رێختەر، وێران ببوو
رووداو دیجیتاڵ
بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 4.7 پلەی ریختەر، ناوچەی داڵاهۆی لە پارێزگای کرماشان هەژاند و هێشتا نازانرێ زەرەر و زیانی هەبووە یان نا.
بەپێی راپۆرتی ناوەندی تۆماری بوومەلەرزەی زانکۆی تاران، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 4-6-2023) کاژێر 08:21ـی خولەک بە کاتی رۆژهەڵاتی کوردستان، بوومەلەرزەیەک لە شاری داڵاهۆ، لە رۆژئاوای پارێزگای کرماشان روویدا.
بەپێی ئەو راپۆرتە، بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 8 کیلۆمەتری زەوی و لە ناوەندی شارۆچکە گاوارە لە ناوچەی داڵاهۆ روویداوە.
نیو کاژێر دوای ئەو بوومەلەرزەیە، پاشلەرزەیەک بە گوڕی 4 پلەی ریختەر و لە قووڵایی 5 کیلۆمەتری زەوی دا، دیسان ناوچەی داڵاهۆی هەژاندەوە.
دامودەزگا پەیوەندیدارەکان تائێستا هیچ زانیارییەکیان لەسەر زەرەر و زیانەکانی بوومەلەرزەکە بڵاونەکردووەتەوە.
ژمارەی دانیشتووانی شاری داڵاهۆ 40 هەزار کەسە و 100 کیلۆمەتر لە شاری کرماشان دوورە.
ئەم بوومەلەرزەیە لەکاتێکدایە سەرۆکایەتیی کارەساتی لەناکاو و فریاگوزاریی تورکیا (ئافاد) بڵاویکردەوە، کاژێر 01:25 خولەکی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 4.2 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی شانگوش سەربە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان تۆمارکرا.
هەردوو پارێزگای کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئامەد لە باکووری کوردستان 974.8 کیلۆمەتر لەدووری یەکترن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ