گومرکی سنە: قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیمان 5.5 ملیار دۆلارە

04-05-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە دەڵێت، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە لە ساڵێکدا پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە؛ هەروەها بایی زیاتر لە سێ ملیار و 784 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە ترانزێت کراوە.
 
فەرامەرز ئومێدی، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە رۆژی هەینی 3ی ئایاری 2024 رایگەیاند، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی پارێزگاکە لە 21-03-2023 تاوەکو 21-03-2024، کە هەناردە و هاوردە و ترانزێتی کەلوپەل لەخۆدەگرێت، زیاتر لە پێنج ملیار و 500 ملیۆن دۆلار بووە.
 
فەرامەرز ئومێدی گوتی، لەو ماوەیەدا زیاتر لە یەک ملیۆن و 594 هەزار تۆن شتومەک، کە بایی زیاتر لە 831 ملیۆن دۆلار بووە، لە رێگەی گومرک و دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە هەناردە کراون، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر لەڕووی کێشەوە 12% و لەڕووی نرخیشەوە 17% زیادیکردووە.
 
فەرامەرز ئومێدی گوتیشی، هەروەها هەر لەو ماوەیەدا 115 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 672 ملیۆن دۆلار هاوردە کراون.
 
بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە ئاماژە بە ترانزێتکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای سنەوە دەکات و دەڵێت، لەو ساڵەدا دوو ملیۆن و 596 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە سێ ملیار و 784 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی باشماخەوە ترانزێت کراوە کە بەراورد بە ساڵی پێشتر 55% زیادیکردووە.
 
سەبارەت بە داهاتی گومرکی ئەو پارێزگایەش بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای سنە دەڵێت، 521 ملیار تمەن بووە، کە بەراورد بە ساڵی پێشتر بە رێژەی 9% زیادیکردووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە