رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای تورکیش ئێرلاین راگرتنی گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی تاوەکو 11ی ئەم مانگە درێژکردەوە.
هەندرێن هیوا موفتی، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: تورکیش ئێرلاین راگرتنی گەشتەکانی بۆ 11-04-2023 درێژکردەوە.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی داوای لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی عێراق کردووە "بەدواداچوون بۆ هۆکارەکەی بکات، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەداوینەتەوە."
کۆمپانیای تورکیش ئیرلاین، رۆژانە دوو گەشتی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی هەیە، یەکێکیان 10ـی شەوە و ئەوەی دیکەشیان 4ـی بەیانییە.
شەوی دووشەممە 3-4-2023، هەندرێن هیوا موفتى بە رووداوی راگەیاند: "لەلایەن کۆمپانیای تورکیش ئێرلاینەوە ئاگادارکراینەوە کە ئەو گەشتانەیان کە بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییە و کاژێر 10ـی شەو بوو، تاوەکو کۆتایی مانگ راگرتووە، ئەو گەشتەی دیکەیان کە چواری بەرەبەیان بوو تاوەکو 5ـی ئەم مانگە رادەگیرێن."
هەروەها کاروان یاروەیس، ئەندامی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییکردنی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا کۆبووەتەوە و بە نووسراوی فەرمی داوای روونکردنەوە و گرتنەبەری رێوشوێنی پێویستیان کردووە وەک لیژنەکەیان.
وەک کاروان یاروەیس دەڵێت، "بەپێی بەدواداچوونەکانمان هیچ کێشە و کەمورکورتییەکی هونەری و ئیداری لەلایەن فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە نییە و دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق ئەمەیان سەلماندووە."
"بڕیارەکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی تورکیاوە دراوە بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا و فەرمانیان پێکردوون هەموو گەشتێکی هاتن و رۆیشتن بەسەر ئاسمانی تورکیاوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی قەدەخە بکەن"، وەک ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت.
دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنیی عێراق، بەگوتەی ئەو ئەندامەی لیژنەی گواستنەوەی پەرلەمانی عێراق "لە هەوڵی جیدیدایە تا کێشەکە چارەسەر بکات و بە فەرمی داوای روونکردنەوەیان لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا کردووە، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەداوەتەوە."
سەبارەت بە هۆکاری راگرتنی گەشتەکانیش، شەوی رابردوو، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی گوتی: "ئێمە داوای روونکردنەوەمان کردووە، بەڵام هێشتا وەڵاممان نەدراوەتەوە، ناشزانین راگرتنی گەشتەکان بۆ چییە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقیمان ئاگادار کردووەتەوە."
لەبارەی راگرتنی گەشتی کۆمپانیاکانی دیکە بۆ تورکیا، هەندرێن هیوا موفتى گوتی: "هێشتا دیار نییە بڕیارەکە سەرجەم کۆمپانیاکانی دیکەش دەگرێتەوە یان تەنیا ئەو کۆمپانیایەیە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ