گالەری

رووداو دیجیتاڵ

لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، دوور لە کۆڕ و کۆبوونەوەی سیاسی، ئەمڕۆ شانۆگەرییەکی منداڵان پێشکێشکرا، پاڵەوانانی شانۆگەرییەکە و زۆربەی ئامادەبووانیش هەر منداڵ و مێرمنداڵان بوون.
 
شانۆگەریی "چارلی و کارگەی چۆکلاتە" لەلایەن قوتابخانەی نێودەوڵەتیی شوەیفاتی هەولێر و شوەیفاتی دریم سیتی رێکخرابوو، 125 قوتابیی تەمەن هەشت بۆ 15 ساڵی لەسەر شانۆ کۆکردەوە و وەکو ئاکتەر رۆڵیان لە شانۆگەرییەکەدا بینی کە ماوەکەی دوو کاژێر بوو.
 
شانۆگەریی "چارلی و کارگەی چۆکلاتە" لە جۆری سەركێشی، كۆمێدی، خێزانی، خەیاڵی و میوزیكاڵە. پاڵەوانی شانۆگەرییەکە کوڕێکە کە پلیتی گەشتێک بۆ نێو کارگەی شۆکۆلاتە بەدەستدەهێنێت و لەوێوە چیرۆکەکەی و سەرکێشییەکانی لەنێو کارگەی چۆکلاتەکە دەستپێدەکات.
 
قوتابییانی ئەو دوو قوتابخانەیە، ماوەی سێ مانگ راهێنان و ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشکێشکردنی ئەم شانۆگەرییە و بەرهەمی ماندووبوونی خۆیشیان بینییەوە کاتێک لەکۆتاییدا هەر 800 ئامادەبوو کە بۆ بینینیان هاتبوونە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا، چەپڵەڕێزانیان کردن.