لە شنگال دوای وەستانی شەڕ خەڵک دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە

04-05-2022
یوسف رابح
شنگال؛ لە گردبوونەوەیەکدا سەرکۆنەی شەڕی نێوان یەبەش و سوپای عێراق کرا
شنگال؛ لە گردبوونەوەیەکدا سەرکۆنەی شەڕی نێوان یەبەش و سوپای عێراق کرا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
بەشێک لە خەڵکی شنگال لە سنوونێ گردبوونەوەیەکی ناڕەزاییان کرد و داوایان کرد شەڕ لە ناوچەکەیان رابگیرێت، بەهۆی ئەو شەڕەی کە لەنێوان یەبەشە و سوپای عێراق دروستبووە، تاوەکو ئێستا 701 خێزان لە شنگالەوە ئاوارەبوونە. بەشێک لە کاسبکارانی شنگال دوای وەستانی شەڕ جارێکی دیکە دەستیان بە کار کردووەتەوە.
 
جەمال دەخیل، پەرستار بە رووداوی گوت، "ناو شار و گوندەکان جێگەی هێزەکانی سوپا نییە، بەڵکو ئەوان دەبێ لە دەرەوەی شار و گوندەکان بن، ئەوان دەبێ لەسەر سنوورەکان بن، لەبەر ئەوە بەڕاستی ئێمە تەنیا دەمانەوێ پۆلیسی فیدراڵ بە تەنیا لێرە بن، نەک هەموویان."
 
شەڕ و ئاڵۆزییەکانی چەند رۆژی رابردووی شنگال جگە لەوەی کە سەتان خێزانی ئاوارە کردووە، زیانێکی زۆریشی بە خەڵکی سنوورەکە گەیاندووە، چونکە بەهۆی شەڕەکەوە چەند رۆژێک دووکانداران و کاسبکاران نەیانتوانی کار بکەن.
 
موراد بەرەکات، دووکاندارە و دەڵێت، "شەڕی دوێنێ لەنێو ماڵەکاندا بوو، خەڵک زۆر ترسان، بەتایبەت ژن و منداڵ، کێشە لەنێوان هەردوولایان روویدا، ئێمە هیوادارین هەردوولا شەڕەکانیان لەنێو ماڵەکاندا دوور بخەنەوە."
 
بەهۆی ئەو ئاڵۆزییەی کە لە شنگال دروستبوو، شاندێکی باڵای عێراق کە لە سەرۆکی ئەرکانی سوپا و جێگری فەرماندەی پۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پێکهاتبوون، گەیشتنە شنگال، بەو هۆیەوە کەمێک شەڕەکە وەستا و دۆخەکە بەرەوە ئارامبوونەوە رۆیشت.
 
فەرحان قیرانی، دووکاندارێکی دیکەیە لە سنوونێ و باسی لەوە کرد، "لێرەش خەڵك ترسان و لە بازاڕ دوورکەوتنەوە، تەنیا ویستیان خۆیان رزگار بکەن، خەڵک دووکانەکانیان داخست و ترسیان هەیە کە جارێکی دیکە شەڕ دەستپێبکاتەوە."
 
بەهۆی ئەو شەڕەوە کە لەنێوان یەبەشە و سوپای عێراق روویداوە، تاوەکو ئێستا دوو کەس لە هەردوولا کوژراوە و شەش کەسیش برینداربوون. ئێستا دۆخەکە هێوربووەتەوە و شەڕ وەستاوە، بەڵام بەهۆی ئەو ئامادەباشییانەی کە لە هەردوولا هەیە، مەترسیی رووبەڕووبوونەوەی چەکداری لەنێوانیان دەکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە