رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین دیداری دکتۆر ئاراس لە دهۆک بە بەشداریی زیاتر لە 1000 گەنج، قوتابی و خوێندکار بەڕێوەچوو و تێیدا کۆمیونیتیی دکتۆر ئاراس راگەیێنرا، دکتۆر ئاراس لەو دیدارەدا گوتی؛ پرۆژەکەمان لە دهۆکەوە دەستپێکرد، "لەبەرئەوەی هەر پرۆژەیەک بناخەکەی لە دهۆک بێت 100٪ سەرکەوتوو دەبێت."
دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی، هەلێکە بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی تەندروستی و دەرفەتدان بە قوتابیان، گەنجان و خۆبەخشانی کوردستان بۆئەوەی زیاتر رۆڵی خۆیان ببینن و بەشداربن لە داڕشتنی بیرۆکەی بەرنامەکە بە پێی ئەو شوێن، کولتوور و ژینگە جیاوازانەی کە لێوەیەوە هاتوون.
پرۆژەی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی بەجۆرێکە کە قوتابیان، خوێندکاران و خۆبەخشان بەشداردەبن لە پلان، جێبەجێکردن، بەرهەمهێنان و دوای بەرهەمهێنانی بەرنامەکە تاوەکو دەگاتە هاونیشتمانییان. ئامانج لێی رەخساندنی هەلێکە بۆ قوتابیان و خوێندکاران بۆ ئەوەی نزیکتر لە خەڵک چالاکییەکانیان ئەنجامبدەن و پەیامەکانیان لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بگاتە زۆرترین کەس لە سەرتاسەری جیهان.
بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی گەنج، قوتابی و خوێندکارن و خانمان 58٪ـی بەشداربووانی کۆمیونیتییەکە پێکدەهێنن، هەروەها فۆڕمی ناوتۆمارکردن لە پۆرتاڵی رووداو بۆ دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی بەردەستە.
دیداری دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە هەریەک لە شار، شارۆچکە و قەزاکانی هەرێمی کوردستان پێشکێشدەکرێت، تاوەکو ئێستاش ژمارەی بەشداربووانی دکتۆر ئاراس کۆمیونیتی لە کوردستان گەیشتووەتە زیاتر لە 12 هەزار و 350 کەس کە تەنیا لە دهۆک زیاتر لە دوو هەزار و 900 کەس ناویان تۆمارکردووە.