کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: ناتوانین لە 25-2-2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین

03-01-2024
هەستیار قادر
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانى
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە نووسراو سەرۆکایەتیی هەرێمى کوردستان ئاگادار دەکاتەوە؛ ناتوانێت لە وادەی دەستنیشانکراوی مانگی شوبات، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەببات.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، بە تۆڕى  میدیایی رووداوى راگەیاند "ئەمڕۆ (چوارشەممە، 3-1-2024) کۆمیسیۆن نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کردووە، کە ناتوانێت لە 25ـی شوباتی 2024 کە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاری کراوە، هەڵبژاردن بەڕێوەببات."
 
عیماد جەمیل گوتى "هۆکارى ئەوەى کۆمیسیۆن ناتوانێت لەو وادە دیاریکراوەدا هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەببات، ئەوەیە؛ بەو ماوەیەى لەبەردەستییەتی، ناتوانێت رێکارەکانى دیکە تەواو بکات، کە لە خشتەى کارى کۆمیسیۆن هاتووە و فریا ناکەوێت، ئەویش بەهۆى یەکلانەبوونەوەى سکاڵاى دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە دژى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان."
 
دادگەى باڵاى فیدراڵى لە 21ـی کانوونى دووەمى 2024، دانیشتنێکى دیکە دەکات بۆ تاوتوێکردنى سکاڵایەک کە لە دژی یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان پێشکێش بە دادگەکە کراوە.
 
عیماد جەمیل  دەڵێت "دەبێت ئەو پرسە لە دادگە یەکلابکرێتەوە تاوەکو کۆمیسیۆن بزانێت بە فرەبازانە یان یەک بازنە هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبات، چونکە ئەو پرسە ئامادەکاریى دەوێت و رێکارەکانى جیاوازن."
 
سکاڵاکە لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراوە، یەکێک لەو ماددانەى تانەى لێدراوە تایبەتە بە شێوازى بازنەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان.
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ـی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق لەبارەی دیاریکردنی رۆژێکی دیکە بۆ هەڵبژاردنەکە، گوتی ئەمە "پێویستى بە کۆبوونەوەى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراقە، کە تاوەکو ئێستا وادەى ئەو کۆبوونەوەیە دیارینەکراوە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی رێگەکە کە پارێزگای هەولێر بڵاوی کردووەتەوە

پارێزگای هەولێر: دووسایدکردنی رێگەی کۆیە – هەولێر کەوتە واری جێبەجێکردنەوە

پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە گوژمەی زیاتر لە 560 ملیار دینار، پڕۆژه‌ی دووسایدی هه‌ولێر - كۆیه‌ كه‌وته‌ واری جێبه‌جێكردنەوە.