رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی رێکخراوی ئێزدینا بە رووداوی راگەیاند، بە گوێرەی زانیارییەکانیان لە چەند رۆژی رابردوودا سێ کوردی ئێزدی لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریاوە کوژراون، کە یەکێکیان ویستوویەتی بگەڕێتەوە عەفرین.
عەلی عیسۆ، سەرۆکی رێکخراوی ئێزدینا بە رووداوی راگەیاند، رۆژی دووشەممە 02-12-2024 کوردێکی ئێزدی بە ناوی ئەحمەد حیسۆ، کاتێک ویستوویەتی لە تەلڕەفعەتەوە بگەڕێتەوە عەفرین، لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنەوە تەقەی لێکراوە، بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە و هاوژینەکەشی بەناوی حەربیە جندۆ بریندارە و ئێستا لە نەخۆشخانەیە.
ئەحمەد حیسۆ، خەڵکی گوندی قیباری سەر بە شاری عەفرینە و لە 2018ـەوە ئاوارەی تەلڕەفعەت ببوو.
سەرۆکی رێکخراوی ئێزدینا دەڵێت، ئەو کوردە ئێزدییانەی لە دوای ئۆپەراسیۆنی چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ سەر عەفرین لە 2018 ئاوارەی ناوچەکانی شەهبا بوون، ئێستا دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بەڵام لەلایەن چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنەوە رووبەڕووی کوشتن و ئەشکەنجەدان دەبنەوە.
عەلی عیسۆ گوتی: "چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆن دەست لە کوردی ئێزدی ناپارێزن، رۆژی هەینیش کوردێکی ئێزدیان بەناوی مەمدوح بەکر عوسمان کوشتووە."
سەرۆکی رێکخراوی ئێزدینا، پێیوایە پاڵنەری پشت کوشتنی ئێزدییەکان لەلایەن ئەو چەکدارانە "نەتەوەیی و ئاینییە."
بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی ئێزدینا بەر لە 2018 نزیکەی 35 هەزار کورد لە حەلەب ژیاون، ئێستا تەنیا 5,000 کوردی ئێزدی لە سنووری پارێزگەی حەلەب ماون، کە 2,000یان هێشتا هەر لە عەفرینن.
لە دوای داگیرکردنی عەفرین، کوردی ئێزدی شارەکە روویان لە ناوچەکانی شەبا کرد، سەرۆکی رێکخراوی ئێزدینا دەڵێت دوای کەوتنی حەلەب ئاوارەکانی شەهباش بەشێکیان گەڕانەتەوە عەفرین، بەڵام ئەوانی دیکە روویان لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسود کردووە، یان چوونەتە ژێر دەسەڵاتی هەدەسە لە تەبقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ