گالەری

 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ پێنجشەممە فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
%50ی فێستیڤاڵەکە تایبەتە بە هەنار و ئەو بەرهەمە خۆماڵییانەی لەکاتی پێگەیشتندان، نیوەکەی دیکەی تایبەتە بە کاری دەستی و خواردنە کوردەوارییەکان و جگە لە هەنار، گوێزی هەورامان، توو، سرکە، هەنگوین، دۆشاو و بەرهەمەکانی دیکەی ناوچەکە نمایش دەکرێن.
 
هەناری هەڵەبجە بەنێوبانگە و نزیکەی نیوەی بەرهەمی هەناری هەموو کوردستان لەو پارێزگایەدایە. بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە دەڵێت، ساڵی رابردوو بەرهەمی هەناری هەڵەبجە نزیکەی 11 بۆ 12 هەزار تۆن بوو.
 
لە هەڵەبجە نۆ هەزار دۆنم زەویی باخی هەنار هەن، ئەگەر بەرهەم 100% بێت، ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن بەرهەم دەبێت.
 
فێستیڤاڵی هەنار ساڵی رابردوو 24 و 25ی ئۆکتۆبەر بەڕێوەچوو. بەگوێرەی خەمڵاندنی ئامادەکارانی فێستیڤاڵی هەنار لە ساڵی 2022، زیاتر لە 200 هەزار کەس سەردانی فێستیڤاڵەکەیان کرد و ئەم ساڵ پێشبینی دەکەن، هەمان ژمارە یان زیاتر سەردانی فێستیڤاڵی هەنار لە هەڵەبجە بکەن.