رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی شێخی خانەقای تەوێڵە بە وەرگرتنی سێ ملیۆن دۆلار لەلایەن پارتییەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی خانەقاکە تۆمەتبارکرا، روونکردنەوە دەدات و دەڵێت، هیچ لایەنێک هاوکاریی نەکردوون، پارەکەش بەتەواوی کۆنەکراوەتەوە، "هەر لایەن و حیزبێکیش بەبێ مەرج هاوکاریی خانەقای تەوێڵە بکات، قبووڵی دەکەین."
شێخ عەلی شێخ حسامەدین، شێخی خانەقای تەوێڵە لەلایەن خزمێکی خۆیەوە بە وەرگرتنی پارە تۆمەتبارکرابوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "قسەکانی ئەحسەن جەمال شێخ عوسمان سیراجەدین نەقشبەندی رەتدەکەینەوە، پارەمان لە هیچ لایەنێکی سیاسی بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وەرنەگرتووە، بەڵام هەر لایەنێک بەبێ مەرج هاوکاریی خانەقا بکات، قبووڵی دەکەین و رەتی ناکەینەوە."
وەکو شێخەکەی خانەقای تەوێڵە باسی کرد، بەپێی ئەو دیزاینەی لەلایەن ئەندازیار راغب کونش گوکچەوە دانراوە کە ئەندازیارێکی تورکە و لە تورکیا دادەنیشێت، "تێچووی نۆژەنکردنەوەی خانەقاکە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار دەبێت."
خانەقای تەوێڵە بە گوتەی شێخ عەلی، تاوەکو ئەوان بمێنن "بێجگە لە شوێنی خواپەرستی و دینداری، نابێتە شوێنی هیچ چالاکییەکی دیکە و بۆ هیچ مەرامێک بەکارناهێندرێت." دەشڵێت، "بەداخەوە هەرچەندە من لە ژیانمدا نەشمبینیوە" بەڵام دەیبیستن کە شێخ ئەحسەن ماوەیەکە لەڕێگەی فەیسبووکەوە هێرش دەکاتە سەر خزم و کەسەکانی.
لە چەند رۆژی رابردوو کێشە لەنێوان خانەقای تەوێڵە و دووکاندارەکان دروستبوو، شێخ عەلی گوتی، "ئەمڕۆ [شەممە 2-10-2021]لەگەڵ دووکاندارەکان کۆبووینەوە و کێشەکەمان بەتەواوی چارەسەرکرد و رەچاوی گوزەرانی دووکاندارەکانمان کرد."
چارەسەری کێشەی دووکاندارەکان بەشێوەیەک بووە کە خەمڵاندن بۆ نرخەکانیان کراوە، شێخ عەلی دەڵێت، "دووکانەکان هەرچەندە مووڵکی خانەقا بوون، بەڵام لەبەرئەوەی لەدوای راپەڕینەوە کاری تێدا دەکەن و چەند جارێک نۆژەنیان کردووەتەوە، هەر 31 دووکانەکەمان بە 200 هەزار دۆلار خەمڵاند کە نرخەکەی خۆی 400 هەزار دۆلارە و پارەکە لە نۆژەنکردنەوەی خانەقاکەدا خەرج دەکەین."
ئەو سێ ملیۆنەی کە بۆ نۆژەنکردنەوەی خانەقاکە پێویستە، بە گوتەی شێخ عەلی، "بەشێکی کۆکراوەتەوە، ئەوەش لەلایەن شوێنکەوتووان و موریدانی خانەقاکە و ئەوانە بووە کە حەز دەکەن خانەقای تەوێڵە ئاوەدان بێت، جگە لەوە هیچ حیزب و لایەنێک هاوکاریی نەکردووین، بەڵام پارتی و هەموو لایەنەکانی دیکە لەڕووی مەعنەوییەوە هاوکارمان بوون، ماددیش رەتناکەینەوە، بەڵام بەبێ مەرج."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ