رووداو دیجیتاڵ
هێزێکی زۆر لە گەڕەکی رەحیم ئاوای کەرکووک بڵاوەی پێکراوە و تەقە لە خۆپێشاندەران دەکرێت. خۆپێشاندەرێکیش ناسنامەی گەنجێک ئاشکرا دەکات کە گولـلە بەر سەری کەوتووە و لە ئەنجامدا گیانی لەدەستداوە.
سەرباری ئەوەی قەدەخەی هاتووچۆ لە کەرکووک راگەیێندراوە، خۆپێشاندان لەو شارە بەردەوامە و هێزێکی ئەمنی زۆر لەنێو گەڕەکە کوردنشینەکان بڵاوەی پێکراوە و تەقە لە خۆپێشاندەران دەکرێت.
هەردی محەممەد، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان تا دێت لە گەڕەکە کوردنشینەکان زیاتر دەبن. تەقە لە خۆپێشاندەران دەکرێت و کەمێک پێش ئێستاش خۆپێشاندەرێک کوژرا و یەکێکی دیکەش بریندار بوو کە هەردووکیان کوردن".
خۆپێشاندەرێک لە گەڕەکی رەحیم ئاوای کەرکووک ناسنامەی کوژراو و بریندارەکە بۆ رووداو ئاشکرا دەکات و دەڵێت، "خۆپێشاندەرێکی کورد بە ناوی محەممەد عەدنان بریندار بووە و گەنجێکی دیکەش بە ناوی هەڤاڵ ستار فیشەکێک بەر سەری کەوتووە و گیانی لەدەستداوە".
ئامۆزایەکی هەڤاڵ ستار بە رووداوی گوت، "کەمێک پێش ئێستا لە گەڕەکی رەحیم ئاوا گولـلەیەک بەر سەری هەڤاڵ کەوت و گیانی لەدەستدا" و دەشڵێت، "هەڤاڵ ستار وەکو هەموومان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی هاتبووە سەر شەقام".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ