رووداو دیجیتاڵ
لاهوور شێخ جەنگی سەرۆکایەتیی تیمی بانگەشەی هەڵبژاردنی لیستی بەرەی گەل بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات و خۆیشی سەرۆکی لیستەکە دەبێت لە بازنەی سلێمانی. سەرچاوەیەک لە بەرەی گەل دەڵێت، لیستەکە 115 بەربژێری هەیە.
لەنێو بەربژێرەکاندا هەریەک لە عەدنان عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووتری بزووتنەوەی گۆڕان، پێشڕەو حەمەجان، یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، دکتۆر توانا محەممەد نەجم (دکتۆر توانای نەخۆشخانەی هیوا) و چەندین کەسی دیکە بەربژێرن.
بەرەی گەل لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەشداری خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکات.
بەپێی سەرچاوەیەکی باڵای بەرەی گەل بۆ رووداو، لیستەکە لە بازنەی هەولێر 40 بەربژێر، لە بازنەی سلێمانی 56 بەربژێر، لە پارێزگای دهۆک 17 بەربژێر و لە پارێزگای هەڵەبجەش دوو بەربژێری هەیە.
سەرۆکی لیستی بەرەی گەل لە سلێمانی لاهوور شێخ جەنگی دەبێت، لە هەولێریش شادومان مەلا حەسەنی ئەندامی پێشووی سەرکردایەتیی یەکێتی، لە دهۆکیش زکری زێباری، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان.
لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای ناکۆکییەکانی 8ـی تەممووزی 2021 نێو حیزبەکە لە یەکێتی دوورخرایەوە.
رۆژی 10ـی حوزەیرانی 2024 بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاری کراوە.
دوو هاوپەیمانی، 10 پارتی سیاسی و 53 بەربژێر لیست و ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لەو هەڵبژارنەدا پێشکێشکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان دیارترینی ئەو لایەنانەیە کە لیستی ناوی بەربژێرانی پێشکێش نەکرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ