رووداو دیجیتاڵ
لە بازدانێکی گەورەی میدیایی و تەکنەلۆجی، دێسکی ژیریی دەستکردی رووداو نوێترین پڕۆژەی رادەگەیێنێت کە خوێندنەوەی هەواڵەکانی ماڵپەڕی رووداوە بە دەنگ. بۆ ئەوەش بەتەواوی پشت بە ژیریی دەستکرد بەستراوە.
رووداو بە چوار زمان و دوو شێوەزاری زمانی کوردی بەرهەمەکانی بڵاودەکاتەوە. لە هەر زمان و شێوەزارێک بە تایبەتمەندیی خۆیان دەنگ بۆ خوێندنەوەی هەواڵەکان زیادکراوە.
لە شێوەزاری کورمانجیی خواروو (سۆرانی) خوێنەران و سەردانیکارانی رووداو دەتوانن بە دەنگی شاهۆ ئەمین، پێشکێشکاری بەنێوبانگی رووداو گوێ لە هەواڵەکان بگرن.
"چاوتان پشوو پێ بدەن و گوێ بگرن،" درووشمی ئەم پڕۆژەیەی رووداوە کە وادەکات خوێنەران ئاسانتر و وردتر لە هەواڵەکان تێبگەن.
رووداو بەم هەنگاوە دەبێتە یەکەم میدیای کوردستان و جیهان کە بۆ خزمەتگوزاریی خوێندنەوەی هەواڵەکانی بە زمانی کوردی بەتەواوی پشت بە ژیریی دەستکرد ببەستێت. هەروەها ئەمە یەکەم جارە بەو کوالێتییە خوێندنەوەی نووسینی کوردی لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە دەکرێت.
بڕوا کیانی، بەڕێوەبەری رووداو دیجیتاڵ لەبارەی پڕۆژەکەوە رایدەگەیێنێت، خوێنەرانی رووداو هەمیشە شایەنی نوێگەری و ئاشنابوونن بە نوێترین خزمەتگوزارییە هەواڵییەکان، ئەم پڕۆژەیەش هەنگاوێکی دیکەی رووداوە بۆ بەرەوپێشبردنی کوالێتیی هەواڵ و گەیاندنی بە ئاسانترین شێوە بە خوێنەر و سەردانیکارانی ماڵپەڕەکەی.
ئەو پڕۆژەیەی رووداو بەتەواوی پشتی بەستووە بە دەستی خۆماڵی و کارەکە لەلایەن دیڤلۆپەرانی رووداوەوە پەرەی پێدراوە.
کاروان خالید، دیڤلۆپەری رووداو و ئەندامی تیمی دێسکی ژیریی دەستکردی رووداو کۆدچنینی بۆ سیستمەکە کردووە.
لەم بارەیەوە، هەژار برنجی، بەڕێوەبەری تەکنیکی رووداو دەڵێت، ''هەوڵ دەدەین لە داهاتووشدا هێزی ژیریی دەستکرد بۆ شەڕی هەواڵی ساختە ئامادە بکەین.''
ئێستا لە ماڵپەڕی تۆڕی میدیایی رووداو خزمەتگوزارییەکە بەردەستە و خوێنەران دەتوانن لە رێگەی ئەم خزمەتگوزارییەوە لەبری خوێندنەوەی تێکست، گوێ لە دەنگی هەواڵەکان بگرن، کە بە ژیری دەستکرد زیادکراوە.
ئەمڕۆ شەممە 02-03-2024، هەژار برنجی، بەڕێوەبەری بەشی تەکنیکیی تۆڕی میدیایی رووداو لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی نووڕۆژ کە نالین حەسەن و زانا کایانی پێشکێشیان کرد، لەوبارەوە رایگەیاند، ''ئەم خزمەتگوزارییە یەکەم بەرهەمی تیمی ژیریی دەستکردی تۆڕی میدیایی رووداوە.''
هەژار برنجی گوتی، "یەکەم هەنگاومان لە تیمەکەدا ئەوە بووە کە لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە نووسین (تێکست) بکەین بە دەنگ، ئەم خزمەتگوزارییەش بۆ ئەو کەسانەیە کە سەردانی ماڵپەڕی رووداو دەکەن، بەڵام کاتیان نییە هەواڵەکان بخوێننەوە یان چاویان کێشەی هەیە؛ ئەوکات هەواڵەکە بە دەنگ بۆ سەردانیکاران تۆمار دەکرێت''.
وەک بەڕێوەبەری تەکنیکیی تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەیدا، ئەمە یەکەم جارە لە جیهان لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە خزمەتگوزارییەکە بۆ زمانی کوردی دەخرێتەڕوو، گوتیشی، ''پێشتر بە زمانەکانی ئینگلیزی، عەرەبی، فەڕەنسی و ئەڵمانی لە جیهاندا هەبوو، بەڵام کەس نییە بەرژەوەندیی کورد لەبەر چاو بگرێت، بۆیە دەبوایە خۆمان هەندێک کاری خۆمان بکەین، ئێمە لەوباوەرە دواکەوتبووین''.
ئێستا بۆ هەواڵی کرمانجیی خواروو (سۆرانی) لە ماڵپەری رووداو، خزمەتگوزارییەکە بە دەنگی شاهۆ ئەمین، پێشکێشکاری دیاری ئەو میدیایە، هەروەها هەواڵی کرمانجیی سەرووش بە دەنگی زۆزان چەتین، کارمەندی رووداو بەردەستە.
هەژار برنجی لەوبارەوە دەڵێت، ''لە داهاتوودا دەکرێ دەنگی بێژەرانی دیکەی تۆڕی میدیایی رووداویش بۆ خوێندنەوەی تێکستی هەواڵەکان لەم خزمەتگوزارییەدا زیاد بکرێت.''
بەڕێوەبەری تەکنیکیی رووداو ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەن کە بتوانن لە داهاتوودا هێزی ژیریی دەستکرد بۆ شەڕی هەواڵی ساختە ئامادە بکەن، ''تاوەکو ئێستا ئەم خزمەتگوزارییە ئامادە نییە، بەڵام بە هەموومانەوە کاری لەسەر دەکەین.''
هەژار برنجی جەختی لەوە کردەوە، چەند کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان هەن کە لە بواری ژیریی دەستکردەوە کار دەکەن، ''بەڵام بۆ ئێمە گرنگ بوو کە ژێرخانی کارەکە لە نێو خۆماندا (تۆڕی میدیایی رووداو) بێت، ئەمە یەکەم هەنگاو بوو و هێشتا زۆر کاری دیکە ماوە کە دەبێ تیمی ژیریی دەستکردی رووداو بیکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ