رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی دەڵێت، ئەو کچەی هێرش کراوەتە سەری "لە رۆژی رووداوەکەوە دیار نییە" و نازانرێت بۆ کوێ رۆیشتووە. دەشڵێت، دوو کچ لە شوێنی رووداوەکە بیندراون، بەڵام تەنیا یەکێکیان رووبەڕووی هێرش بووەتەوە.
رۆژی 30-12-2022 تۆمارێکی ڤیدیۆیی بڵاوکرایەوە، تێیدا دەردەکەوێت لە هوانەی سلێمانی کۆمەڵێک گەنج هێرش دەکەنە سەر کچێک.
سەركەوت عومەر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی ئەمڕۆ دووشەممە 02-01-2023 لەمیانی بەشداربوونی لە بوولتەنی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، کە هەوراز گوڵپی و سوورەیا هەساری پێشکێشی دەکەن، گوتی، "ئەو کچەی هێرشکراوەتە سەری لە رۆژی رووداوەکەوە نادیارە و نازانرێت لە کوێیە." دەشڵێت، "بڵاوکردنەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی رووداوەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کێشەکەی گەورەتر کردووە و یەکێکە لە هۆکارەکانی دیارنەمانی ئەو کچە."
پێشتر سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە رووداوی گوتبوو، 16 کەس بەهۆی رووداوەکەوە دەستگیرکراون و لەسەر بنچینەی مادەی 413ی سزادانی عێراقی دۆسیەی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە.
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی گوتی، "تەنیا چوار کەس لەوانەی دەستگیرکراون تۆمەتباری سەرەکین و ئەوانی دیکە ئەوانەن کە قسەی پێدەڵێن و هاوار دەکەن."
سەرکەوت عومەر گوتیشی، "ئەو سزایانەی لە مادەی 413 دیاریکراون زۆر نین، بەڵام ئەگەر کچەکە دەربکەوێتەوە و سکاڵا تۆمار بکات دادوەر سزاکە دەگۆڕێت، لەبەر ئەوەی ئەو زیانەی بەر ئەو کچە کەوتووە زۆرە و دەکرێت تاوانبارەکان سزای قورستر بدرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ