گالەری

رووداو دیجیتاڵ

سێ قوتابی لە دواقۆناخی پێشبڕکێی بیرکاری دەزگای روانگە کە بە هاوبەشی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بەڕێوەچوو، خۆیان و قوتابخانەکانیان خەڵات کران.
 
لە پێشبڕکێی بیرکاری کە ئەمڕۆ (سێشەممە، 1-8-2023) دوا قۆناخی بەڕێوەچوو، محەممەد ئەیووب بە 48 خاڵ یەکەم بوو ناسناوی پاڵەوانی بیرکاریی دەزگای روانگەی بەدەستهێنا، محەممەد هێمن بە 44 خاڵ بووە براوەی دووەمی پێشبڕکێکە و مافیار محەممەد، بە 15 خاڵ ناسناوی سێیەمی پێشبڕکێی بیرکاری دەزگای روانگەی بەدەستهێنا.
 
ئەمساڵ لە هەولێر 392 قوتابی لە سەرجەم قوتابخانەکاندا بەشدارییان لە پێشبڕکێکەدا کردبوو بۆ بەدەستهێنانی ناسناوی "پاڵەوانی بیرکاری"، لە قۆناخی یەکەمدا 63 قوتابی سەرکەوتوو بوون، لە قۆناخی دووەمیدا شەش قوتابی سەرکەوتوو بوون کە ئەمڕۆ لە قۆناخی سێیەم و کۆتاییدا کێبڕکێیان لەسەر ناسناوەکە دەکرد.
 
خەڵاتی یەکەم بریتی بوو لە 2000 دۆلار بۆ پاڵەوانی بیرکاری، خەڵاتی دووەم  هەزار و 500 دۆلار بوو بۆ براوەی دووەم و براوەی سێیەمیش هەزار و 250 دۆلاری پێ بەخشرا.
 
جگە لە خەڵاتکردنی قوتابییەکان، دەزگای روانگە قوتابخانەکانی هەر سێ قوتابیی بە هەمان ئەو بڕە خەڵات کرد، کە سێ قوتابییە سەرکەوتووەکەی پێ خەڵات کردبوو.