گالەری

رووداو دیجیتاڵ

ئاگرەکەی بازاڕی چەلێی دهۆک کوژێندرایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا زیانەکان بە وردی و هۆکارەکەی روون نییە. کاسبکاران دەڵێن، بەرگریی شارستانی درەنگ گەیشتووەتە شوێنی رووداوەکە. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیش دەڵێت، زیاتر لە هەزار دووکانیان لە سووتان رزگار کردووە.
 
ئاگرەکە نزیک کاژێر 03:30ـی بەیانی ئەمڕۆ 01ـی نیسانی 2024 کەوتەوە. 
 
عەمید حەسەن خورشید، بەڕێوەبەری بەرگری شارستانیی دهۆک ئەمڕۆ کاژێر 8:30 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە نێوان 140 بۆ 150 دووکان و 20 کۆگە سووتان، بەڵام ئاگرەکە زیانی گیانی نەبووە و ئەوەی هەبووە چەند کەسێک بەهۆی هەناسەتەنگییەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراون.
 
هونەر رەشید و حەیدەر دۆسکی، پەیامنێرانی رووداو کە نزیکەی پێنج کاژێر رووماڵی رووداوەکەیان کرد، چەندین دووکانداریان دوواند. ئەو کاسبکارانە گوتیان، بەهۆی هاتنی جەژنی رەمەزانەوە هەموویان کەلوپەلی زیاتریان بردبووە دووکانەکانیان، هەربۆیە زیانی مادیی زۆریان بەرکەوتووە.
 
زۆرینەی دووکانەکان دووکانی جلوبەرگن؛ جلوبەرگی منداڵان و ئافرەتان. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک دەڵێت، هۆکاری زوو تەشەنەکردنی ئاگرەکە داپۆشینی کەرەستەی دووکانەکان بووە بە پەڕۆ.
 
چەند دووکاندارێک بە رووداویان گوت، ئەوان لە ماڵەوە گەیشتوون، بەڵام بەرگری شارستانی نەگەیشتووە. کاسبکارێکیان گوتی، "ماڵم لە گەڕەکی ماڵتایە و بە 15 خولەکە گەیشتمە ئێرە، سوێند بەخودا بەرگری شارستانی زوو بهاتایە ئاگرەکە کۆنترۆڵ دەکرا. من گەیشتم و دواتر ئەوان هاتن".
 
جگە لەو ژمارە دووکانەی سووتاون، دووکانەکانی دەوروبەریشیان زیانیان بەرکەوتووە. خاوەن دووکانێک لە نزیک رووداوەکە بە رووداوی گوت، کەرەستەکانی دووکانەکەی لە ترسی ئاگردا بردووەتە دەرەوە، بەڵام بەهۆی ئاوی بەرگریی شارستانی و چوونە سەر کەرەستەکان بەپێ لەلایەن خەڵکەوە لەکاتی کوژانەوەی ئاگرەکەدا، هەموو کەلوپەلەکانی تێکچوون و ناتوانێت بیانفرۆشێت.
 
کاسبکارێکی دیکەی بە گریانەوە بۆ پەیامنێری رووداو قسەی کرد و گوتی، نزیکی "نیو ملیۆن دۆلار" جلوبەرگ و کەرەستەی جیاوازی لە دووکانەکەیدا لەنێوچووە کە نیوەی کەلوپەلەکانی بۆ جەژنی رەمەزان بردووە.
 
دووکاندارێکی دیکە بۆ پەیامنێری رووداو قسەی کرد و گوتی، کەلوپەلەکانی بردووەتە دەرەوە رزگاریان بکات لە سووتان، بەڵام بەشێکی لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە "دزراون".
 
عەمید حەسەن خورشید گوتی، بازاڕەکە میلـلییە و دەبێت رێکبخرێتەوە؛ گوتیشی، لە رابردووشدا رووداوی هاوشێوە لەو بازاڕەدا هەبووە.
 
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دهۆک ئاماژەی بەوەشکرد، پاسەوانانی بازاڕەکە دەڵێن، شۆرتی کارەبا هۆکاری ئاگرەکە بووە، بەڵام لیژنەیەک بۆ زانینی هۆکاری راستەقینەی ئاگرەکە و زیانەکانی بە ئەندامیێتی شارەوانی، تەندروستی، چاودێری بازرگانی و چەند لایەنێکی دیکە پێکدەهێنن.
 
هەروەها بێوار عەبدولعەزیز، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک بە رووداوی گوت، 360 کارمەندی بەرگریی شارستانی دهۆک و، بنکەکانی دەوروبەری شارەکە و ژمارەیەک خۆبەخشیش و فەرمانگەکانی دیکەی سنوورەکە بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هاوکارییان کردوون.
 
جگە لە بەشداربوونی 24 تیمیان، بەرگری شارستانیی دهۆک لە رێگەی هێلیکۆپتەریشەوە ئاوی بەسەر ئاگرەکەدا رژاند بۆ زوو کوژاندنەوەی.
 
بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، کاژێر 03:43 ئاگرەکە "زۆر گەورە" بووە و بە ماوەی سێ کاژێر و 20 خولەک کۆنترۆڵکراوە، ئەوانەی تووشی هەناسەتەنگیش بوون هەشت هاووڵاتی و سێ کارمەندی بەرگری شارستانین و تەندروستیان باشە.
 
پەیامنێرانی نووسینگەی دهۆکی تۆڕی میدیایی رووداو کە زیاتر لە پێنج کاژێر رووماڵی رووداوەکەیان کرد، دەڵێن کۆڵانی تەنگی بازاڕەکە و رووخانی بەشێکی سەقفی بازاڕە سێ نهۆمییەکە هۆکارێکی دواکەوتنی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بووە.
 
ئاگرکەوتنەوە لەو بازاڕەی دهۆک لەکاتێکدایە، ئێوارە27ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ، ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە. دوای رووداوەکە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە 166 دووکان سووتاون و نزیکەی 20 دووکانیش بەهۆی سووتانی دووکانی تەنیشتیانەوە زیانیان بەرکەوت.
 
راپۆرت؛ سۆران حوسێن