پاشماوەی بۆمب و تەقەمەنییەکانی داعش لە شنگال مەترسیی لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە

01-04-2022
یوسف رابح
پاشماوەی بۆمب و تەقەمەنییەکانی داعش لە شنگال مەترسیی لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە
پاشماوەی بۆمب و تەقەمەنییەکانی داعش لە شنگال مەترسیی لەسەر ژیانی خەڵک دروستکردووە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

تاوەکو ئێستا پاشماوەی بەشێک لە بۆمب و تەقەمەنییەکانی شنگال کە پاشماوەی شەڕی داعشن، پاککنەکراونەتەوە، ئەوەش مەترسیی لەسەر ژیانی دانیشتووانی شنگال دروستکردووە.
 
ئەیمەن فارووق، یەکێکە لەو کەسانەی کە بەهۆی بۆمبەوە دەستێکی بڕاوەتەوە و تاوکو ئێستا پاشماوەی برین بە جەستەیەوە دەبینرێت. ئەو تەمەنی 18 ساڵە و قوتابییە لە پۆلی نۆ و بە رووداوی گوت، "لە ساڵی 2015 بۆمبێک پێمدا تەقییەوە و بەوهۆیەوە دەستێکم بڕایەوە، قاچم پڕ بووە لە ساچمە، چارەسەرەکەم تەنیا لە دەرەوەی وڵاتە. ئەوە شەش ساڵە ئەوە حاڵمە، بە حەبی مسەکەن خۆم راگرتووە و هەر سێ کاژێر جارێک حەبێک دەخۆم، تووشی کێشەی دەروونیش بووم و تاوەکو ئێستا هیچ هاوکارییەک نەکراوم."
 
خێزانی ئەیمەن دانیشتووی کۆمەڵگەی تل قەسەبن لە باشووی چیای شنگال، ئەوان باس لەوە دەکەن، ئەیمەن بەهۆی ئەو دۆخەی تێیکەوتووە زۆر جار تووشی کێشەی دەروونی بووەتەوە، چونکە ئەگەر بەهۆی چوون بۆ قوتابخانەوە نەبێت، ئەو ناتوانێت لە ماڵ بچێتە دەرەوە.
 
لەیلا رەشۆ، دایکی ئەیمەنە و باسی لەوە کرد، "ئێمە سوپاسی هەر کەسێک دەکەین کە بتوانێت هاوکاریی ئەیمەن بکات، دەستێکی بڕدراوەتەوە و 50 پارچە پاشماوەی چەک و ساچمە لە لەشی ماوەتەوە، ئەگەر بە حەب نەبێت تەنانەت ناتوانێت بچێتە قوتابخانەش."
 
بەگوێرەی گوتەی پزیشکانی پسپۆڕ، لەڕووی زانستییەوە نابێت دەستکاریی ئەو پاشماوە جەنگییانە بکرێت کە لە لەشی ئەیمەندان، ئەگەریش ئەو کارە بکرێت، ئەوە دۆخی تەندروستیی خراپتر دەبێت.
 
موعەنا سالم محەممەد، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتیی بە رووداوی گوت، "لە ئەنجامی تەقینەوەی بۆمبێک بە ئەیمەن لە ساڵی 2015، دەستێکی بڕاوەتەوە و کاریگەریی بۆمبەکە بەسەر دەست و قاچییەوە ماوە. لەڕووی زانسییەوە ئەگەری هەیە پاشماوەی بۆمبەکە لە قاچییدا مابێت، شێوازی دەرهێنانی پاشماوەی بۆمبەکە لە قاچی بە رێگەیەکی زانستی نەبووە."
 
هەموو هەوڵی ئەیمەن ئەوەیە کە لەلایەن وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتییەوە موچەیەکی مانگانەی بۆ ببڕدرێتەوە، ئەوەش تەنیا لەبەر ئەوەی کە بتوانێت چارەسەری تەندروستیی خۆی پێبکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە