رووداو- هەولێر
داعش ناو و وێنەی پلاندانەرە خۆکوژەکانی لە مەخموور و باقرت بڵاودەکاتەوە و بەگوتەی رێكخراوەكە یەكێك لە خۆكوژەكان كورد بووە.
شەوی رابردوو 31-3-2016 ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هاتووچۆی مەخموور تەقییەوە، جگە لەوەی داعش چەند ئۆتۆمبێلێکی دیکە بە سەنگەرەکانی پێشمەرگەدا لە باقرت تەقاندەوە، كە بەهۆیانەوە ژمارەیەك پۆلیس و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون.
دوای تەقینەوەکان داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە راگەیاند و یەکێک لە خۆکوژەکانی بۆ ئەو کردەوانە بەکارهێناوە کوردێکە بەناوی "ئەبو عوبەیدە ئەلکورد"یە.
داعش لە پێگەکانی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناو و وێنەی سەرجەم پلاندانەر و خۆکوژەکانی بڵاوکردەوە، کە بریتیین لە ''ئەبو عەلی ئەلئەنساری، ئەبو محەممەدی شامی، ئەبو قەتادە ئەلئەنساری، ئەبو دەجانە ئەلئەنساری، ئەبو عەبدلومەلیک ئەلشامی، ئەبو عوبەیدە ئەلکوردی''.
ئاری سەباح، بەڕێوەپەری پۆلیسی هاتووچۆی مەخموور بە پەیامنێری رووداوی گوت "تەقینەوەكە كاژێر 9:25 خولەكی شەوی رابردوو بووە. ئۆتۆمبێلەکە لە جۆری پرادۆ بووەو بە سایدی پێچەوانە بەرەو بنكەی پۆلیس هاتووە، بۆیە دوو ئەفسەری بنكەكه پرسیاریان لێكردووە، لەو كاتەشدا دوای 7 چركە، ئۆتۆمبێلەكە تەقیوەتەوە".
لەبارەی وردەكاری هێرشەكان، پەیامنێری رووداو گوتی "لە باقرت چوار ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی داعش بەرەو سەنگەرەكانی پێشمەرگە هاتوون، ئەو شوێنەش ساتری پێشمەرگەی لێ نییە. ئۆتۆمبێلی یەكەم، كە ئەوەیان بووە لە مەخموور خۆی تەقاندووەتەوە، قسەی لەگەڵ پێشمەرگەكان كردووە و خۆی بە هەواڵگری عێراق ناساندووە، دواتریش سێ ئۆتۆمبێلەكەی دیكە نزیكبوونەتەوە، لەو كاتەشدا یەكێكیان خۆی تەقاندووەتەوە، ئەوەش دەرفەتی داوە بە ئۆتۆمبێلی یەكەم تێپەڕێت. سێ ئۆتۆمبێلەكەی دیكەش لە سەنگەرەكەی پێشمەرگە لە باقرت یان خۆیان تەقاندووەتەوە، یان لەلایەن پێشمەرگەوە تەقێندراونەتەوە".
پەیامنێری رووداو زیاتر گوتی "ئەو ئۆتۆمبێلەی داعش لە بازگەی دووەمی پێشمەرگە گوتویەتی هەواڵگری عێراقییە و برینداری پێیە، بەهۆی ئەوەی دەنگی تەقینەوە بیستراوە لە بازگەی یەكەمی پێشمەرگە، بۆیە بە ئاسانی بەڕێكراوە".











