سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا: گفتوگۆی کوردی- کوردی دەبێتە سەرەتایەک بۆ دیالۆگێکی سووریی فراوانتر

18 کاژێر له‌مه‌وپێش
راوین ستێرک
راوین ستێرک
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هادی بەحرە.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هادی بەحرە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەڵێت، هەندێک رێکخراو لە سووریا هەن پەیوەندییان بە رێکخراوگەلێکەوە هەیە لە تورکیا بە تیرۆریست ناسراون، "کاتی ئەوە هاتووە هەموو هێزە بیانییەکان لە خاکی سووریا بکشێنەوە.. دەبێت هەموو پەیوەندییەک لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنرێت.. [چونکە] پەکەکە رێکخراوێکی سووری نییە، بەڵکو رێکخراوێکی تورکییە."
 
هادی بەحرە، سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە هەڤپەیڤینێكی تایبەت لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا دەڵێت: "حکومەتی راگوزەر هەموو پێکهاتە، لایەنی سیاسی، نەتەوەیی و ئایینییەکان لەخۆدەگرێت.. حکومەتی راگوزەر هیچ لایەک لە پرۆسەی سیاسی دوورناخاتەوە." 
 
لەبارەی پرسی کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا، هادی بەحرە پێیوایە، گفتوگۆی کوردی- کوردی دەبێتە سەرەتایەک بۆ دیالۆگێکی سووریی فراوانتر. بەڵام هۆشداری لەوەش دەدات کە ئیئتیلاف و ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی "بە تەنیا مافی ئەوەیان نییە سیستەمی فیدراڵی رابگەیێنن." 
 
8ـی کانوونى یەکەمی ئەم ساڵ، کۆتایی بە دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، سەرۆکى پێشووى سووریا هێنرا، دواى ئەوەى چەکدارانى سەر بە دەستەى تەحریر شام دیمەشقى پایتەختیان کۆنترۆڵ کرد.
 
لەدوای رووخانی دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد، دەستەی تەحریری شام حکومەتێکی راگوزەری پێکهێناوە، هادی بەحرە دەڵێت، حکومەتی راگوزەر لە 18 مانگدا پێوەری داڕشتنی دەستوورێکی نوێ دیاری دەکات و دوای پەسندکردنی دەستوور هەڵبژاردنێکی "ئازاد و خاوێن" دەکرێت. باس لەوەش دەکات، دەستووری نوێ سیستمی حکومڕانیی داهاتووی سووریا یەکلایی دەکاتەوە. 
 
لە ساڵی 2011ـەوە شەڕی نێوخۆ لە سووریا هەڵگیرساوە. هادی بەحرە ئاماژە بەوە دەکات، 65٪ی ژێرخانی بنەڕەتیی دەوڵەتی سووریا وێرانکراوە. دەشڵێت، سندووقی ئاوەدانکردنەوەی سووریا پشتیوانیی دارایی بۆ پرۆژەکان دابیندەکات. 
 
سەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا پێیوایە، حکومەتی ئێستا کە لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە پێکهێنراوە حکومەتی رزگارییە. 
 
هادی بەحرە جەخت لەوە دەکاتەوە، پێویستە هەموو سوورییەکان خۆیان لە حکومەتی راگوزەردا ببیننەوە و "نابێت بڕیارەکانی حکومەتی راگوزەر تاکڕەوانە بن. هەندێک گرووپ هەن سەر بە دەستەی تەحریری شام نین بەتایبەت لە لازقییە."
 
 
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ هادی بەحرە، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا
 
رووداو: بۆچوونی ئێوە لەسەر رووداوەکانی ئێستای سووریا چییە؟ سووریا بەرەو کوێ دەچێت؟
 
هادی بەحرە: لەپاش تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی سەربازی، دەستبەجێ کەوتینە مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک کاری لەپێشینەی بنەڕەتی کە گرنگترینیان بریتییە لە دابینکردنی ئاشتی ناوخۆیی و ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان، دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەکو خۆراک و، سێیەمیشیان دڵنیابوون لە دووبارە چالاککردنەوەی دامەزراوە گرنگە سەرەکییەکانی وەکو ئاو و کارەبا و تەلەفۆن و هەروەها گرتنەبەری رێوشوێن بۆ دڵنیابوون لە دانەڕمانی دامەزراوەکانی دەوڵەت. 
 
ئەم هەنگاوانە هەر لە پاش ئازادکردنی حەلەب گیرانەبەر و پاشان درێژبووەوە بۆ پارێزگاکانی دیکەش، ئێستاش وا لە دیمەشق دەیبینین و ئەمە نزیکەی رۆژی سێیەمە لە دوای ئازادکردنی دیمەشق و وەکو دیارە بەشێوەیەکی رێکوپێک دەڕوات. گرنگتر لەوەش دڵنیابوون بوو لە شێوازی مامەڵەی ئەو هێزە سەربازییانەی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردندا بەشداربوون لەگەڵ هاووڵاتیان لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤ و دڵنیابوون لە پێشێلنەکردنی ئازادییە تایبەتییەکانیان.
 
کارێکی دیکە، گەڕاندنەوەی فەرمانبەرانی تەکنۆکرات و بیرۆکراتی دەوڵەت بوو بۆ سەر کارەکانیان لە دامەزراوەکان و وەزارەتەکانی پێشوودا. بەڵام کابینەی وەزارەت گۆڕدرا بۆ حکومەتی کاربەڕێکەر هەتا کاتی راسپاردنی سەرۆکی نوێی حکومەت کە ئەویش بۆ ماوەیەکی کاتی، لە ئێستاوە هەتا کۆتایی مانگی ئازار بەردەوام دەبێت.
 
لەم ماوەیەدا پێویستە گفتوگۆ و راوێژی بەرفراوان لەبارەی حکومەتی راگوزەر بکرێت کە هەموو سوورییەکان بە هەموو پێکهاتەکانیانەوە تێیدا بەشدار بن. ئەو حکومەتە راگوزەرە پێویستە سێ پێوەری سەرەکی بەدیبهێنێت: دەبێت گشتگیر بێت و هەموو پێکهاتە و شەبەنگە سیاسی و نەتەوەیی و ئایینییەکانی گەلی سووریا لەخۆبگرێت و هیچ لایەک لە پرۆسەی سیاسی دوورنەخاتەوە. باوەڕپێکراوبێت و ئەو هێزانە لەخۆبگرێت کە هەوڵی گۆڕانکارییان داوە و ئەو هێزانەش کە نوێنەرایەتی لایەنەکانی دیکەی کۆمەڵگە دەکەن. هەروەها پێویستیشە لەسەر هیچ بنەمایەکی تایفی دانەمەزرێت. ئەم حکومەتە راگوزەرە هاوتای ئەوەیە کە پێیدەگوترا دەستەی حوکمڕانی راگوزەر وەکو لە بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایشدا هاتبوو. 
 
ئەرکی ئەم حکومەتە راگوزەرە چییە؟ ئەرکی سەرەکی بریتییە لە دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و بێلایەن، هەروەها بەدواداچوونی کاروبارە بنەڕەتییەکانی حکومەت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاونیشتیمانیان. لە ماوەی دەسەڵاتی راگوزەردا کە بڕیاری ژمارە 2254ی ئەنجوومەنی ئاسایش 18 مانگی بۆ داناوە، دەبێت میکانیزمێک بدۆزرێتەوە کە دامەزراوەکان و هێزەکانی شۆڕش و ئۆپۆزسیۆن لەسەری رێکبکەون. بەتایبەتیش دامەزراوە دەستبەکارەکانی ئێستا، لەوانەش دەستەی دانوستاندنی سووری کە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشدا بە فەرمی ناسراوە. ئەو دەستەیە پرۆسەی دانوستاندنی لەئەستۆیە بە ئامانجی دانانی میکانیزمێک بۆئەوەی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بێ دوورخستنەوەی هیچ لایەک لەخۆبگرێت و پێوەرگەلێکی تایبەت دیاری بکات بۆ داڕشتنی دەستوورێکی نوێ بۆ سووریا لە ماوەی ئەو 18 مانگەی حوکمی راگوزەردا و ئەوەش لەڕێی دەستەیەکی دامەزرێنەر کە لە کۆنگرەیەکی گشتیدا هەڵبژێردرابن. 
 
ئەم هەنگاوانە ئەگەر وەکو خۆیان جێبەجێ بکرێن و هەمووان پێوەی پابەند بین و هاوکاری بکەین بۆ جێبەجێکردنی، لە کۆتایی ئەو 18 مانگەدا دەگەینە قۆناخێک کە بەتەواوی ئامادە دەبین بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەسەر دەستوور. ئەگەر ئەو دەستوورە لەلایەن گەلی سووریاوە پەسەند کرا، یەکەم هەڵبژاردنی ئازاد و خاوێن بەڕێوەدەچێ، جا هەڵبژاردنی پەرلەمانی بێت یان سەرۆکایەتی کە دەستووری نوێی سووریا یەکلایی دەکاتەوە.
 
رووداو: دوای رووخانی بەشار ئەسەد، تەواوی سیستەمی دەوڵەت لەگەڵیدا کەوت، تەنانەت ئەو زێڕ و پارەی زۆری وڵاتی لەگەڵ خۆیدا برد. ئەگەر سەیری هەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاوا بکەین، هیچ نەرمییەک لە بارەی پرۆژەی بونیادنانی سووریای نوێ نیشان نادەن. بەڕای ئێوە کێ سووریای نوێ بونیاد دەنێت و چۆن دەبێت؟
 
هادی بەحرە: ئەرکی بنیاتنانی سووریا سەرەتا و بەشێوەیەکی سەرەکی دەکەوێتە سەرشانی ئێمەی خەڵکی سووریا، چ ئەوانەی سووریایان بەجێهێشتووە و کۆچیان کردووە، یان داوای پەنابەرییان لە وڵاتانی دیکە کردووە، چ ئەو ئاوارە و راگوێزراوانەی لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان هەڵکەندراون. هەموو ئەمانە دەبێت بگەڕێنەوە. دەبێت لەسەر ئەوە کار بکەین کە هەیە و بە خاڵی سفری دابنێین. ئێمە هیچ رێوشوێنێکمان بۆ رووخاندنی دامەزراوەکانی دەوڵەت و تواناکانی نەگرتووەتەبەر، بەڵکو پارێزگاریمان لێکردوون و ئەوەش بە خاڵی سفر دادەنێین. دەبێت پاش چاکسازی و دووبارە رێکخستنەوەی ئەم دامەزراوانە، شارەزایی و توانای پێویستی بۆ دابین بکەین. دەبێت ئەو سەرمایە نیشتمانییەش بگەڕێنینەوە بۆ سووریا کە لەسایەی رژێمی تاوانباری پێشوودا چوونە دەرەوەی وڵات. چونکە هیچ هیوایەکیان بە ئایندەیەکی رۆشن بۆ منداڵ و نەوەکانیان نەمابوو.
 
ئێستا دەرفەتێکی راستەقینە هەیە بۆ بنیاتنانەوەی سووریا، بەڵام توانای دارایی پێویست لەبەردەست نییە بۆ دووبارە پارەدارکردنی پرۆژەکان و پەیداکردنی شارەزایی پێویست بۆ ئەنجامدانیان. چونکە بەداخەوە 65٪ی ژێرخانی بنەڕەتی دەوڵەتی سووریا وێران کراوە. ئەڵمانیا لە جەنگی دووەمی جیهانیدا 60٪ی ژێرخانەکەی وێران کرا، بەڵام لە سووریا 65٪ ی وێران کراوە، بۆیە بارەکە قورسە و پێویستی بە هەوڵ و پشتگیریی وڵاتە دۆستەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان هەیە، لەوانە بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان. پێشبینی دەکەین بەدەمەوەهاتنێکی فراوان هەبێت بۆ ئەنجامدانی ئەوە. لە رۆژانی سەرەتای شۆڕشیشەوە دامەزراوەی تایبەت بۆ پرۆژەکانی زوو چاکبوونەوە دامەزراون، لەوانە سندووقی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی سووریا کە سندووقێکی هاوبەشە و چەند وڵاتێکی سەرەکی تێیدا بەشدارن. ئەوانە پشتیوانیی دارایی بۆ پرۆژەکان دابین دەکەن، بۆ نموونە ئێستا هەموو نانەواخانەکان لە ناوچە ئازادکراوەکانی باکووری سووریا بە پارەی ئەو سندووقە کار دەکەن؛ ئارد و گەنم لەو سندووقە دابین دەکرێ و پشتگیریی جووتیاران دەکرێ بۆ چاندنی گەنم و سەوزە، هەروەها دابینکردنی خەرجیی نەخۆشخانەکان و دابینکردنی تۆڕەکانی وزەی خۆر بۆ نەخۆشخانەکان. هەموو ئەم پرۆژانە ساڵانێکە هاوکاری لەو سندووقە وەردەگرن جا لە باکووری رۆژئاوای سووریا بێت یان لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا. ئەو سندووقە هەر بەردەوام دەبێت و زیاتریش گەشەی پێدەدەین. ئەمە سەرەڕای رۆڵی برا عەرەبەکان و وڵاتە دۆستەکانمان کە لە سەرەتای شۆڕشەوە شانبەشانی گەلی سووریا وەستان، وەکو تورکیا و میسر و وڵاتانی دیکەش کە ئامادەییان دەربڕیوە رۆڵێکی سەرەکی لەم بابەتەدا بگێڕن.
 
رووداو: کاتێک هاوپەیمانیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دروست بوو، ئامانجتان رووخانی ئەسەد بوو و ئێستا کە رووخاوە، ئێوە بیر لەوە دەکەنەوە بارەگاکەتان بگوازنەوە بۆ دیمەشق؟ ئایە دەگەڕێنەوە دیمەشق؟
 
هادی بەحرە: ئیئتیلافی نیشتیمانیی سووری ئیئتیلافی چەندین هێزی سیاسی و پێکهاتەی سەرەکیی نێو کۆمەڵگەی سووریایە. ئەوان سوورین، کارێکی سروشتی و لۆژیکییە کە بگەڕێنەوە نێو وڵات، گەڕاویشنەتەوە و ئێستا چەندین نووسینگەیان لەنێو سووریا هەیە، بەڵام ئەوان تەنیا لە ناوچەکانی باکوور بوون، بارەگای ئیئتیلاف لە شارۆچکەی ئەعزاز بوو، بارەگای حکومەتی کاتی لە شارۆچکەی راعی بوو، بارەگای دیکەش لە ناوچەکانی عەفرین هەبوون، ئێستا دەبێ هەموومان وەکو خەڵکی یەک وڵات و یەک نیشتیمان بگەڕێینەوە. بارەگای ئیئتیلاف بهێنینەوە شاری دیمەشق و ئەوێ ببێتە بارەگای سەرەکی، هەروەها لقی دیکەی لە پارێزگاکانی دیکەش بکاتەوە، ئێستا خەریکی دابینکردنی پێداویستییە لۆجستیکەکانی ئەوەین.
 
رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام چۆنە؟ بە پێی زانیارییەکانمان شاندێکی ئیتیلاف بۆ دیدار لەگەڵ جۆلانی چوونەتە دیمەشق. سروشتی ئەم کۆبوونەوەیە چۆن بوو و چاوەڕوانی چ ئەنجامێکی لێ دەکەن؟
 
هادی بەحرە: شاندەکە بۆ دیدار لەگەڵ جۆلانی نەچوونەتە شام. ئەندامانی ئیئتیلاف کە نوێنەری پارێزگای دیمەشقن، هەر لەگەڵ رزگاربوونی دیمەشق رەوانەی ئەو پارێزگایە کرانەوە بۆئەوەی دەست بکەن بە وتووێژی بەرفراوان لەگەڵ هێزە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکان. ئامانجی سەرەکی ئەوە نەبووە بەڕێز ئەحمەد شەرع ببینن. چونکە کاری لەوجۆرە سەرکردایەتیی ئیئتیلاف بڕیاری لەبارەوە دەدات. پێشبینی دەکەین لەم نزیکانە دیدارمان لەگەڵ بەڕێز ئەحمەد شەرع هەبێت بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و هەنگاوە پێویستەکانی داهاتوو بۆئەوەی هەموو لایەنەکانی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە یەکدەست بین و بە هاوئاهەنگی ئەو ئەمانەتەی لە ئەستۆمانە، جێبەجێی بکەین. هەرچی کە ئێستا روودەدات کاتی و راگوزەرە. ئەرکی ئێمەش ئەوەیە ئەم گواستنەوەیە بەگوێرەی خواستەکانی گەلی سووریا بە ئەنجام بگەیەنین، ئەوەش بۆ بەدیهێنانی سێ ئامانجی سەرەکی: دادپەروەری و دیموکراسی و بەدیهێنانی دەوڵەتی هاونیشتیمانی کە هەمووان تێیدا لە ماف و ئەرکەکاندا یەکسان بن. هەر کاتێک ئەم دادپەروەرییە بەدی هات ئیدی گەلی سووریا دەتوانێت سەرکردەکانی خۆی هەڵبژێرێت و کاروبارەکانی بە هەڵبژاردنی ئازاد و خاوێن و بە بەشداریی هەمووان دیاری بکات.
 
رووداو: ئەو حکومەتەی ئێستا کە لەلایەن دەستەی تەحریری شامەوە پێکهێنراوە تەنیا ئەندامانی خۆی لەخۆدەگرێت. ئایا ئێوە لێی رازین؟ ئایا هەوڵتاننەداوە بەشدار بن تێیدا؟
 
هادی بەحرە: ئێمە رەوشەکە بەگوێرەی ریزبەندی کارە هەرە لەپێشەکان هەڵدەسەنگێنین. ئێمە بە قۆناخێکی نائاسایی و بارودۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕین. ئەوانەی ئەرکی هەرە لەپێشن ئەرکی زۆر گەورە و سەختن. بەهیچ جۆرێک ئاسان نین. بۆیە پێویست بوو توانای کۆنترۆڵکردنی بڕیار و خێرایی لە جێبەجێکردنی سەرەکی بێت. لەم قۆناخەدا کە ئێمە ناومان لێناوە قۆناخی کاتی و لە سەرەتای ئازادکردنی پارێزگاکانەوە هەتا مانگی ئادار بەردەوام دەبێت، هەموو شتێک جیاوازە. ئەو حکومەتەی ئێستا کە لەلایەن دەستەی ئازادکردنی شامەوە پێکهێنراوە، حکومەتی رزگارییە، ئەوە بە راوێژ لەگەڵ ئێمە پێکنەهاتووە، نوێنەری حیزبە سیاسییەکان یان رەوتە سیاسییەکان یان دامەزراوەکانی شۆڕشی ئێستای تێدا نییە. بەڵام ئەمە شتێکی سرووشتی و مایەی تێگەیشتنە. بەڵام پێکهێنانی دەستەی حکومەتی راگوزەر لە دوای مانگی ئادار دەبێت بەگوێرەی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان هەموو پێوەرەکانی تێدا بێت و هەموو ئەو لایەنانە تێیدا بەشدار بن کە پەیوەندییان بە پرۆسەی سیاسییەوە هەیە، چونکە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قەبوڵکراون و دەبێت ئەو قەبوڵکردنەش بەجۆرێک بخەینە کار کە لە سوودی شۆڕش و بەرژەوەندییەکانی گەلی سووریا بێت بە هەموو پێکهاتەکانییەوە.
 
رووداو: ئەو حکومەتەی ئێستا کە لەلایەن تەحریری شامەوە پێکهێنراوە، لەلایەن محەممەد بەشیرەوە سەرۆکایەتی دەکرێت. ئێوە وەک ئیئتیلاف ئەو دەناسن؟ دەتانەوێ لەگەڵیدا بگەنە رێککەوتن؟
 
هادی بەحرە: وەکو ئاشکرایە ئەو بەگوێرەی تێڕوانینی خۆی کەسانێکی شیاوی لەوانە هەڵبژاردوون کە پێشتر کاریان لەگەڵ کردووە. ئەمەش هۆکارێکی سەرەکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە دەزانێت هەندێک ئەرکێکی سەرەکی هەن دەبێت دەستبەجێ لە دوای ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدرێن. دیسیپلین لە جێبەجێکردنی فەرمانەکان و خێرایی لە جێبەجێکردنیان مەسەلەیەکی سەرەکی بوو. بۆیە بژارەی ئەوەی نەبوو کەسێک دابنێت کە نایناسێت یان ناتوانێ پشتی پێ ببەستێ، بۆ ئەم قۆناغە ئەو کەسانەی هێناوە کە دەیانناسێت و لە حکومەتی رزگاریدا لە ئیدلب کاریان کردووە. من ناتوانم لێرەوە حوکم لەسەر شێوازی کاریان بدەم، چونکە پێشتر کارم لەگەڵ نەکردوون، بەڵام بەڕێز شەرع دەتوانێت، چونکە پێشتر کاریان لەگەڵ کردووە و سنووری تواناکانیان دەزانێت، بۆیە ئەو بڕیارەی داوە و هەر خۆیشی بەرپرسیارە لەو بڕیارە. بەڵام ئێمە راوێژمان پێ نەکرا و چاوەڕێی ئەوەش نەبووین لەم قۆناخەدا پرس و راوێژمان لەگەڵ بکات، چونکە ئێمە لە بنەڕەتەوە بەشێک بووین لە بەرەنگاربوونەوەی دوژمنکاری. گرووپە سەربازییەکان کە لە چوارچێوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بەشدارییان کرد، سەر بە سوپای نیشتمانین و بەشێکی سەرەکیش بوون لەو ژووری ئۆپەراسیۆنە. واتە ئیئتیلاف پشتیوانی ئەو ژووری ئۆپەراسیۆنە بووە. ئێمە لە ترس و نیگەرانی و ئەو رەخنانەی هاووڵاتیان تێدەگەین کە دەیانبیستینەوە، بەڵام پێکهێنانی حکومەتی راگوزەر دەبێ گشتگیر بێت و هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا لەخۆبگرێ. ئەو حکومەتە بۆئەوەی جێی متمانە بێت، نابێ لەسەر بنەمای تایفی و جیاکاری دامەزرێت. تائیفەیەک یان باوەڕێکی ئایینی دەستی بەسەردا نەگرن، پێویستە هەموو سوورییەکان خۆیان لەو حکومەتەدا ببیننەوە، مەرج نییە ئەندام بن، بەڵام دەبێ جێی متمانەی هەموو شەبەنگەکانی گەلی سووریا بێت.
 
رووداو: تەنانەت ئەگەر جۆلانی بە فەرمی سەرۆکی حکومەتی ئێستا نەبێت، بەڵام بڕیارەکان بەدەستی ئەوە؟ لە رۆژانی داهاتوودا ئەگەر جۆلانی ببێتە سەرۆکی سووریا، ئایا قبووڵی دەکەن؟
 
هادی بەحرە: بابەتەکە پەیوەندی بە پۆست و پلەوە نییە، چونکە وەک گوتم ئەمە یان قۆناخێکی کاتییە لە ئێستاوە هەتا مانگی ئادار، یان قۆناخێکی راگوزەرە. لە قۆناخی راگوزەردا کە دوای ئادار دەستپێدەکات و 18 مانگ دەخایەنێت، ئەگەر لەو کاتەوە دەستپێبکەین، بڕیارەکان نابێت تاکڕەوانە بن. واتە دەبێت میکانیزمی حوکمڕانی هەبێت کە شەفافیەت و گشتگیری و بەشداری لە بڕیاردان دابین بکات، بۆئەوەی رێژەی پابەندبوون بە یاساکانەوە، متمانەی گەل و دڵنیاییان زیاد بکات لەوەی تەنیا یەک لایەن کۆنترۆڵی بڕیارەکان ناکات و نوێنەرایەتییەکی فراوانتر هەیە لە میکانیزمەکانی بڕیارداندا. ئێمە لەسەر بنەمای واقیع و کارکردن و بەدەنگەوەهاتن هەڵسەنگاندن دەکەین. هەرکەسێک کاری باش بکات، سوپاسی دەکەین و دەستخۆشی لێدەکەین، هەرکەسێکیش کاری خراپ یان نەرێنی بکات، ئامۆژگاری دەکەین بۆ چاککردنی هەڵەکەی. ئەگەر چاکی کرد زۆر باشە، ئەگەر چاکی نەکرد، بەردەوام دەبین لە دژایەتیکردنی ئەو رێکارە و داوای چاککردنی دەکەین هەتا چاک دەکرێت. هەموومان دەبێت لەم قۆناخەدا قوربانی بدەین و بەرپرسیار بین بۆ گەیاندنی سووریا بە ئاشتی هەتا کۆتایی قۆناخی راگوزەر و داڕشتنی رەشنووسی دەستوورێکی نوێ و گشتپرسی لەسەری، پاشان سندووقەکانی دەنگدان دەبنە بڕیاردەری کۆتایی.
 
رووداو: لە ریزەکانی دەستەی تەحریری شامدا کادر و چەکداری بیانی زۆر هەن، ڤیدیۆی زۆریان لە دیمەشق و لازقیە بڵاوکراوەتەوە، ئەمانە هەڵە و تاوانیان ئەنجامداوە. هەڵوێستی ئیئتیلافیی نیشتمانی سووری بەرامبەر ئەم چەکدارانە چییە؟ ئایا بوونیان مەترسییە لەسەر داهاتووی سووریا؟
 
هادی بەحرە: وەکو دەزانن، ئێمە وەک ئیئتیلاف سەرکردایەتی دەستەی تەحریری شام ناکەین، بەڵام ئاگادارین کە دەستەی تەحریری شام ماوەیەکی زۆرە دەستی کردووە بە دەرکردنی چەکدارە بیانییەکان لە سووریا، یان رێگەی دۆزیوەتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانەی کە ماون. ئەگەر لەژێر کۆنترۆڵی دەستەی تەحریری شامدان، دەبێت خۆی ئەو دۆخە چارەسەر بکات. بەڵام هەندێک گرووپ هەن کە سەر بە دەستە نین، بەتایبەتی لە لازقیە راپۆرتێکم خوێندەوە کە گەیشتە دەستم، حاڵەتی زۆری ئاژاوە و دزی و سووتاندنی هەندێک دامەزراوە هەیە لەلایەن لایەنی دەرەوەی دەستەی تەحریری شام، کۆمەڵێک چەکدار بوون کە دەیانگوت سەر بە دەستەی تەحریری شامن و ئەمە و ئەوە دەکەین بۆ ترساندنی خەڵک. دەستەی تەحریری شام ژمارەی ئاسایش و پۆلیسی راگەیاند بۆ ئەوەی هەر هاووڵاتییەک سکاڵای هەبوو پەیوەندی پێوە بکات. ئەگەر چارەسەر نەکرا، لەگەڵ ئێمە یان لایەنێکی دیکە قسە بکەن و ئێمە قسەیان لەگەڵ دەکەین. بەڵام بە دڵنیاییەوە چاودێری رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پێشێلنەکردنی ئازادییەکانمان کردووە، رێژەی پابەندبوون ناڵێم ١٠٠٪ بەڵام ٩٥٪ بووە، ئەو پێنج لەسەدەش پێشێلکاریی فیزیکی نەبوونە، هەندێکیان بۆ نموونە پرسیارێکیان لە یەکێک کردووە کە نەدەبووایە بیکەن، یان پەیوەندی بە ژیانی تایبەتییەوە هەبووە یان پێشێلکاری مەعنەوی بووە، بەڵام لەڕووی دەستدرێژی جەستەیی و داگیرکردنی ماڵ، نزیک بوو لە سفر.
 
رووداو: ئیئتیلافی نیشتمانی حکومەتێکی لە چوارچێوەی خۆیدا هەیە، ئێستا دوای بەدیهاتنی ئامانجی ئیئتیلاف لە رووخانی ئەسەد، ئایا ئەم حکومەتە بەردەوام دەبێت؟ ئەگەر بەردەوام بوو، رۆڵی چی دەبێت؟
 
هادی بەحرە: با سەرەتا باسی پەیڕەوی ناوخۆی ئیئتیلاف بکەم. لە پەیڕەوی ناوخۆی ئیئتیلافدا ماددەیەکی روون و راشکاو هەیە کە دەڵێت دوای رووخانی رژێم راستەوخۆ، دەبێت ئیئتیلاف بانگەوازی کۆنگرەیەکی نیشتمانی گشتی بکات، لە ماوەیەکدا کە لە ٩٠ رۆژ تێنەپەڕێت لە دوای رووخانی رژێمەوە. ئەمە هەنگاوی یەکەمە، بەڵام ئیئتیلاف دەمێنێتەوە هەتا هەڵبژاردنی ئازاد و پاک ئەنجام دەدرێت، چ سەرۆکایەتی بێت یان پەرلەمانی. لەو کاتەدا، ئیئتیلاف هەڵدەوەشێتەوە یان دەکرێت ئەندامەکانی وەک ئیئتیلافێکی سیاسی بەردەوام بن و بەشداری هەڵبژاردن بکەن و کێبڕکێ لەگەڵ هاوپەیمانییە سیاسییەکانی دیکە بکەن.
 
رووداو: ئایا پێشنیار یان هیوایەک هەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە سووریا؟ ئەگەر هەیە، چەند کات پێویستە بۆ ئامادەکاری؟
 
هادی بەحرە: هەڵبژاردن لە سووریا بەپێی ئەم دەستوورەی ئێستا مومکین نییە، دەبێت دەستوور لەلایەن دەستەیەکی دامەزرێنەرەوە دابڕێژرێتەوە کە یان لە کۆنگرەی گشتییەوە هەڵدەبژێردرێن یان بەپێی ئەو میکانیزمەی دامەزراوە سەرەکییەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسەری رێکدەکەون. دوای پێکهێنانی حکومەتی راگوزەر و بانگەوازکردن بۆ کۆنگرەی گشتی، دەبێت حکومەتێکی راگوزەر و لیژنەیەکی بۆ داڕشتنەوەی دەستوور لێ دەربچێت، پاشان دابینکردنی ژینگەیەکی ئارام و بێلایەن. ئەم قۆناخە راگوزەرە ١٨ مانگ دەخایەنێت.
 
رووداو: ئیسرائیل پێگەکانی بەرگری و خاڵە ستراتیژییەکانی سووریای بۆردوومان کرد و ئێستا بەشێک لە خاکی سووریای کۆنترۆڵ کردووە. چۆن دەڕواننە ئەمە؟ پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ ئیسرائیل چۆن دەبێت؟
 
هادی بەحرە: ئێمە ئەو دەستدرێژییە ئاشکرایە ئیدانە دەکەین کە کاتەکەیشی هەڵە بوو، پەیامێکی نێگەتیڤی دایە گەلی سووریا کە بەم دۆخە سەختەدا تێدەپەڕێت و لاپەڕەیەکی نوێ لە مێژووی خۆی هەڵدەداتەوە. سەرەتایەک بە هێرشی ئاسمانی و دەستدرێژی بۆ سەر خاکی سووریا بێت شتێکی قبوڵکراو نییە. ئەوەی لە هەندێک لایەنی نێودەوڵەتییەوە پێمانگەیشتووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەزاندنی هێڵی ئاگربەست شتێکی کاتییە و بەردەوام نابێت، هەروەها ئەوەشمان پێگەیشتووە کە ناوچەی بێلایەن یان دابڕاویان نەبەزاندووە. بەڵام بەئامانجگرتنی تواناکانی سوپای سووریا، یان ئەوەی لێی ماوەتەوە، چونکە زۆربەی وێران کراوە، شتێکە گەلی سووریا باجەکەی دەدات. ئەم رێکارانە گرژی لە ناوچەکەدا زیاد دەکەن و دوژمنایەتی لە نێوان گەلان قووڵتر دەکەنەوە. سەرەتا، بە توندی ئەم دەستدرێژییانە ئیدانە دەکەین و داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە دۆست و براکان دەکەین گوشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ پابەندبوون بە هێڵی ئاگربەست و رێککەوتنە واژۆکراوەکان. هەروەها داوا لە هەمووان دەکەین کۆنفرانسێکی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببەسترێت بۆ چارەسەرکردنی هەموو ئەم کێشە هەڵپەسێردراوانە.
 
رووداو: پێتان باشە پەیوەندییەکانی سووریا و ئیسرائیل باش بێت وەک پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا و ئیمارات؟ ئەگەر باش نەبوو، تا چەند سووریا دەتوانێت ببێتە دەوڵەتێکی بەهێز و خۆی دووبارە بنیات بنێتەوە؟
 
هادی بەحرە: هەموو ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بۆ چەندین نەوە بە جەنگ و کوشتن و وێرانکاریدا تێپەڕیوە. من خۆم لەبیرمە و پێش منیش باوکم، جەنگمان بینی و پاشان چەند ساڵێک بێ جەنگ، دواتر جەنگ و دیسان جەنگ. ئەم پرۆسە بەردەوامەی وێرانکاری ناکرێت بەردەوام بێت. دەبێت هەموو سەرکردە و گەلانی ناوچەکە درک بەوە بکەن کە لە کۆتاییدا دەبێت پێکەوە لەسەر ئەم زەوییە بژین کە جێی هەمووانی تێدا دەبێتەوە. لەجیاتی بەفیڕۆدانی پارە و داهاتی وڵات لە جەنگ و کوشتاردا، دەتوانین لە گەشەپێدانی بەردەوام، پەرەپێدانی کۆمەڵگەکان، پەروەردە، پیشەسازی، بازرگانی و دروستکردنی هەلی کاردا وەبەرهێنان بکەین. دەبێت بچینە قۆناخێکی سەقامگیری و گەشەکردن کە هەموو گەلانی ناوچەکە سوودی لێببینن. ئەمەش پێویستی بە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و ناوەندەکانی قەیران لە ناوچەکەدا هەیە. هەموومان دەزانین کێشەی فەلەستین بەشێکە لەوە، رژێمی ئەسەدیش بەشێک بوو لەوە. سوپاس بۆ خودا، وەک گەلی سووریا توانیمان ئەو رژێمە لابەرین، ئەمەش ژینگەیەکی ئەرێنی بۆ کارکردن لەسەر دروستکردنی ئاشتی دەڕەخسێنێ، نە تەنیا بۆ گەلی سووریا، بەڵکو بۆ گەلی فەلەستین و لوبنان و عێراق و هەموو گەلانی ناوچەکە بەگشتی. دەبێت ئاشتی لەسەر چارەسەری دادپەروەرانە و قەناعەتپێکەر بۆ هەمووان بنیات بنرێت و دەرفەت بۆ گەشەکردنی هاوبەش بڕەخسێنێت.
 
رووداو: لەم کاتەدا، کە سەرنجی هەموو گرووپەکان و دەستەی تەحریری شام لەسەر دیمەشقە، سوپای نیشتمانی هێرشی کردە سەر کۆبانێ و منبج، بۆچی سوپای نیشتمانی هێرشی کردە سەر کۆبانێ و منبج؟ هەڵوێستی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
 
هادی بەحرە: وەک پێشتر گوتم، لە ناوچەکەدا و لەناو سووریادا قەیران هەیە. یەکێ لە بنەماکانی کاری سیاسی ئەوەیە کە رەچاوی دەوڵەتانی دراوسێ و ئاسایش و سەلامەتی خاکی دەوڵەتانی دیکە بکەیت و پەیوەندییەکان لەسەر گەرەنتی هاوبەش و بۆ بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری بنیات بنرێن. بەداخەوە، وەکو دەزانیت، هەندێ رێکخراو لەناو سووریا هەن کە پەیوەندییان بە رێکخراوگەلێکەوە هەیە لە تورکیا وەکو رێخراوی تیرۆریستی ناسراون. ئەم رێکخراوانە باڵی سەربازییان لەناو سووریا دامەزراندووە و لەسەر ئاستی سەرکردایەتی پەیوەندییان بە کارێکەوە هەیە کە مەترسی بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا دروست دەکات. کاتێک مەترسی لەسەر دەوڵەتێک هەبێت، دەستەوەستان دانانیشێ. ئێمە نامانەوێت و چاوەڕوان ناکەین سووریای داهاتوو ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی هیچ دەوڵەتێکی دراوسێ، نابێت خاکی دەوڵەتانی دیکەش ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی نیشتمانیمان. پێشتر باسی هەندێک چەکداری بیانیم کرد لە لازقیە. کاتی ئەوە هاتووە هەموو هێزە بیانییەکان لە خاکی سووریا بکشێنەوە. ئەمە ئیدی قەبوڵکراو نییە. ئێمە وەکو سیاسەتڤان دەگەڕێینەوە بۆئەوەی خەمی نیشتمانی سووری بخەینە پێش هەر شتێکی دیکە. دەبێت هەر پەیوەندییەک لەگەڵ پەکەکە بپچڕێنرێت و گفتوگۆی سووری-سووری لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە قبوڵ بکرێت، ئەگەر لە پێکهاتەی کوردییەوە دەستپێبکەین، کێشمەکێش بەو ئاستە لەناو کۆمەڵگەی کوردیدا قەبوڵکراو نییە. گفتوگۆی کوردی- کوردی دەبێتە سەرەتایەک بۆ دیالۆگێکی سووریی فراوانتر. لەو گفتوگۆ سوورییەدا، ئامانجمان پێکەوە کارکردنە بۆ بنیاتنانی سووریای داهاتوو، وەکو گوتم، بۆ بەدیهێنانی دەوڵەتی هاونیشتمانی یەکسان لە ماف و ئەرکدا، بەبێ جیاوازی و هەڵاواردنی هیچ لایەنێک لە سووریای داهاتوودا.
 
رووداو: تورکیا دەڵێت رێگە نادات هیچ ناوچەیەک لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکان بێت، چ لە حەسەکە یان کۆبانێ یان قامشلو. ئایا رازین کە ئەم ناوچانە بکەونە ژێر کۆنترۆڵی سوپای نیشتمانی؟
 
هادی بەحرە: دووبارەی دەکەمەوە، بێگومان داهاتووی سووریا سوورییەکان یەکەم و کۆتا بڕیاری لەسەر دەدەن. بەڵام کاتێک پەنجەرە دەکەینەوە یان کاتێک بەشێک لە ئێمە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەلامەتی دەوڵەتانی دیکە، دەبێت درک بەوە بکەین کە ئەو دەوڵەتانە بەدوای بەرژەوەندییەکانیان دەکەون و بەرگری لە ئاسایشیان دەکەن. ئەگەر بیانوو نەدەینە دەستیان، کەس دەست لە کاروباری ئێمە وەرنادات، جا ئەمە لە عێراق بێت یان لە هەر وڵاتێکی ناوچەکە. عێراق بۆ نموونە، رێگەی بۆ نفووزی ئێرانی و ئەو رۆڵە نەرێنییە کردەوە کە ئێران لەڕێی میلیشیاکانییەوە لە سووریا گێڕای.
 
ئێمە چاوەڕوانی داهاتووی سووریاین وەک دەوڵەتێکی یەکگرتوو لەڕووی خاک و گەلەوە. هەروەها درک بەوە دەکەین کە بەڕێوەبردنی دەوڵەت ناکرێت وەک پێش ساڵی 2011 بەردەوام بێت. دەبێت سیستەم و یاساکانی بەڕێوەبردنی خۆجێیی پەرەپێبدرێن و دەسەڵاتی کارگێڕیی ئەنجوومەنە خۆجێییەکان فراوان بکرێت. دەبێت پرۆسەی هەڵبژاردن بۆ پۆستی پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دابنرێت و ئەم دەسەڵاتە کارگێڕییانە بەسەر هەموو پارێزگاکانی سووریادا دابەش بکرێن. خواستمان دابەشکردنی سووریا نییە لەسەر بنەمای نەتەوەیی یان ئایینی. من وەک هاووڵاتییەکی کورد، دەمەوێت هەمان ماف و ئەرکم هەبێت لە حەسەکە، بتوانم لە هەر شوێنێک نیشتەجێ بم و کار بکەم بەبێ ئەوەی کەس رێگریم لێبکات. پێویستمان بە یەکڕیزی و بنیاتنانی متمانەی نیشتمانی و کارکردنە پێکەوە، بەبێ ئەوەی کەسێک لە کەسێکی دیکە باشتر بێت. کاتێک گوزارشت لە خواستی گفتوگۆم لەگەڵت دەکەم، نابێت داوام لێبکەیت بچمە ناو پرۆژەکەت چونکە تفەنگت هەیە. دەبێت چەک لەلاوە دابنێیت و بە یەکسانی دابنیشین بۆ گفتوگۆ. نابێت کەسێک هەبێت خاوەن شت بێت و کەسێکی دیکە نەیبێت، یان کەسێک ببەخشێت و کەسێک وەربگرێت. دەبێت لەسەر بەڕێوەبردنی دەوڵەت و پێکهاتەکەی و هەموو کاروبارەکانی حوکمڕانی رێکبکەوین.
 
رووداو: چ ئیئتیلاف یان تورکیا دژی ئەوەن کە پارتی کرێکارانی کوردستان کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە بکات. ئەگەر بەدیلێک هەبێت بۆ پەکەکە، بۆ نموونە هێزێکی کوردی کە سەر بە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی بێت، ئایا ئێوە یان تورکیا قبوڵی دەکەن؟ ئایا مەبەستی ئێوە بوونی هێزی کوردییە یان تەنیا پەکەکەیە؟
 
هادی بەحرە: بێگومان، بە تەواوی. هەمان بیرۆکەیە. تۆ دەزانیت پەکەکە رێکخراوێکی سووری نییە، بەڵکو رێکخراوێکی تورکییە. هێز و میلیشیاکانی پەیوەندی راستەوخۆیان بە سوورییەکانەوە نییە و سووریایان وەک خاکێک بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن کە هەڕەشە لە ئاسایشی تورکیا دەکات. ئەو هێزە ئەگەر لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی یان لەگەڵ ئیئتیلاف بوونایە، تورکیا دژی ئیئتیلاف نەدەوەستایەوە. دەبێت بەدوای چارەسەردا بگەڕێین. بۆ نموونە میلیشیا ئێرانییەکان و ئەو رۆڵە تێکدەرەی گێڕایان، کاتێک چوونە دەرەوە، کێشەکە چارەسەر کرا و لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد. ئەمیش هەمان شتە. پێویستمان بە بەکارهێنانی هەموو هەوڵەکانە بۆ خۆبەدوورگرتن لە خوێنڕشتنی زیاتر. دەبێت هەموو گەلی کورد و رێکخراوە کوردییەکان داوای دەرچوونی ئەو هێزانە بکەن. تەواو، سوپاستان دەکەین، لە خاکەکەمان بکشێنەوە و ئێمە لەگەڵ برا سوورییەکانمان دادەنیشین و بڕیار لەسەر داهاتووی سووریا دەدەین.
 
رووداو: با بێینە سەر مەسەلەی پەنابەران. دوای کەوتنی دیمەشق، پەنابەران گەڕانەوە ناوچەکانیان، بەڵام ئەوانەی لە عەفرین چەند ساڵێک لەمەوبەر ئاوارە کران، کاتێک ویستیان بگەڕێنەوە، رێگرییان لێکرا. بەپێی زانیارییەکان، بەشێکیان رووبەڕووی لێکۆڵینەوە دەبنەوە و داوای ٥٠٠ دۆلار لە هەر کەسێک دەکرێت بۆ گەڕانەوە. ئایا ئێوە رازین بەم دۆخە؟ چی دەکرێت بۆ راگرتنی ئەوە؟ هەڵوێستی ئێوە چییە؟
 
هادی بەحرە: بێگومان ئەو رەفتارە یەکێکە لە پێشێلکارییە گەورەکانی مافی مرۆڤ و تاوانێکە کە یاسا سزای لەسەر دادەنێت. بێگومان ئەو پێشێلکاری و تاوانانە بەردەوام نابن. وەک چۆن تۆ دەبینم لە بەرامبەرم، لە ساڵی داهاتوودا و هەر لە سەرەتای ساڵەوە، هیچکام لەم پێشێلکارییانە نابینین وەک سەپاندنی باجی بێبنەما یان سەرانە، یان وەک دەڵێیت، داواکردنی پارە لە خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان. ئەمە شتێکی رەتکراوەیە، نامرۆڤانەیە و نائەخلاقییە و تاوانە. هەموومان دژی ئەو رێکارانەین. کاتێک ئاگاداری رووداوێکی دیاریکراو دەبین، هەوڵی چارەسەرکردنی خێرا و راستەوخۆی دەدەین. وەکو گوتم، ئێستا گرنگترین ئامانجمان گەڕانەوەی خاوەن ماڵەکانە بۆ وڵاتەکەیان، گوندەکەیان و ماڵەکەیان. بەڵام ئەمە پێویستی بە پلانی باش هەیە، چونکە لە هەموو جەنگەکاندا کاتێک روودەدەن، خەڵک لەو ناوچانەی کاری سەربازی تێدا ئەنجام دەدرێت بۆ ناوچە ئارامترەکان ئاوارە دەبن و لەوانەیە پێشێلکاری روو بدات، وەک نیشتەجێبوون لە ماڵێک کە هی خۆیان نییە. دەبێت ئەم بابەتە بە جۆرێک چارەسەر بکەین کە کەسەکە بگەڕێتەوە بۆ ماڵی خۆی و لە هەمان کاتدا شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە ئاوارەکان دابین بکەین. بۆ نموونە، لە گوندەکانی دیمەشق، کاتێک خەڵک دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانی دیمەشق، کێشەیەکی گەورە چارەسەر دەبێت. پێشتر کێشەکە لە گوندەکانی دیمەشق بوو، کە ئاوارە هەبوون لە ماڵەکاندا نیشتەجێ بوون و ناکرێت دەریانبکەین بەبێ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوونی جێگرەوە بۆیان. ئێستا دۆخەکە باشترە، بەڵام بەبێ گەڕانەوەی خەڵکی هەموو ناوچەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونی پێشووی خۆیان ئاسایش و سەقامگیری جێگیر نابێت.
 
رووداو: ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی کە بەشێکە لە ئۆپۆزسیۆن، بیرۆکەی فیدراڵی بۆ سووریا خستووەتە روو، بە جۆرێک کورد خۆی هەرێمەکەی خۆی بەڕێوە ببات. جێگری سەرۆکی ئیئتیلاف، عەبدولحەکیم بەشار، دوو رۆژ پێش ئێستا باسی ئەمەی کرد. هەڵوێستی ئیئتیلاف لەم بارەیەوە چییە؟ وەک هادی بەحرە چۆن دەڕواننە هاوکێشەی داهاتووی حوکمڕانی لە سووریا؟
 
هادی بەحرە: سەبارەت بە بڕیار لەسەر ئەم بابەتانە، نە ئیئتیلاف و نە ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی بە تەنیا مافی ئەوەیان نییە دابنیشن و بڕیار لەسەر ئەمە بدەن، چونکە کاریگەری لەسەر دەوڵەت بە گشتی دەبێت. ئەمە دەبێتە بابەتی گفتوگۆ لە لیژنەی داڕشتنی دەستووردا. لیژنەی داڕشتنی دەستوور دەبێت هەموو چارەسەرەکان تاوتوێ بکات، لەوانە شێوازی سیستەمی حوکمڕانی لە سووریا، چ پەرلەمانی بێت، سەرۆکایەتی، تێکەڵ، یان ناوەندی، و سنووری دەسەڵاتی ئەنجوومەنە خۆجێییەکان چۆن بێت. لە گفتوگۆکانی لیژنەی دەستووریدا هیچ قەدەغەیەک نییە، لیژنەکە کار دەکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتن. لەوانەیە پێشنیارێک یان دوو پێشنیار بۆ هەمان بەند پێشکەش بکات و روونی بکاتەوە کە نەگەیشتووەتە رێککەوتن و دوو بژارەی ئەلیف و با پێشنیاز بکات و گەل لە کاتی گشتپرسیدا بڕیار بدات کامیان پەسەند دەکات. بەڵام دەمەوێت جەخت لەسەر خاڵێکی زۆر گرنگ بکەمەوە کە زۆر کەس نایزانن. بە بۆچوونی من، گەورەترین ژمارەی برا کوردەکانمان لە سووریا لە دیمەشقن، نەک لە رۆژهەڵاتی سووریا یان لە حەلەب. کورد دابڕاو نەبوون لە گەلی سووریا، بەڵکو هەمیشە لەگەڵ گەلی سووریا بوون لە هەموو ناوچەکانیدا. کورد لە هەموو پارێزگاکانی سووریادا بڵاوبوونەتەوە. خێزان هەن ئێستا کوردی قسە ناکەن، بەڵام رەچەڵەکیان کوردە. من بۆ نموونە، دایکی هاوسەرەکەم لە خێزانێکی کوردە، بەڵام کوردی قسە ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا، رەچەڵەکی کوردە. بۆیە، دەبێت لە هەموو ئەم بابەتانە بکۆڵینەوە و لەسەر چارەسەرەکان رێکبکەوین و هیچ کێشەمان لەمەدا نییە.
 
رووداو: لە رۆژانی دواییدا، فەرەنسا و ئەمریکا هەوڵی نێوەندگیری دەکەن لە نێوان ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا و پارتەکانی یەکێتی نیشتمانی، واتە هەسەدە و ئەو لایەنانەی کە ئێوە بە پارتی کرێکارانی کوردستانیان ناودەبەن. دەیانەوێت لە نێوان خۆیاندا بگەنە رێککەوتن و بە یەک دەنگ بچنە دیمەشق. ئەگەر ئەمە روویدا، پلانی کارتان لەگەڵ ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی چی دەبێت؟ چ زیانێک بە تورکیا دەگات لە یەکهەڵوێستی کوردی؟ ئەم یەکێتییە چی بۆ بلۆکە سوورییە سەربازی و سیاسییەکانی دیکە دەهێنێت؟
 
هادی بەحرە: لە سەرەتاوە هاندەر و پشتیوانی گفتوگۆی کوردی بووین. وەک دەزانیت، ئەمە یەکەم جار نییە، چەندین ئەزموونی پێشوو هەبوون. بەداخەوە، هەر جارێک پێشکەوتنیان بەدەست دەهێنا، دەوەستان، پاشان پێشکەوتنێکی نوێیان بەدەست دەهێنا و دیسان دەوەستانەوە. بە بۆچوونی من، دۆخی ئێستا و ئەو گۆڕانکارییە گەورانەی ناوچەکە پێیدا تێدەپەڕێت، پێویستی بە دووبارە بیرکردنەوە و دووبارە هەڵسەنگاندنی هەنگاوەکان هەیە. هیوادارم برا کوردەکانمان دووبارە بیر لەوەی گوتم بکەنەوە. رێککەوتن ئاسان دەبێت ئەگەر خۆیان لە پەکەکە جیا بکەنەوە و بە تەواوی دوور بکەونەوە لێی و توخمە بیانییەکان دوور بخەنەوە و ئازادی بڕیاردان بخەنە دەستی خۆیان. ئەوکات، رێککەوتن لە نێوانیان و ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی ئاسان دەبێت نەک قورس. بە هەرحاڵ، وەک دەبینیت، لە سووریا و ناوچەکەدا جموجۆڵ هەیە کە پێشتر چاوەڕوان نەدەکرا، بەڵام ئێستا بووەتە شتێکی گونجاو. ئەمەش نیشانەی رێککەوتنە لە پشت پەردەوە لە نێوان هێزگەلێک کە چاوەڕوان نەدەکرا رێکبکەون. هیوادارم ئەنجامی هەموو ئەم جموجۆڵانە ئەرێنی بێت و ئامادەی ئاهەنگی واژۆکردنی رێککەوتننامەی لێکتێگەیشتن بین لە نێوان برا کوردەکانمان و گفتوگۆی نیشتمانی گشتگیر بۆ هەموو سووریا دەست پێبکەین.
 
رووداو: ئەمریکا و ئەورووپا و دەوڵەتانی دیکە بۆ پشتیوانیکردن لە سووریای نوێ مەرج دادەنێن کە کورد و دروز و مەسیحی بەشێک بن لە بەڕێوەبردنی. هەڵوێستی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
 
هادی بەحرە: وەک سوورییەکان دەڵێن: کورد، چەرکەس، ئەرمەن، ئێزیدی، شیعە، عەلەوی، سوننە، تورکمان، ئاشووری و هەموو گەلی سووریا. سووریا، بە فرەیی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانییەوە، وڵاتێکی شکۆدارە. ئێمە وەک سووری دەڵێین: سووریا تەنیا بە بوونی هەموو ئەم پێکهاتانە تەواو دەبێت و ناتوانێت بە ئاشتی بژی تەنیا ئەگەر هەموو ئەم پێکهاتانە هەمان ماف و ئەرکیان هەبێت. بنەما هاونیشتمانی یەکسانە. مرۆڤ ناتوانێت بەرگری لە نیشتمانێک بکات کە خزمەتگوزاری بنەڕەتی پێشکەشی ناکات، گرنگترین دوو خزمەتگوزاری کە لە دەوڵەت داوا دەکرێت دادپەروەری و ئاسایشن. کاتێک دەوڵەت دادپەروەری و ئاسایش بۆ هاووڵاتیانی دابین دەکات، هاووڵاتی واز لە هەندێک ئازادی تاکەکەسی دەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی ئەم خزمەتگوزارییانە. ئێمە هەمیشە جەخت لەسەر پێویستی بنیاتنانی دەوڵەتی هاونیشتمانی یەکسان دەکەینەوە. نابێت جیاوازی بکرێت لە نێوان پێکهاتەیەک و پێکهاتەیەکی دیکە یان لە نێوان ئایینێک و ئایینێکی دیکە. ئەم وڵاتە جێی هەموومان دەبێتەوە، بەڵام پێویستی بە هەوڵی هەموومانە بۆ گۆڕینی بۆ بەهەشت.
 
رووداو: دوا پرسیارمان بۆ تۆ نەک وەک سەرۆکی ئیئتیلاف یان سیاسەتمەدارێکی ناسراو، بەڵکو وەک هادی بەحرە وەک باوکێک یان کەسێکی مەدەنی. وڵاتەکەتان لە ماوەی 15 ساڵدا لە تیرۆر ئازاری چەشت و دوای رووخانی ئەسەد لە نوێوە بنیات دەنرێتەوە. هەست و پەیامتان وەک هاووڵاتییەک چییە؟
 
هادی بەحرە: بە یەک وشە، ئامانجە سەرەکییەکانی دەوڵەتەکەمان دەبێت سەرەتا بەدیهێنانی دادپەروەری تەواو بێت بۆ هەمووان، و سیستەمی حوکمڕانی دیموکراسی فرەیی بێت لەسەر بنەمای فرەیی حیزبی و باوەڕ بە دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە شێوەیەکی ئاشتیانە لەڕێی هەڵبژاردنی ئازاد و پاکەوە. پابەندبوونی سێیەم و گرنگتر ئەوەیە کە حیزب و رەوتە سیاسییەکان تێبگەن کاتێک لە هەڵبژاردن سەردەکەون بۆ حوکمڕانی سووریا، نوێنەرایەتی هەموو گەلی سووریا دەکەن و بەپێی دەستوور حوکم دەکەن نەک بەپێی بیروباوەڕی حیزبی. ئەم بیروباوەڕە نوێنەرایەتی حیزبەکە خۆی دەکات بەڵام نوێنەرایەتی سوورییەکانی دیکە ناکات. بۆیە، دەبێت حیزبە سیاسییەکان پابەند بن بەم پێوەرانە: باوەڕ بە دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات. کاتی سەرکەوتن لە هەڵبژاردن، حوکمڕانی بەپێی دەستوور نەک بەپێی بەرنامەی ئایدۆلۆژی، لەگەڵ پاراستنی ئایدۆلۆژیا بۆ حیزبەکە خۆی، و دوورنەخستنەوەی هیچ لایەنێکی سیاسی لە سووریای داهاتوودا مادام بیروباوەڕەکانی دوور بن لە توندوتیژی و تووندڕەوی.ئەم سێ ئامانجە دەبێت بنەمای کاری سیاسیمان بن. وەک دەوڵەتیش، وەک گوتم، دادپەروەری بنەمایە، لەگەڵ رێزگرتن لە ئازادی و مافەکانی هاووڵاتیان، و بەدیهێنانی سیستەمێکی دیموکراسی کە مافی هەمووان دەستەبەر بکات و ئازادییەکانیان بپارێزێت لە سایەی سەروەری یاسادا.
 
هادی بەحرە: کاتێک زانیتان ئەسەد رووخا، هەستت چۆن بوو لەسەر ئاستی کەسی و هەروەها وەک سیاسەتمەدارێکی سووری کە لە مێژە وڵاتەکەی بەجێهێشتووە؟ ئایا نەخشە رێگایەکتان هەیە بۆ گەڕانەوە؟
 
هادی بەحرە: چاوەڕێی رووخانی ئەسەدم دەکرد، لە زیاتر لە شەش مانگ پێشەوە، لە کۆبوونەوە نێودەوڵەتییەکانماندا بە دەوڵەتەکانم دەگوت کە سیاسەتەکانیان هەڵە بوون. وایان دانا کە ئەسەد سەرکەوتووە و دەستیان کرد بە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رژێمەکەی، بەڵام تێنەگەیشتن کە دۆخی سووریا دینامیکی بوو و لە ئازار و ئەشکەنجەی گەلی سووریاوە سەرچاوەی گرتبوو، ئەوە گەل بوو کە ئەنجامەکانی دیاری دەکرد نەک ئەوان. پێم گوتن کە ساتی رووخانی رژێم لەناکاو دێت، چونکە پێویستی بە زەبرێکی کۆتایی و ساتێکی مێژوویی گونجاو هەبوو بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ رۆڵی رووسی و ئێرانی و تایفی حیزبوڵڵا. لە راستیدا، چەندین هۆکار بوونە هۆی ئەمە، گرنگترینیان رووداوەکانی غەززە و تاوانەکان دژی گەلی فەلەستین، و راکێشانی لوبنان بۆ ناو جەنگ. ئەمەش وای لە حیزبوڵڵا کرد هەندێک لە میلیشیا و سەرکردەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە بۆ چڕبوونەوە لەسەر جەنگی لوبنان. لە هەمان کاتدا، گرژی لەگەڵ ئێران روویدا و بۆردومان کرا، کە جموجۆڵەکانی سنووردار کرد. دەبوایە ئۆپەراسیۆنی سەربازی پێشتر دەست پێبکردایە، بەڵام بەهۆی دۆخی فەلەستین و لوبنانەوە دواکەوت. کاتێک ئاگربەست لە لوبنان روویدا و لوبنانییەکان نەمان شەڕیان دەکرد، ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ناوچەکانی ئێمە دەستی پێکرد. لەو کاتەدا هەستم بە دادپەروەری کرد.
 
گیراوەکانی زیندانەکانی رژێمم بیر کەوتەوە، خێزانە لێکترازاوەکان، کە خێزانەکان دابەش ببوون بە نێوان لایەنگر و دژی رژێم، و شەهیدەکان کە خوێنیان دا یان بە کەمەندی مردن. کاتی رووخانی رژێم کەسایەتییەکانی وەک ساروت، فەدوا سولەیمان و مەی سەکافم بیر کەوتەوە کە گوتی: "ئەمە سووریای مەزنە نەک سووریای ئەسەد"، و بە کەمەندی مرد. هەموو ئەم شەهیدانە گیانی خۆیان بەخشی لە پێناو داهاتوویەکی باشتر بۆ سووریا. بۆیە، ئێمە وەک سووری ئەمانەتێکی گەورەمان لە ئەستۆدایە و دەبێت دەرەنجام گواستنەوەیەکی سیاسی بێت کە دادپەروەری و ئازادی و دیموکراسی بەدی بهێنێت و دڵسۆز بین بۆ قوربانییەکانیان.
 
رووداو: زۆر سوپاس
 
هادی بەحرە: زۆر سوپاس
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە