رووداو دیجیتاڵ
بەریتانیا کاری خۆی لە عێراق وەک پشتیوانیی خەڵكی عێراق و حکومەتەکەی دەناسێنێت بۆ ئەوەی نەتەوەیەکی سەقامگیر و گەشاوە و دیموکرات بونیات بنێت. هەروەها بۆ زیادکردنی بازرگانی و وەبەرهێنانی بەریتانی-عێراقی و زۆر کاری دیکە.
مارک برایسن ریچاردسن، باڵیۆزی پێشووی بەریتانیا لە عێراق لەم هەڤپەیڤینەی رووداودا دەڵێت: بۆ بوونی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز لەنێو عێراقدا، دەبێت دڵنیایی بدرێت لەوەی بە زووترین کات لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بکرێت. هەروەها، چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانی دیموکراسییەی ئێستا دەیبینین و پێویستیشە حیزبە سەرەکییەکان لەسەر بیرۆکەیەکی یەکگرتوو بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستانی عێراق رێکبکەون.
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. سەرەتای ئەم مانگە، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی بەریتانیای کرد و گفتوگۆی ستراتیجیی بەریتانیا-عێراق کرا کە تۆ زۆر چالاکانە تویتت لە بارەیەوە دەکرد، لە تویتێک نووسیوتە دەبێتە خاڵی وەرچەرخان، خاڵی وەرچەرخان مەبەستت چییە؟
مارک: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە تا هەندێک قسە بکەین لە بارەی هاوبەشایەتیی نێوان وڵاتەکانمانەوە، گفتوگۆکە حوزەیرانی 2021 دەستی پێکردبوو و بە راستی رەنگدەرەوەی ئەو راستییە بوو کە هاوبەشاییەکی فراوان و هاوچەرخمان لەنێوان هەردوو وڵاتدا دەویست. بۆیە ئاشکرایە لە پرسەکانی بەرگری و ئاسایشدا هاوکاریی زۆرمان هەبوون، بەڵام دەمانەوێت ئێستا ئەوە ببینین کە فراوانبێت و تەواوی بوارەکان بگرێتەوە. جا لە رێگەی گفتوگۆی ستراتیجییەوە دەچینە ئەو بوارانەوە، بەڵام قسەدەکەین لەسەر؛ بازرگانی، ئابووری، پەیوەندییەکان، فەرهەنگ، تەندروستی و تەواوی پرسەکانی دیکە، تا بتوانین پێکەوە کاریان لەسەر بکەین و بەرەو پێش بچین.
رووداو: بەریتانیا لە بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێداندا پشتیوانیی ئەندامێتیی عێراقی کرد، عێراق لەم ئەندامێتییەوە چی دەست دەکەوێت؟
مارک: خۆی بوونە ئەندام، سەرەتا، عێراق دەبێتە بەشێک لە گرووپێکی جیهانیی فراوان کە پێکەوە لە دەرفەتەکانی کەرتی تایبەتدا لە ژمارەیەک وڵاتدا وەبەرهێنان دەکەن. خۆشبەختانە هەنگاوی دووەم ئەوە دەبێت کە عێراق خۆی دەتوانێت لە بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتی دەستبکەوێت. بۆیە ئەوان بوونە بەشێک لەو کۆمەڵەیە کە وەک رێکخراوێکی جیهانییە و بانکێکی وەبەرهێنانە، خۆشبەختانە دەیشبینن لە لایەن بانکەکەوە وەبەرهێنان دێتە عێراق.
رووداو: ئایا ئەم ئەندامێتییە هانی وەبەرهێنانی زیاتری بەریتانی دەدات لە عێراق؟ ئەگەر بەڵێ، پێت وایە لە چ کەرتێکدا زیاتر گونجاوە بۆ بەریتانیا کە لە عێراق وەبەرهێنان بکات؟
مارک: ئەوە دەتوانێت هاوشانی چالاکییەکانی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە باشی هانی هەندێک وەبەرهێنانی بەریتانی بدات، بەڵام وەک بەشێکی گفتوگۆ گشتییەکە، ئێمە باسی گرنگیی وەبەرهێنانمان کرد. راستییەکەی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا گەشەدەکات. لە دوای سەرهەڵدانی داعشەوە لە ساڵی 2013دا، ئێستا لە بەرزترین ئاستیدایە. دەبینین لەم کاتەدا بازرگانییەکە گەشەدەکات بۆ زیاتر لە ملیارێک پاوەند. جا من گەشبینم کە لە مانگەکانی داهاتوودا دەبینین ئەوە زۆر زیاتر گەشەدەکات. لە بوارەکانی وەبەرهێناندا چالاکیی زۆر لەژێرخاندا هەیە. هیوادارم ببینم ئەوە فراوانتر دەبێت، زیاتر لە بواری پەروەردە و تەندروستی و کەرتەکانی دیکەیش.
رووداو: کاتێک ئاماژەت بە بەهای بازرگانیی ساڵی رابردووی نێوان هەردوو وڵات دا، گوتت ملیارێک پاوەند بووە، ئەی تائێستا بۆ ئەمساڵ چەندە؟
مارک: خۆی هێشتا بۆ ئەمساڵ هیچ ئامارێکمان نییە، ئەوە بۆیە سەرنج دەخەینە سەر 2022. پێم وایە بە گشتی بە بەهای ملیارێک و 200 هەزار پاوەند بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا کراوە. من بە وریاییەوە گەشبینم کاتێک ئاماری ئەمساڵمان بێتە دەست، بە داخەوە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەبێت، گەشەی بەردەوامی ئەو ئامارانە دەبینین.
رووداو: دەچینە باسی کەرتی نەوت. بە دڵنیاییەوە بەریتانیا هەر لە سەرەتاوە زۆر بایەخی داوە بە دۆزینەوەی نەوت لە عێراق. رۆڵەکەی چەندێکە؟ یان رۆڵی بەریتانیا لە کەرتی نەوتی عێراقدا لە ئەمڕۆدا چۆن دەخەیتەڕوو؟
مارک: هێشتا کۆمپانیا بەریتانییەکان لەو کەرتەدا چالاکن، بەڵام وەک حکومەتی بەریتانیا، سیاسەتی سووتەمەنی دەرهێنراومان بەو جۆرەیە ناتوانین بەشداری بکەین و راستەوخۆ پشتیوانیی بەشداریکردنی سووتەمەنیی دەرهێنراو بکەین. سەرەڕای ئەوە، ئێمە بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتدا لەسەر زۆر پرس لەبارەی گواستنەوەی وزە و گۆڕانی کەشوهەواوە کار دەکەین. هەر بۆیە بۆ نموونە، پشتیوانیی هەوڵەکانی بەدەستهێنانی گاز دەدەین. هەروەها تەماشا دەکەین، بزانین شتێک هەیە بتوانین بۆ بەشداریکردن لە وزەی نوێبووەوە و وزەی سەوزدا بە هاوبەشی لەگەڵ عێراقدا بیکەین.
رووداو: پلانی درێژخایەنتان بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و بەریتانیا چییە؟
مارک: پێم وایە ئێمە تەنیا دەمانەوێت لە رێگەی هاوکارییەوە لە کۆمەڵێک کەرتدا کە لە بەرژەوەندیی هاوبەشی هەردوو لاماندایە، ئەم پەیوەندییە گەشە بکات. کار لەسەر زۆر پرس دەکەین. گۆڕانی کەشوهەوا نموونەیەکی باشە کە کاری لە هەردوو وڵات کردووە، ئینجا لە کاری پێکەوەییدا بەرژەوەندیی هاوبەشمان هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەربەستەکان، هەندێک هەنگاوی کۆنکرێتیمان هەن کە هیوادارم بەم زووانە تەواو ببن. لە گفتوگۆی ستراتیجیدا باسی پتەوکردنی هاوبەشایەتییەکەمان و رێککەوتنی هاوکاریی نێوان هەردوو وڵاتمان کرد کە ئەوەیش بنچینەیەکی باش بۆ بازرگانی و فراوانکردنی هاوکارییەکان لە زۆر بواردا دروست دەکات، ئیتر کەشوهەوا بێت یان تاوانی رێکخراو، تەندروستی یان زۆر پرسی دیکە، هیوادارم لە ساڵانی داهاتوودا پەیوەندییەکە زیاتر گەشەبکات.
رووداو: لە چ پڕۆژەیەکدا لە بارەی گۆڕانی کەشوهەواوە هاوکاریی عێراق دەکەن؟
مارک: لەم کاتەدا لە عێراق پرۆگرامێکمان هەیە کە بە هاوکاریی یو ئێن دی پی کار دەکات. سەیری بەڕێوەبردنی ئاو دەکات، بە تایبەتی بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، پلان بۆ داهاتوو دادەنێن و ئامادەکاری بۆ وشکەساڵی دەکەن کە بە داخەوە ئەگەرێکە، هەروەها لێکتێگەیشتنی هاوکاریی هەرێمی لە بارەی پرسی ئاوەوە زیاد دەکەن، بەڵام ژمارەیەکی زۆر بواری دیکە هەن و ئێمە لە گفتوگۆی ستراتیجیدا قسە لەسەر هەندێکیان دەکەین، لەناویشیاندا توێژینەوەی پێکەوەیی لەسەر خۆڵبارین و ئەو رێگرییانەی دیکە کە رووبەڕووی عێراق دەبنەوە.
رووداو: دێینەوە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە کوێی گفتوگۆی نێوان بەریتانیا و عێراق؟
مارک: ئاشکرایە گفتوگۆکە نیشتمانییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا هەرێمی کوردستانی عێراق بەشێکە لە گەشانەوە و گەشەکردنی گشتیی عێراق، ئینجا حکومەتی بەریتانیا پەیوەندییەکی زۆر نزیکی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، جا ئێمە بە هەمان شێوە گفتوگۆمان هەیە لەبارەی ژمارەیەک پرسەوە، لەسەر هاوکاریی کەشوهەوا، تەندروستی، پەروەردە و پرسی دیکە.
رووداو: پێت وایە چۆن دەکرێت پێگەیەکی بەهێز هەرێمی کوردستان لەناو عێراقێکی فیدراڵدا بە دیبێت؟
مارک: پێم وایە چەند توخمێک پەیوەندییان پێیەوە هەیە، بەڵام ئێستا بە لای منەوە دوو توخمیان بەرجەستەن، یەکەم، چارەسەرکردنی ئەو کورتهێنانی دیموکراسییەی ئێستا دەیبینین و دڵنیاییدان لەوەی بە زووترین کات لە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بکرێت، دووەم، لەهەمانکاتدا کێبڕکێ و جیاوازیی سیاسی پەسەندبکرێت، دڵنیایی بدرێت کە حیزبە سەرەکییەکان لەسەر بیرۆکەیەکی یەکگرتوو بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستانی عێراق رێکبکەون.
رووداو: بەم دواییانە سەردانی هەرێمی کوردستانت کرد و زۆر چاوپێکەوتنت لە ئاستی جیاوازدا کرد. مەبەستی سەردان و چاوپێکەوتنەکانت چی بوون؟
مارک: بە داخەوە، ئەمە رەنگە دوایین رۆژم بێت لە عێراق، بۆیە بەشێکی بۆ خواحافیزی بوو لەو هاوڕێ و دۆستانەی لە چەند ساڵی رابردوودا ناسیومن، بەڵام گفتوگۆمان کرد لەسەر هەندێک لەو پرسانەی ئاماژەم پێدان، لەنێویاندا گرنگیی هەڵبژاردن. هەروەها قسەمان لەبارەی ئابووری و گۆڕانی کەشوهەوا و بوارەکانی هاوکاری کرد، جا دڵنیام ئەو گفتوگۆیە و پەیوەندییە نزیکە لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەردەوام دەبێت.
رووداو: با ئەمە دوایین پرسیارم بێت: چۆن باسی ئەو کاتە دەکەیت کە لە عێراق بەسەرت برد؟ بە دڵنیاییەوە زۆر جاریش سەردانی هەرێمی کوردستانت کردووە.
مارک: ئەزموونێکی زۆر جوان بوو بۆ من، دووەم جارم بوو بێمە ئێرە، بەڵام بینیم لە 10 ساڵی رابردوودا گۆڕانکاری کراوە لە هەریەکە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتیدا و شتێکی جوان بوو، ژمارەیەکی زۆر گەشەکردنی ئەرێنی هەبوون، شتێکی زۆر خۆش بوو کە بەشێکبیت لە گفتوگۆ تا بزانین چۆن دەتوانین زیاتر پشتیوانبین. پێم وایە هەمووان ئەوە دەڵێن، عێراق بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر بەخێرهاتنت دەکات، بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش کراوەیە. من بیری ئەو هاوڕێیانەم دەکەم کە لە ماوەی مانەوەم لەوێ ناسیومن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ