رووداو دیجیتاڵ
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پەنابەرێکی سووریایی بە زۆر ناگەڕێنێتەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، زیاتر لە 200 هەزار پەنابەری سووریایی ئێستا لە هەرێمی کوردستان دەژین.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکی تۆڕی میدیایی رووداودا باس لە هاونیشتمانییانی رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان؛ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دۆخی ناوچەکە دەکات.
زێباری دەڵێت: "پەنابەر هەیە 40 ساڵە لێرەیە و وڵاتینامەی عێراقی پێنەدراوە. ئەم مافەیان لێوەرگیراوە یان پێیان نادرێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی یاسایی عێراق، چارەسەرەکەش دەبێت بەغدا و حکومەتی عێراق بیکەن".
دەقی هەڤپەیڤینی د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان:
رووداو: شەش حەوت وڵاتی ئەورووپا بڕیاریان دا داوای مافی پەنابەریی بۆ هەڵگری وڵاتینامەی سووریا رابگرن، تەنانەت هەندێکیان دەڵێن، گفتوگۆی ئەوە دەکەن کۆمەڵێکیان دیپۆرت بکرێنەوە، هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەنابەران یان هاووڵاتییانی سووریایی چۆن مامەڵە دەکات دوای رووخانی بەشار ئەسەد؟
دیندار زێباری: ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە سووریا لە 2013 بەدواوە نزیکەی 460 هەزار پەنابەری سووریمان وەرگرتووە، ئەوە بڕیاری سەرکردایەتی بووە و سەرۆکایەتی ئەوکاتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی ئێمە بە هانای ئەو خەڵکەوە بچین، ئەوانەی کە لە مەترسی لەنێوبردن بوون. بە دەیان کەمپ دروست کران، پلانی ئێمە ئەوە بوو بۆ چەند مانگێک بێت پاشان پلانەکە وایلێهات ئێمە باسی چەندین ساڵ دەکەین ئەمە بوو بە بارگرانییەکی زۆر بۆ هەرێمی کوردستان. جگە لەوەش نزیکەی 170 رێکخراوی نێودەوڵەتی دەستیان بە هاوکاری کرد. بیرمە لە 2013 و 2014 بە دواوە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشمان دروستکرد، بەبێ ئەوەی حکومەتی ناوەندی ئەوکات و ئێستاش هیچ هاوکارییەکی راستەوخۆ یان رێکخراوەیی بۆ ئەم پەنابەرە سوورییانە بکات، تەنانەت ئەو تۆمەتە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کرا کە نەدەبووایە سنوورەکان بکەنەوە و ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەران وەربگرن، ئەمە تۆمەتێک بوو ئاراستەی ئێمە کرا لایەنی نێودەوڵەتی ئەو لایەنە بوو کە هاتن هاوکارییان کردین، بابەتەکە لە رووی سیاسییەوە لەسەر ئێمە کەوت، بەڵام ئێمە لایەنی مرۆییمان هەڵبژاردن و ویستمان لەگەڵ بنەما نێودەوڵەتییەکان بڕۆین، ئێستاش زیاتر لە 200 پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستان هەن.
رووداو: ئەوانە تەنیا پەنابەرن یان مافی مانەوەیان پێدراوە؟
دیندار زێباری: ئەمە کێشەیەکی گەورەیە، چونکە ئێمە لە عێراق یاسای پەنابەرێتیمان نییە، ئەو رێگە کە دۆزیمانەوە رێگەیەکی چارەسەری کاتی بوو، ئەویش داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن و بەشێوەیەکی کاتی دەمێننەوە، ئێمە هەمیشە داوا لە پەرلەمانی عێراق و حکومەتی فیدراڵی دەکەین ئەمانە وەربگیرێن، داواکارین وەکو وڵاتانی دیکە مافی پەنابەرێتی لە یاساکانی عێراق بچەسپێ. پەنابەر هەیە 40 ساڵە لێرەیە و وڵاتینامەی عێراقی پێنەدراوە. ئەم مافەیان لێوەرگیراوە یان پێیان نادرێت. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی یاسایی عێراق، چارەسەرەکەش دەبێت بەغدا و حکومەتی عێراق بیکەن. سیاسەتی ئێمە بۆ گەڕانەوەی پەنابەران و ئەو ئاڵۆزییەی کە ئێستا لە سووریا هەیە و ئەوەی کە رژێم رووخا لە سووریا، نازانین بەرەو چی دەچێت! ئایا پێشکەوتنە ئەمنییەکان چۆن دەبن و بارودۆخی سیاسی چۆن دەبێت! جەنابی سەرۆک بارزانی لە پەیامی دوایی خۆیدا پێش دوو رۆژ ئاماژەیەکی روونی هەبوو کە داوای لەلایەنە بەشداربووەکان دەکات یان لایەنەکانی دیکەی سووریا بەگشتی پێکەوە بەرەو چارەسەرییەک یان ئاشتی بگەڕێنەوە، لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئەو خەڵکەی لێرە دەمێننەوە سیاسەتی ئێمە لەگەڵیان چۆن دەبێت؟ سیاسەتی ئێمە نەگۆڕە بەرامبەر پەنابەر و ئاوارەکانە. ئەویش سیاسەتی نەتەوە یەکگرتووەکانە، سیاسەتی کۆمیسیاری باڵای مافی پەنابەرێتییە کە سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکانە، کە دەبێت گەڕانەوەیان بە دەستی خۆیان بێت و بە هیچ شێوازێک حکومەتی هەرێمی کوردستان بە زۆر کەس لە هەرێمی کوردستان نە دەردەکات نە زۆری لێدەکات بگەڕێتەوە.
رووداو: ئەوانە پاساوێکیان هەبوو کە حکومەتی بەعس و ئەسەد هەبوو، لەبەر ئەو رایانکرد ئێستا پاساوەکە نەماوە بەچ پاساوێکی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان مافی پەنابەرێتیان پێدەدات؟
دیندار زێبای: ئەوانەی لێرە لە هەرێمی کوردستان داوای مافی پەنابەرێتییان کرد سەقفی زەمەنییان بۆ دیاری نەکرابوو،، دووەم ئەو بارودۆخەی لە سوریایە هێشتا دیار نییە چی لێدێت، ئایا پاش ساڵێک هەڵبژاردن دەکرێت تەنانەت ئەگەر هەڵبژاردنیش بکرێت گەڕانەوە و سەقامگیری ئەمنی و سیاسی لەو وڵاتە کاتی پێویستە، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە خەڵکەکە نەگەڕێتەوە و ئەو گەڕانەوە بە پلەبەندی بێت یان بە هەر شێوەیەک بێت، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ خودی خەڵکەکە. سیاسەتی هەرێمی کوردستان زۆر روونە ئێمە لەگەڵ ئەو پڕەنسیپە نێودەوڵەتییەین کە مافی هاووڵاتی پارێزراو بێت، مافی ئەوانەی داوای پاراستنیان کردووە لە هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
رووداو: کەواتە حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ پلانێکی نییە بۆ ناردنەوەیان، لە رابردوو هەندێک کەیس هەبوو دەگوترا کە ماوەی مانەوەیان بەسەرچووە و دەنێردرێنەوە و هەندێکیش گەڕێندرانەوە و بۆیان نوێ نەکرانەوە ئەم دۆسیانە جیاوازن ؟
دیندار زێباری: نەخێر ئێمە ئەوەی داوای مافی پەنابەری کردبێت، کارتی تایبەتی پێ بێت ئەو ناسنامە تایبەتەی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێ بێت ئەوانە نەگەڕاونەتەوە، ئەگەریش گەڕێندرابێنەوە ئەوە بە ویستی خۆیان بووە، بەڵام ئەوانەی بە ڤیزە هاتوون، جیا ڤیزەی گەشتیاری بێت، یان کار یان خوێندن. ئەمانە دەبێت رێز لەو سیستەمە بگرن کە لێرە هەیە، ئەگەر سەرپیچی لە پێدانی وەکو لایەنی یاسایی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییانە هەبێت یاساکان روونە، بەڵام بەهیچ شێوازێک کەسێک مافی پەنابەرێتی لە هەرێمی کوردستان وەرگرتبێت بە زۆر نەگەڕێندراوەتەوە. با روونتری بکەمەوە خەڵک گەڕاوەتەوە، بەڵام بەویستی خۆیان گەڕاونەتەوە بۆ سووریا بۆ ئەو ناوچانەی ساڵانی رابردوو ئازاد کراون.
رووداو: چاوەڕێ دەکەن پەنابەری دیکە روو لە هەرێمی کوردستان بکەن بەتایبەتی کە حکومەتێک رووخاوە لایەنگر و هەوادار و خەڵکی خۆی هەبووە؟ چاوەڕێی پەنابەری تازە دەکەن؟
دیندار زێباری: وڵاتەکە دابەش بووە بەسەر سێ لایەن، هێزی گەورەی وەکو ئەمریکا، رووسیا، وڵاتانی هەرێمیش لە سووریا هەن. تەنانەت ئەوانەی لە ژێر چەتری پێکهاتەکانن، پێشبینی دەکەم بابەتی چارەسەری سیاسی و ئەمنی کاتی پێویست بێت، ئێمە نزیکەی 600 کیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ سووریادا هەیە، بەڵام ئەو شەڕەی ئێستا هەیە دوورە لە هەرێمی کوردستان.
رووداو: هەر باسی سنوورت کرد، سنوورەکانی هەرێمی کوردستان چۆن دەپارێزن بەتایبەتی کە ئێستا وەکو دەگوترێت پێشێلکاری ئەمنی هەیە لە سووریا و شەڕ و پێکدادان هەیە، رەنگە ئەندامانی رێکخراوە تیرۆریستییەکان هاتووچۆ بکەن، مادەی هۆشبەر بگوازرێتەوە، چۆن سنوورەکان دەپارێزن؟
دیندار زێباری: سەبارەت بە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان سنووری عێراقن، کە وڵاتێکی خاوەن سەروەرییە. لێرە هەمیشە هێزی پاسەوانی سنوورمان هەیە، بەڵام هێزی بەرگریی لە هەرێمی کوردستان پێشمەرگەیە و هێزەکانی پێشمەرگە بوونیان هەیە و من دڵنیام لەوەی لەلایەنی ئەمنیشەوە ئامادەکاری خۆیان هەیە و بەردەوامیش بوونە لەو سیاسەتە. هێزە ئەمنییەکان لە ئامادەباشیدان بۆ پاراستنی سنوور لەگەڵ ئێران و تورکیا، بەڵام ئەوەی کە حەز دەکەم ئاماژەی پێبکەم بابەتی مادەی هۆشبەرەوە، کە یەکێک بوو لەو تۆمەتانەی ئاراستەی رژێمی ئەسەد دەکرا کە نزیکەی شەش ملیار بەسەرەوە و هەندێک باسی هەشت ملیار بەسەرەوەیان دەکرد درامەتی ساڵانەی بازرگانی بووە بەو مادەیە. بەداخەوە بووەتە هەڕەشەش بۆ ناوچەکە تەنانەت وڵاتانی کەنداویش. تەنانەت راپۆرتەکانی یوئێن دی سی زۆر روونە لەسەری کە باس دەکرێت لەماوەی چوار بۆ پێنج ساڵی رابردوودا زۆر بە هەڕەشەیەکی ئەمنی روون دادەنرا بۆ کەنداو و بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بۆ ئێمەش لە عێراق. دەتوانم بڵێم ئەو سنوورەی کە ئێستا گرووپە چەکدارەکان تێیدا ئەکتیڤن سنووری مادەی 140 دەگرێتەوە زۆر شوێن هەیە بۆشایی ئەمنییە، بۆیە مەترسی هەیە دزەی پێ بکرێت، ئەو هەلومەرجەی کە ئێستا لە سووریا هەیە زیاتر بڵاو ببێتەوە و قاچاخچێتی بەو ماددەیە سنوورەکان ببەزێنێت.
رووداو: لە شنگال بۆشایی ئەمنی هەیە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، داعش لە هەندێک شوێن هەیە و چالاکە، چۆن وا دەکەن چالاکی داعش نەبێتە هۆکاری ناسەقامگیری لە ناوچەکە و بەشێوازێکی دیکە سەرهەڵنەداوە؟
دیندار زێباری: گرنگترین شت سەبارەت بە رێککەوتنی شنگال گەڕانەوەی هێزی لۆکاڵییە بۆ ئەو ناوچانە. ئەو هێزانەی ئێستا لە شنگالن سەر بە گرووپەکانی حەشدی شەعبین لە چیای شنگال تاوەکو دەگاتە نێوەڕاستی شنگال. گرووپەکان زۆر جیاوازن لە یەکتر و زۆربەی راگەیاندنی نێودەوڵەتی، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، کۆنسووڵگەرییەکان، دیپلۆماتەکان و تەنانەت رەنگە خودی حکومەتی عێراقیش نەتوانن بچنە ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی هەندێک گرووپی چەکدارین.
لەو ناوچانە هەڕەشەی وڵاتانی هەرێمی بەردەوامە، چی بە تۆپباران بێت یان هەر بۆردوومانی ئاسمانی. ئەوەی زیاتر بۆ ئێمە مەترسییە ئەو سنوورانەی نێوان سووریا و ئەو ناوچانەیە کە کراوەن، ئەگەر کراوەش نەبێت راستە پاسەوانی سنوور لەوێ هەیە، بەڵام زۆربەی ئەو ناوچانە و هاتووچۆی هاوبەش لە نێوان لایەنەکان هەیە و گرووپەکان کە دەتوانم بڵێم روونە کە پەیوەندییان لەگەڵ یەکتر هەیە و تەنانەت پاڵپشتی یەکدی دەکەن. بۆیە هێشتا پاشماوەی 'داعش'یش لەو سنوورانە ماوە.
لەبارەی داعش ـەوەسەیری راپۆرتەکانی نێودەوڵەتی بکە تەنیا لە 2021 بۆ 2024 زیاتر لە 200 بۆردوومانی ئاسمانیی هاوپەیمانان دژی داعش هەبووە. دەیان شەهید و برینداو لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەبووە بە دەستی گرووپەکانی داعش لەو ناوچانە. بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە هەیە، بۆیە ئەمە مەترسییە.
رووداو: باسی بۆشایی ئەمنی دەکرێت، با باسێکی بۆشایی دەسەڵات بکەم کە رەنگە پەیوەندی بە بۆشایی ئەمنی و ناوچەکەوە هەبێت، ئەویش پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ئێستا نە پەرلەمان وەکو خۆی هەیە، نە حکومەتی تازە دروست بووە، پەیامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەم روانگەیەوە چییە؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت چی بکات بۆ ئەوەی رووبەرووی ئاڵەنگارییەکانی ئێستا ببێتەوە؟
دیندار زێباری: دەستخۆشییەکی زۆری وڵاتان بە گشتی هەیە لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان، ئەمە لە خودی بەیاننامەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک پاش دوو رۆژ لە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان روون بوو. داوا لە هەرێم[ـی کوردستان] دەکات بە زووترین کات حکومەتێکی ئیئتلافی نیشتمانیی بنکە فراوان دابمەزرێنێت. هەروەها سەیری وڵاتانی زلهێز بکە وەکو ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا و یەکێتیی ئەورووپا لە گفتوگۆکانی خۆیان بەردوامن لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان. پەیامی جەنابی سەرۆک بارزانی زۆر روون بوو، ئەویش یەک هێز یەک هەرێم و لە هەموو گرنگتر پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو.
شتێکی زۆر ئاساییە، لە ئەوروپاش وایە؛ لە هۆڵەندا نزیکەی 10 مانگە دوای هەڵبژاردن حکومەتی ئیئتلافی نیشتمانییان دواکەوت تا دروستکرا، بۆیە شتێكی زۆر ئاساییە لە دیموکراسییەت لە وڵاتان کە یەک هێز نەتوانێت زۆربەی دەنگەکان بەدەست بهێنێت و گفتوگۆکان درێژە بخایێنێت. ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە نیەتێکی راستگۆیانە هەیە لە هێزە باڵاکانی هەرێمی کوردستان حکومەت پێکبهێندرێت، بەڵی داواکاری وڵاتانیش ئەوەیە کە حکومەتێکی یەکگرتوو و نیشتمانیی دروست ببێت.
رووداو: واتا ئێستا هەرێمی کوردستان لەبەر نەبوونی کابینەیەکی نوێ بەرامبەر بە ئاڵنگارییەکان لاواز نییە؟
دیندار زێباری: بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و پشتگیری نێودەوڵەتی و چاودێریی نێودەوڵەتی لەسەر ئەم هەڵبژاردنە و شەفافییەتی ئەم پڕۆسەیە گەورەترین دەستکەوتە بۆ پڕۆسەی سیاسی و گفتوگۆی پێكهێنان و چۆنییەتی دانانی بەرنامەی داهاتووی کابینەی دەیەم. پێشبینی دەکەم پێکهێنانی کابینەی داهاتوو لەکاتێکی نزیکدا بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ