رووداو دیجیتاڵ
ئەو وردە پلاستیکانەی تەنیا بە وردبین دەبیندرێن، بە هەموو شوێنێکدا بڵاوبوونەتەوە، هەر لە خانەکانی لەشی مرۆڤەوە بۆ هەموو شوێنێکی دیکە
لێکۆڵینەوەیەکی نوێی زانکۆی سەربەخۆی بارسێلۆنای ئیسپانیا گەیشتووەتە ئەنجامێکی راچڵەکێنەر: یەک کیسە چای سەفەری، دەکرێت ملیاران وردە پلاستیک بخاتە نێو ئاوی گەرمەوە و لەو رێگەیەوە بچنە نێو لەشی مرۆڤەوە.
لێکۆڵینەوەکە دەڵێت، کاتێک کیسە چایەکە دەخرێتە نێو ئاوی گەرم، وردە پلاستیکەکان لە کیسە چایەکە جیادەبنەوە و لەگەڵ ئاوەکە دا تێکەڵ دەبن. کاتێک مرۆڤ چایەکە دەیخواتەوە، وردە پلاستیکەکان دەچنە نێو خانەکانی هەناوی مرۆڤەوە.
لێکۆڵەرەکان بۆیان دەرکەوتووە، ئەم وردە پلاستیکانە تەنانەت دەچنە نێو ناوکی خانەکانەوە و مەترسیی جۆراوجۆر بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ دروست دەکەن.
زانایان لە رێگەی لێکۆڵینەوەکەیانەوە تیشک دەخەنە سەر نەبوونی رێکاری پێویست بۆ تاقیکردنەوە و دڵنیابوون لە کوالێتیی ئەو پلاستیکەی بۆ داپۆشین و هەڵگرتنی خۆراک و خواردنەوەکان بەکاردەهێندرێن.
یەکێک لە راسپاردەکانی لێکۆڵینەوەکە ئەوەیە، دەبێت لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر کاریگەریی هەرسکردنی وردە پلاستیکەکان بکرێت و رێکاری زیاتر بگیرێتە بەر بۆ ئەوەی خواردن و خواردنەوەی مرۆڤ لەم تەنۆلکە ژەهراوییانە بپارێزرێت.
لێکۆڵەرەکان داوا لە بەکاربەران دەکەن ئاگاداری مەترسییەکانی کیسی پلاستیکی چای سەفەری بن و بیر لە بژاردەی دیکە بکەنەوە.
وردە پلاستیکەکان دەبنە هۆی نەخۆشی لە کۆئەندامی هەناسەدان، کۆئەندامی سووڕان (واتە دڵ و خوێنبەر و خوێنهێنەرەکان)، هەوکردنی ریخۆڵە و هەناو، تێکچوونی رژێنەکان و نەخۆشییەکانی دەمار و مێشک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ