رووداو - تەندروستی
لەپێناو پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی هۆکارێکی نەخۆشی بە ناوی 'سالمۆنێلا' وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا مەرجە تەندروستییەکان لەسەر گۆشت و مریشک تووندتر دەکات.
ئەمڕۆ دووشەممە 29ـی تەممووزی 2024 وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، کۆمپانیاکانی پەلەوەر دەبێت پشکنینی رێژەی بەکتریای سالمۆنێلا بۆ هەموو پەلەوەرەکانیان بکەن و پشکنین بۆ شەش جۆری جیاوازی بەکتریاکەش بکەن.
بە گوتەی بەرپرسانی وڵاتەکە، ئەگەر رێژەی بەکتریاکە لە ئاستی ئاسایی نەبێت و جۆرە مەترسیدارەکانی بەکتریاکە لەنێو گۆشتەکە بدۆزرێنەوە ئەوا بەرهەمەکە دەکشێندرێتەوە و کۆمپانیای بەرهەمهێنەریش هۆشیار دەکرێتەوە.
د. ئیمیلیۆ ئیستبان، یاریدەدەری بەرپرسی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ سەلامەتیی خۆراک دەڵێت: ''ساڵانە زیاتر لە ملیۆنێک کەس تووشی بەکتریای سالمۆنێلا دەبن، ئەم رێکارانەش وادەکەن نەخۆشییەکە کەمببێتەوە''.
د. ئیمیلیۆ ئیستبان بە پێویستی دەزانێت کێڵگە پەلەوەرییەکان پڕۆگرامێکی تایبەت پەیڕەوبکەن بۆ پێشگیریکردن لە بەکتریا و هۆکاری نەخۆشیی لەکاتی سەربڕینی بەرهەمەکانیان بە تایبەتیش کار بۆ کەمکردنەوەی پیسبوون بە بەکتریای سالمۆنێلا بکەن.
لەم بارەیەوە مارتن باکناڤاج، پسپۆڕی خۆراک لە ویلایەتی پێن ستەیت دەڵێت: ''شکنین بۆ سالمۆنێلا کارێکی ئاسان نییە و جێبەجێکردنی مەرجە نوێیەکان پێویستی بە کاتێکی زۆرە''.
بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەمریکا، ساڵانە ملیۆنێک و 35 هەزار تووشبووی سالمۆنێلا تۆماردەکرێن؛ لەو ژمارەیەش زیاتر لە 400ـیان گیانلەدەستدەدەن.
رێگەکانی خۆپاراستن لە بەکتریای سالمۆنێلا ''گرانەتا''
- شۆردنی بەردەوامی دەستەکان پێش و دوای توالێت.
- خاوێنکردنەوەی کەلوپەلەکانی ئامادەکردنی خۆراک.
- باش کوڵاندنی گۆشت.
- هەڵگرتنی گۆشت لەپلەی گەرمیی گونجاو و دوور لە پلەی گەرمیی بەرز.
- کەمکردنەوەی بەرکەوتن لەگەڵ ئاژەڵ.
- مەلە نەکردن لەنێو ئاوی پیس و ئاوێک کە نەزاندرێت سەرچاوەکەی کوێیە.
- بەکارنەهێنانی کەلوپەلی کەسانی تووشبوو.
- خواردنەوەی ئاوی خاوێن و پاکژکراو لە وەرزی هاوین.
کێن ئەوانەی گرووپی مەترسیدارن بۆ گرانەتا؟
- منداڵانی خوار پێنج ساڵان
- بەساڵاچووان
- ئەوانەی چاندنی گورچیلەیان بۆ کراوە
- تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایێنەکان وەکو 'شەکرە، بەرزەپەستانی خوێن و شێرپەنجە''
- ئاژەڵدارەکان
- پزیشکانی ڤێتێرنەری
نیشانەکانی گرانەتا؛
- تای بەهێز
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکە
- بێهێزی
- کۆکە
- نەمانی ئارەزووی خواردن
- سکچوون
بە گوتە پسپۆڕان نابێت بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ هیچ دەرمانێک بەکاربهێندرێت، چونکە دەشێت ئەو نیشانانە نەخۆشی دیکە بن، لەبەر ئەوەی زۆربەیان تایبەت نین بە گرانەتا.
