لە ئەمریکا نۆرەگرتن بۆ وەرگرتنی ئەندامی جەستە دوو ئەوەندە زیادبووە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

بەراورد بە ساڵانی رابردوو ماوەی نۆرەگرتن بۆ نەشتەرگەریی چاندنی ئەندام لە ئەمریکا زیادبووە و ئێستا کەسانێکی زۆر چاوەڕێی بەخشەری ئەندامەکانی جەستە دەکەن.
 
بە گوێرەی تۆڕی چاندنی ئەندامەکان لە ئەمریکا، ساڵی رابردوو 46 هەزار و 630 هەزار ئەندام چێندراون، بەڵام هێشتا 103 هەزار کەس لە نۆرەی نەشتەرگەریی چاندنی ئەندامن و هیچ بەخشەرێکیان دەست ناکەوێت.
 
بەپێی ئامارەکە، زۆرترین ئەو کەسانەی لە نۆرەکەدان پێویستیان بە گورچیلە هەیە، هەروەها زۆرترین ئەندامیش چێندرابێت گورچیلە بووە.
 
لاری ئان، توێژەر لە پەیمانگەی نیشتمانیی نەخۆشییە گوازراوەکان و هەستیاری لە ئەمریکا دەڵێت، رەنگە گواستنەوە ئەندام لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ ببێتە رێگەیەکی سەرەکیی بۆ پاراستنی ژیانی مرۆڤەکان و لەمەودوا نۆرەی وەرگرتنی ئەندام کەمبکرێتەوە.
 
ئاژانسی سەرچاوە و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی حکومەتی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، رۆژانە 17 کەس لە چاوەڕوانیی چاندنی ئەندامێکی جەستەدا گیانلەدەستدەدەن.
 
بەم دواییانە کۆمپانیای eGenesisـی ئەمریکی چەند نهێنییەکی کارەکانی ئاشکراکرد کە بۆ بەخێوکردنی چەند جۆرێکی بەرازە تاوەکو لە رێگەیانەوە ئەندام بۆ مرۆڤ دابینبکەن، ئەویش بە گۆڕانکاری لە جینەکانیان و دەستکاری کردنی بۆماوەیی؛ تاوەکو کەمترین ئەگەر هەبێت بۆ رەتکردنەوەی ئەندامەکانیان لەلایەن بەرگریی جەستەی کەسی وەرگرەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە