رووداو – تەندروستی
راهێنەرێکی وەرزشی تایبەت بە بەڵێنە تەندروستییەکانی ساڵی داهاتوو لەبارەی وەرزشەوە دەڵێت: پێش ئەوەی پزیشک وەرزشت بۆ بنووسێت، خۆت وەرزش بکە، چونکە ئێستا پزیشکانیش وەرزش وەکو چارەسەر بۆ نەخۆشەکانیان پێشنیازدەکەن.
شۆڕش جەلال، راهێنەری وەرزشی رایگەیاند، هەر تاکێک پێویستە بەڵێن بەخۆی بدات کە رۆژانە کاتێکی دیاریکراو دابنێت بۆ وەرزش بەتایبەت مەلەکردن و وەرزشی لەشجوانی.
شۆڕش جەلال دەڵێت: وەرزش ئەندامەکانی جەستە بە گەنجی دەهێڵێتەوە و سووڕی خوێن چالاکدەکات، تەنانەت دەشڵێت: رۆژانە کاژێرێک بۆ کاژێر و نیوێک و هەفتانە پێنج رۆژ وەرزش بکرێت.
ئەو راهێنەرە گوتی، بەشێک لە پزیشکان وەرزشی لەشجوانییان وەکو چارەسەر بۆ نەخۆشەکانیان داناوە و پێشنیازیان بۆ کردوون کە رۆژانە بیکەن.
لە بەشێکی قسەکانیدا شۆڕش جەلال گوتیشی، وەرزش جەستە بەهێزدەکات و هێزێکی زیاتر دەبەخشێت، هەروەها کاریگەریی لەسەر لێدانی دڵ دەبێت و دەروونی وەرزشڤانانیش باشتردەکات.


