پسپۆڕێکی تەندروستی: پێدانی ئاوی سارد بە کەسانی گەرمابردوو ئەگەری جەڵتە زیاد دەکات

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
پەیمان محەممەد
گفتوگۆ لەگەڵ دکتۆر سەنگەر
گفتوگۆ لەگەڵ دکتۆر سەنگەر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

شارەزایەکی تەندروستیی گشتی دەڵێت، لە وەرزی گەرمادا جەستەی مرۆڤ پێویستی بە بڕێکی زۆر شلەمەنی هەیە تاوەکو خۆی بپارێزێت. لەکاتی وشکبوونەوە و بەرکەوتن بە گەرماش، خواردنەوەی ئاوی سارد مەترسیدارە و ئەگەری جەڵتە زیاد دەکات.
 
پلەکانی گەرما لە جیهان بەرزبوونەتەوە و زەوی دەکوڵێت. لە هەرێمی کوردستانیش ئەم رۆژانەی هاوین پلەکانی گەرما لە سەرووی 45 پلەوەن. 
 
رۆژی هەینی، 26-07-2024، دکتۆر سەنگەر محەممەد جاف، شارەزای تەندروستیی گشتی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە فواد رەحیم پێشکێشیکرد، لەبارەی کاریگەرییەکانی گەرما رایگەیاند، شەپۆلەکانی گەرما بەتایبەت لە وەرزی هاویندا، کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر منداڵان، بەساڵاچووان و ئەو کەسانە هەیە کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە.
 
کەسانێک کە نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، پێویستە بەرکەوتنیان لەگەڵ تیشکی خۆر کەم بێت و پارێزراو بن، ئەگەر بەرکەوتنیشیان هەبێت، پێویستە رێکارەکانی خۆپارێزی بەکاربهێنن تاوەکو لە وشکبوونەوە بپارێزرێن.
 
بەپێی رێنوێنییە تەندروستییەکان لە کاتی بەرکەوتن بە تیشکی خۆر، سەرەتا جەستە بڕێکی زۆر ئاو لە رێگەی ئارەقکردنەوە لەدەست دەدات، لەگەڵ ئەوەی پێویستە بەرکەوتن لەگەڵ تیشکی خۆر کەم بکرێتەوە، دەبێ بڕی پێویست لە شلەمەنییەکانیش وەربگیرێت کە هاوسەنگیی پرۆسەی ئارەقکردنەوە و لەدەستدانی ئاوی جەستەدا رابگرێت، بەشێوەیەک لەکاتی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما، زیان بە کۆئەندام، خانە و شانەکانی جەستە نەگات.
 
دکتۆر سەنگەر محەممەد جاف گوتی، کاتێک بەرکەوتن لەگەڵ تیشکی خۆر هەیە و ئارەقکردنەوە زۆرە، ئەگەر شلەمەنی بە رادەی پێویست بەکارنەهێنرێت، ئەوکات کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کۆئەندامەکانی ناوەوە دەبێت و کەسەکە تووشی وشکبوونەوە دەبێت.
 
وەک ئەو شارەزایەی تەندروستیی گشتی ئاماژەی دا، دەکرێ کەسێک لە ژێر سێبەریشدا بێت و تووشی وشکبوونەوە بێت، لەکاتێکدا کە بڕی پێویست شلەمەنی نەخواتەوە. 
 
لەبارەی مەترسییەکانی خواردنەوەی ئاوی سارد لە کاتی بەرکەوتن بە گەرما و وشکبوونەوە، دکتۆر سەنگەر دەڵێت، ''ئەگەر بە خێرایی ئاوی سارد بە بەرکەوتەیەکی گەرما بدرێت، مەترسیدارە و تەندروستی تێک دەدات، چونکە گرژبوونی بۆرییەکانی خوێنی لێدەکەوێتەوە و ئەگەری تووشبوونی بە جەڵتە زیاتر دەکات.
 
ئەو شارەزایەی تەندروستیی گشتی ئەوەشی خستەڕوو، باشترین رێکار بۆ پاراستنی تەندروستیی کەسێک کە بەر تیشکی خۆر کەوتووە، ئەوەیە کە "سەرەتا ببرێتە شوێنی فێنکتر، دواتر بە ئاو جەستەی شێدار بکرێت، ئینجا بەپێی دۆخەکەی دەتوانرێت ئاوی پێبدرێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک نابێت زۆر سارد بێت، بەڵکو دەبێ پلەی ئاوەکە مامناوەند بێت.
 
لە هاونیناندا بەشێکی زۆر لە هاونیشتمانییان دەست لە خواردنەوەی چا و قاوە هەڵناگرن کە کافاینیان تێدایە. دکتۆر سەنگەر دەڵێت، ئەو خواردنەوانە لە کاتی گەرمادا رێژەی ئارەقکردنەوە زیاتر دەکەن و جەستە بڕێکی زۆر ئاو لەدەست دەدات، "بۆیە باشتر وایە لە کاتی گەرمادا خواردنەوەیان کەمتر بکرێنەوە، بە تایبەتی لە کاژێرەکانی 10:00 بۆ 17:00ـی ئێوارە کە پلەی گەرما بەرزە." 
 
ئەم ساڵ لە وڵاتانی ئەورووپا هۆشدارییەکان بۆ خۆپاراستن لە گەرما زیادبوون، بە گوێرەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئەورووپا رێژەی مردن بەهۆی گەرما و لێکەوتەکانی، لە 20 ساڵی رابردوودا 30٪ زیادبووە.
 
بەگوێرەی ناوەندی CDC لە ئەمریکا، لە هاویندا یەکێک لە مەترسییەکانی گەرما بۆ پێست، شێرپەنجەیە. بۆیە هۆشداری دەدرێت لە خۆپاراستن لە تیشکی زیانبەخشی خۆر.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە