رووداو - تەندروستی
د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر رایدەگەیێنێت، ئێستا کاتی ئەوەیە کار لەسەر {رێگەکانی پێشگیریکردن و زیادبوونی رێژەی شێرپەنجە} بکرێت، هەروەها بایەخی زیاتر بە توێژینەوەکان بدرێت و ببنە بنەمای کارکردن.
بەگوتەی د. دلۆڤان، لە هەرێمی کوردستان کەمتر کار لەسەر خۆپارێزی لە نەخۆشییەکان کراوە، هاوکات بنکە تەندروستییەکان بە هێڵی سەرەکییش دەزانێت بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەر نەخۆشخانەکان؛ هەر بۆیە دەڵێت: ''پێویستە بنکە تەندروستییەکان باشتر خزمەت بکرێن''.
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر ئاشکرای دەکات، زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆی کێشەی بودجەوە، خزمەتگوزاریی بنکە تەندروستییەکان لاوازبووە و وایلێهاتووە کە هاووڵاتییان روو لە نەخۆشخانە گەورەکان بکەن، ئەمەش گوشاری سەر نەخۆشخانە گشتییەکانی زیادکردووە، بۆ نموونە رۆژانە نزیکەی 2 هەزار نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی رزگاری دەکەن.
باسی بیمەی تەندروستی دەکرێت و د. دلۆڤان محەممەد دەڵێت، ''لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی زیاتر لە کەرتی تەندروستی کراوەتەوە، بەڵام بەهۆی کێشەی بودجەوە، رەنگە ئەستەم بێت هەموو پێداویستییەکانی بۆ دابینبکرێت و ئەمەش دەکرێت بە بیمەی تەندروستی چارەسەر بێت''.
لەبارەی شێرپەنجەوە گوتی، ئەرکی حکومەت، رێکخراو و کەناڵەکانی راگەیاندنە کە هۆشیاریی تەندروستی و هاندان بۆ ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختە بڵاوبکەنەوە، چونکە دەتواندرێت بەشێکی زۆری هۆکارەکانی شێرپەنجە کۆنتڕۆڵبکرێن و پێشگیری لە نەخۆشییەکە بکرێت.
ئەم قسانەی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لە چوارچێوەی بەشداریکردنی بوو لە پانێڵێک کە ناوەندی لێکۆڵینەوەی دەزگای روانگە لە زانکۆی لوبنانی فەرەنسی لە رۆژی شەممە 25-1-2025 رێکی خستبوو. {زیاتر ببینە}.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ