لە کرماشان لە مانگێکدا 16 کۆرپەلە لەباربراون

25-06-2024
سینا سۆما
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان رایگەیاند، لە مانگێکدا بە رێپێدانی یاسایی 16 لەباربردنی کۆرپەلە لەو پارێزگایە تۆمار کراون.
 
سەلیم خانی، بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان رۆژی دووشەممە رایگەیاند، "لە مانگی دووەمی بەهاردا، 24 داواکاری بۆ لەباربردنی کۆرپەلە لە پارێزگای کرماشان تۆمار کراون و دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکان، رێگە بە لەباربردنی 16یان درا."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی دادپزیشکیی کرماشان، لە دوو مانگی رابردوودا 209 کەس بە مەبەستی پشکنینی دەروونی سەردانیان کردووە، 139 کەسیان ژن و 70 کەسیان پیاو بوون. هەروەها 7137 کەسیش بۆ پشکنینە تەندروستییەکان سەردانی دادپزیشکیی کرماشانیان کردووە، کە 4920 کەسیان پیاو و 2217 کەسیش ژنن.
 
ساڵی پار لە رۆژی 16-08-2023 قوباد محەممەدی، سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کرماشان رایگەیاندبوو، "لە ساڵێکدا زیاتر لە 2400 کۆرپەلە لە سنووری پارێزگای کرماشان لەباربراون". ئاماژەی بەوەش دابوو، ئەم ژمارەیە تەنیا ئەوانە لەخۆدەگرێت کە بە فەرمی تۆمار کراون.
 
سەرۆکی زانکۆی پزیشکیی کرماشان هەروەها گوتبووی، "لە 10 ساڵی رابردوودا، رێژەی لەباربردنی کۆرپەلە لەو پارێزگایە بەردەوام لە زیادبووندا بووە، ئەم بابەتە کاریگەریی کردووەتە سەر ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی رێژەی کەسانی بەساڵاچوو لە پارێزگاکەدا."
 
لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لەباربردنی کۆرپەلە، ئەگەر ناکام بن تاوەکو سێ مانگی یەکەمی دووگیانیی دایکەکە رێگەی پێدراوە، بەڵام لەدوای ئەوەی دایکەکە دووگیانییەکەی لە سێ مانگ زیاتر دەبێت، ئەگەر کۆرپەلەکەی نێو رەحمی ناکامیش بێت، بەپێی یاسا بۆی نییە لەباری ببات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە