رووداو- هەولێر
توێژینەوەیەکی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان کاریگەرییە نەرێنییەکانی چپس لەسەر تەندروستی بەگشتی و دڵ بەتایبەتی ئاشکرادەکات.
پزیشکانی سەنتەرە ئەمریکییەکە لە توێژینەوەکەدا، بەدواداچوونیان بۆ تەندروستی زیاتر لە 13 هەزار لەنێوان ساڵانی 2011-2016 کردووە و بڕیارە ئەنجامەکەشی لە کۆنفرانسی پزیشکانی پسپۆڕی دڵ لە ئەمریکا بخرێنەڕوو.
د. زیفینگ ژانگ، پزیشکی پسپۆڕی تەندروستی کۆمەڵ و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، خواردنی خۆراکە تەندروستەکان رۆڵێکی گرنگیان لە تەندروستهێشتنەوەی دڵ و لوولەکانی خوێن هەیە، بەڵام خۆراکە ناتەندروستەکان بەتایبەتی چپس بەهیچ بەهایەکی خۆراکی دەوڵەمەند نییە و وزەییەکی زۆریش بە جەستە دەبەخشێت.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە، چپس خۆراکێکی دڵخوازی منداڵانە، بەڵام باوان دەبێت لە زیانەکانی خواردنی چپس لەسەر تەندروستی منداڵەکانیان ئاگاداربێت، چونکە لە داهاتوودا مەترسیین بۆ سەر تەندروستی دڵ.
پزیشکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا دەڵێن، خواردنی چپس دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش و بەمەش ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاددەکات.




