رووداو- دیجیتاڵ
پزیشکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد رایدەگەیێنن، بەکارهێنانی هەنگوین لەجیاتی دەرمانە دژەبەکتریاکان بۆ چارەسەری هەڵامەت و کۆکە یەکێکە لە بژاردە بەسوودەکان.
دەمێکە بەکارهێنانی هەنگوین لەلایەن خەڵکی شتێکی بەربڵاوە بۆ چارەسەری نەخۆشییەکان بەگشتی و کۆکە و هەڵامەت بە تایبەتی، توێژینەوەیەکی نوێی زانکۆی ئۆکسفۆردیش سوودەکانی بەکارهێنانی هەنگوین بۆ نەهێشتنی کۆکە ئاشکرادەکات.
لە توێژینەوەکەدا سوود لە داتای 1761 کەس وەرگیراوە، دوای شرۆڤەکردنی داتای ئەم توێژینەوەیە و 14 توێژینەوەی پێشووتر پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە، ئەو بەشداربووانەی هەنگوینیان بەکارهێناوە توندی کۆکەیان بە رێژەی ٪44 کەمتربووەتەوە.
ئەم توێژینەوەیە لەکاتێدایە زۆر بەکارهێنان و ناپێویست بەکارهێنانی دەرمانە دژەبەکتریاکان ئێستا لە جیهاندا بووەتە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر تەندروستی، بۆیە پزیشکانی بەریتانی زانکۆی ئۆکسفۆرد رایدەگەیێن لەجیاتی بەکارهێنانی ناپێویستی ئەو دەرمانانە، هەنگوین بەکاربهێنن.
پزیشکانی توێژەری بەریتانی دەڵێن، هەنگوین جێگرەوەیەکی هەرزان، بەردەست و تەندروستە. بەڵام روونیدەکەنەوە باشتروایە بۆ ئەوانەی هەستیاریان پێی هەیە و ئەو منداڵانەی خوار یەک ساڵن پێیان نەدرێت.




