پسپۆڕێکی پێست هەموو شتێک لەسەر پلازما ئاشکرادەکات

18-09-2024
شکار رێبوار
شکار رێبوار
نیشانەکردن وەڵامی پرسیارە تەندروستییەکانت
A+ A-
رووداو - تەندروستی

پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری رایدەگەیێنێت، پلازما بۆ سپیکردنەوەی پێست کاریگەریی نییە و باشترە بەبێ راوێژی پزیشک نەکرێت.
 
د. رۆشان دارا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری بە رووداوی راگەیاند، کێشانی جگەرە و نێرگەلە یەکێکە لەو خووە ناتەندروستانەی کە وادەکات چارەخواز سوود لە پلازماکە نەبینێت.
 
بەپێی د. رۆشان دارا، کاریگەریی پلازما راستەوخۆ دەرناکەوێت و نزیکەی دوو بۆ سێ هەفتە دەخایەنێت، هاوکات دەڵێت: ''ئەوانەی بۆ مەبەستی جوانکاری دەیکەن رەنگە دوو بۆ سێ 'جەلسە'ـیان بوێت''.
 
دەقی وەڵامەکانی د. رۆشان دارا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری لەبارەی سوود و بەکارهێنانەکانی پلازما بۆ پێست؛
 
رووداو: پلازمای خوێن چییە و بۆچی بەسوودە؟
 
د. رۆشان دارا: پلازما پێکهاتەیەکە لە خوێندا هەیە و بە تەکنیکی تایبەت لە خڕۆکە سوورەکان و پێکهاتەکانی دیکەی خوێنی کەسەکە جیادەکرێتەوە، یارمەتیی چاکبوونەوە و نوێ بوونەوەی ئەو شوێنە دەداتە کە بۆی بەکاردێت، جا بۆ پێست بێت یاخود بۆ هەڵوەرینی قژ بۆ چالاککردنی خانەکانی سەلکی موو و دووبارە گەشەکردنەوەی مووەکان.
 
رووداو: چ کەسێک پێویستە پلازما بکات؟ لە چ تەمەنێک گونجاوە پلازما بکرێت؟
 
د. رۆشان دارا: دەتواندرێت لە تەمەنی سەروو 12 ساڵییەوە بەکاربێت، بەتایبەت ئەگەر کێشەیەکی جیدی هەبێت وەکو هەوکردن، برین، زیپکە، هەڵوەرینی قژ و سووتاوی ئەوا لە تەمەنی بچووکتریش دەتواندرێت بەکاربێت.
 
رووداو: چ کەسانێک نابێت پلازمایان بۆ بکرێت؟
 
د. رۆشان دارا: تائێستا کەسانێکی دیاریکراو نییە کە پلازمای بۆ نەبێت، بەڵام زۆرجار ئەوانەی هەستیارییان بە پڕۆسەکە هەیە ناتواندرێت بۆیان بەکاربێت.
 
رووداو: ئایا پلازما بۆ سپیکردنەوەی پێست دەبێت؟
 
د. رۆشان دارا: نەخێر.
 
رووداو: ئەوانەی پلازمایان بۆ دەکرێت پێویستە چی بکەن بۆ ئەوەی پلازماکەیان سەرکەوتوو بێت؟
 
د. رۆشان دارا: چەند خوویەکی ناتەندروست وادەکات کەسەکە سوود لە پلازماکە نەبینێت وەکو کێشانی جگەرە و نێرگەلە و خواردنەوەی کحول.
 
رووداو: کاریگەریی پلازما دوای چەند رۆژ دەردەکەوێت، یان راستەوخۆ کاریگەرییەکەی دەردەکەوێت؟
 
د. رۆشان دارا: کاریگەرییەکەی دوای دوو بۆ سێ هەفتە دەردەکەوێت.
 
رووداو: راستە ئەگەر کەسێک پلازمای کرد ئیتر دەبێت ناوە ناوە بیکاتەوە؟ نێوان دوو پلازما دەبێت ماوەی چەند بێت؟
 
د. رۆشان دارا: ئەوانەی بۆ مەبەستی جوانکاری دەیکەن رەنگە دوو بۆ سێ 'جەلسەی' بوێت، بەڵام ئەوانەی کێشەکەیان جیدییە ئەوا پێویستە لەنێوان دوو بۆ شەش 'جەلسە' بیکەن و کاریگەریی دەبێت. نێوان دوو پلازمان دەکرێت دوو هەفتە بۆ 40 رۆژ بێت، بەڵام ئەگەر کێشەی کەسەکە گەورە و زۆر بوو ئەوا دەبێت لانیکەم 10 رۆژیان لەنێوان بێت.
 
رووداو: ئەو خووە ناتەندروستانە چین کە پێست تاریک دەکەن و درەوشانەوەکەی کەمدەکەنەوە؟
 
د. رۆشان دارا: خووەکان ئەمانەی خوارەوەن؛
 
- بەکارنەهێنانی دژەخۆر
- زۆر بەرکەوتنی خۆر
- بەکارنەهێنانی پاکژکەرەوەی پێست 'غسوول'
- بەکارنەهێنانی شێدارکەرەوە
- کەمخەوی
- کەمیی خواردنەوەی ئاو
- بەرکەوتنی سەرمای زۆر
- وشکبوونەوەی پێست
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- زۆرخواردنی چەوری، شیرینی و شیرەمەنییەکان
 
رووداو: هەندێک شوێن لەگەڵ هایدرۆفەیشیاڵ پلازماش دەکەن ئایا ئەوە دروستە؟
 
د. رۆشان دارا: بەڵێ سوودی دەبێت و رەنگە ئەنجامی هایدرۆفایشیاڵەکەش باشتر دەربکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دەربەندیخان

تەندروستیی دەربەندیخان داوای ئامێری نوێی شووشتنی گورچیلە دەکات

بەڕێوەبەری تەندروستیی دەربەندیخان رایدەگەیێنێت، داوای چوار ئامێری شووشتنی گورچیلەیان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە و بە نووسراویش بەرزیان کردووەتەوە، رەزامەندییان لەسەر دراون، بەڵام تائێستا نەکڕدراون. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانیش دەڵێ، ساڵی داهاتوو داواکە دەدەنە وەزارەتی تەندروستی.