ECDC: دەبێت گەشتیاران ڤاکسینی دژ بە 'ئاوڵەی مەیموون' وەربگرن

18-08-2024
ئیسماعیل خالس نادر
نیشانەکردن ئاوڵەی مەیموون
A+ A-
رووداو - تەندروستی 

ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەورووپا ECDC رایدەگەیێنێت،  پێویستە ئەو گەشتیارانەی سەردانی وڵاتانی ئەفریقا دەکەن ڤاکسینی دژ بە 'ئاوڵەی مەیموون' وەربگرن. 
 
ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەورووپا ئاماژە بەوەدەکات، نەخۆشییەکە لەڕێگەی بەرکەوتنی نزیک لەگەڵ کەسی تووشبوو دەگوازرێتەوە، بۆیە دەبێت رێنماییەکانی خۆپارێزی بە دروستی جێبەجێبکرێن. 
 
دکتۆر پامێلا واگنەر، بەڕێوەبەری ناوەندەکە دەڵێت، ''بەهۆی خێرا بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە، دەبێت رێوشوێنی پێویست بگیرێنەبەر، ڤاکسینی دژ بەم نەخۆشییە هەیە بەڵام ژەمەکان کەمن و دەبێت دەسەڵاتدارانی تەندروستی کار بۆ دابینکردنی زیاتری ئەم ڤاکسینە بکەن''. 
 
دکتۆر پامێلا دەشڵێت، ئەوانەی مەترسیی بەرکەوتن و تووشبوونیان بەم نەخۆشییە زۆرە، 10 ساڵ جارێک ڤاکسین وەربگرن.  
 
بە گوێرەی ناوەندی کۆنترۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160٪ رێژەکان زیادیان کردووە.
 
بەپێی مایۆکلینیک، نەخۆشیی 'ئاوڵەی مەیموون' نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە، هەر یەکە لە تا، سەرئیشە و پەڵەی پێست لە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییەن، دەشێت بە وەرگرتنی ڤاکسین، دەستشۆردنی بەردەوام، دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو و ئەنجامنەدانی سێکسی ناتەندروست پێشگیری لە تووشبوون بەم نەخۆشییە بکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە