رووداو - تەندروستی
چارەسەرکارێکی سرووشتی رایدەگەیێنێت، تووشبووانی جەڵتەی مێشک زیادبووە، هەروەها دەڵێت: ''لە چارەسەری سرووشتیدا هیچ دەرمانێک بەکارناهێندرێت بۆ نەخۆش، چونکە چارەسەرەکە پشت بە بەکارهێنانی دەست و ئامێر دەبەستێت''.
سۆما شێرزاد، چارەسەرکاری سرووشتی دەڵێت: ''بە دەست و ئامێر چارەسەری سرووشتی بۆ چارەخوازان دەکەین و کەشەنکبوونی ماسوولکەکان کێشەیەکی بەربڵاوی خەڵکە''.
ئەو چارەسەرکارە سرووشتییە ئاماژە بەوەش دەکات، جەڵتەی مێشک کاتێکی زیاتری چارەسەری سرووشتی دەخایێنێت و دەشێت جووڵەی هەڵە ببێتەهۆی خواربوونی بڕبڕەی پشت، تەنانەت دەڵێت: ''جووڵەی هەڵە و بەردەوام هۆکارێکی خواربوونی بڕبڕەی پشتە''.
سۆما شێرزاد گوتی، مانگانە چەند تووشبوویێکی هەوکردنی دەماری حەوتەم دێنە لامان کە تووشی ئیفلیجبوونی لایەنی روخساریان بوون و بە چارەسەری سرووشتی دەکرێت ئیفلیجبوونەکەیان نەمێنێت.
لە بارەی کاتی خایاندراو بۆ چارەسەری سرووشتی سۆما شێرزاد دەڵێت: چارەسەر بە سرووشتی پێویستی بە کات هەیە و پێویستە لەکاتی وەرگرتنی چارەسەری سرووشتی، چارەخواز ئارامبگرێت، هاوکات ئاماژە بەوەش دەکات، ''چارەسەری سرووشتیی جەڵتەی مێشک زۆرترین کات دەخایێنێت کە زیاترە لە سێ مانگ، بەڵام بۆ هەندێک نەخۆشی تەنیا هەفتەیەک دەخایێنێت''.


