رووداو - تەندروستی
توێژینەوەیەکی فاکەڵتی پزیشکیی زانکۆی کۆیە ئاشکرای دەکات، لەم ساڵانەی دواییدا دروستبوونی برینی گەدە بە رێژەیەکی زۆر لەنێو خەڵکدا زیادبووە و زۆرینەشی بەهۆی بوونی بەکتریای گەدەوە بووە، پسپۆڕێکیش دەڵێت، جگەرە و نێرگەلەکێشەکان زۆرترین ئەوانەن کە بەکتریای گەدەیان هەیە.
د. ئەحمەد میراودەلی، پسپۆڕی نەشتەرگەریی گشتییە و سەرپەرشتیاریی توێژینەوەکە بە رووداوی راگەیاند، لەکۆی 240 نەخۆشی وەرگیراو لە نەخۆشخانەی رزگاریی فێرکاری لە هەولێر؛ دەرکەوت، 57٪ـیان کە نیشانەیان هەبووە تووشبووی بەکتریای گەدە بوون و 67٪ـیشیان برینی گەدەیان بۆ دروست بووە.
د. ئەحمەد دەڵێت: بەکتریای گەدە کە ناسراوە بە H. pylori بەکتریایەکی درێژخایەنە و دەشێت بەرە بەرە ببێتەهۆی نیشانەکانی 'سووتانەوەی سوورێنچک، ئازاری گەدە، رشانەوە، کەمبوونەوەی کێش و سکئێشە'.
ئەمڕۆ دووشەممە 17-3-2025 ئەو پسپۆڕە میوانی بوولتەنی تەندروستی بوو و گوتی، بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسانی تووشبوو یەکێکە لە رێگە سەرەکییەکانی تووشبوون بەم بەکتریا مەترسیدارە درێژخایەنە.
بەشێک لە رێگەکانی گواستنەوە و تووشبوون بە بەکتریاکە
- کێشانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ
- بەکارهێنانی کەلوپەلی کەسی تووشبوو
- بەکارهێنانی دەستەسڕ و خاولیی کەسانی دیکە
- بەکارهێنانی سابوونی رەق لە شوێنە گشتییەکان
- خواردنی خۆراکی سەردانەپۆشراو و پیسبوو بە بەکتریاکە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ