رووداو - تەندروستی
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بە فەرمی دۆخی نائاسایی بۆ بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی mpox کە ناسراوە بە ''ئاوڵەی مەیموون'' راگەیاند و سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێت: پێویستە تەندروستیی وڵاتان رێکارەکانی خۆپارێزی بۆ نەخۆشییەکە تووندبکەن.
دوای ئەمەش یەکەم تووشبووی نەخۆشییەکە لە سوێد تۆمارکرا، ئێستا بەنێو وڵاتانی ئەورووپاشدا بڵاوبووەتەوە و بە گوێرەی ناوەندی کۆنتڕۆڵ و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان CDC لە ئەفریقا، ئەمساڵ زیاتر لە 17 هەزار تووشبووی نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' تۆمارکراون و 500 کەسیش گیانیان لەدەستداوە؛ ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 160٪ رێژەکان زیادیان کردووە.
لەم بارەیەوە سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندووە: "تائێستا هیچ تووشبوویەکی ڤایرۆسی 'ئاوڵەی مەیموون' لە عێراق تۆمارنەکراوە؛ هەوڵەکانمان بۆ دەستنیشانکردن و چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پەتایە خستووەتەگەڕ."
سەبارەت بە ئەگەری سەپاندنی ئەو شێوازە خۆپارێزییانەی کە لە ماوەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ساڵانی رابردوودا پەیڕەو دەکران، سەیف بەدر گوتی: "هێشتا زۆر زووە بۆ ئەو بڕیارە و ئێمە ئێستا لە قۆناغی هۆشیارکردنەوە و ئاگاداریداین."
نەخۆشیی ''ئاوڵەی مەیموون'' چییە؟
نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و بۆ چارەسەر پێویست بە بەکارهێنانی دژەبەکتریاکان ناکات، بەڵکو خۆکارانە وەکو هەڵامەت دوای تەواوبوونی ماوەکەی لاوازدەبێت و نامێنێت.
رێگەکانی گواستنەوەی ''ئاوڵەی مەیموون''
- بەرکەوتن بە شلە و جەستەی ئاژەڵی تووشبوو
- دەستلێدان
- ماچکردن
- سێکسکردن
- بەکارهێنانی پەڕۆ، جلوبەرگ و دەرزیی بەکارهاتووی کەسی تووشبوو
نیشانە و لێکەوتەکانی ''ئاوڵەی مەیموون''
- تا و بێهێزی
- پەڵەی پێست
- سەرئێشە
- ئازاری ماسوولکەکان
- ئاوسانی لیمفەگرێیەکان
- هەوکردنی تووندی سییەکان
- هەوکردنی مێشک
- ژەهراویبوونی خوێن
رێگەکانی پێشگیریکردن لە ''ئاوڵەی مەیموون''
- وەرگرتنی ڤاکسین
- دەستشۆردنی بەردەوام
- دەستنەدان لە ئاژەڵی بێلانە
- دوورکەوتنەوە لە کەسی تووشبوو
- ئەنجامدانی سێکسی تەندروست
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ