نەخۆشنامە؛ هەیە لە دەرمانخانەکان کاردەکات، نە دەرمانسازە و نە کارمەندی تەندروستییە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو - تەندروستی

خانمێکی 30 ساڵان بەهۆی هەڵامەتەکەیەوە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوای هەولێری کردووە، دکتۆر هونەر رێبوار، پێشکێشکاری نەخۆشنامە بینیویەتی و پێی گوتووە، نەخۆشییەکە ئاسانە و دەکرێت پەتایەکی ڤایرۆسی بێت، ئێستا دەرمانێکت بۆ دەنووسم و تەنیا بەرگریی جەستەت بەسەریدا زاڵدەبێت و دەبێت شلەمەنی بخۆی، بەڵام خانمەکە قسەکانی بە دڵ نەبووە و گوتویەتی، ''ئەو هەموو رێگەیەم بڕیوە، تۆ بە یەک دەرمان بەڕێم دەکەیت؟''.
 
پرسی زۆربەکارهێنانی دەرمان لە پۆدکاستی ئەم هەفتەیەی نەخۆشنامە تاوتوێکرا؛ شاخەوان سەلیم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و د. موئەیەد ئەحمەد، پسپۆڕی مایکرۆبایۆلۆژی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر لە بەشی بەرگریی بەکتریاکان بەشداربوون.
 
د. موئەیەد ئەحمەد دەڵێت، بەرگریی بەکتریاکان دژی دەرمانەکان کێشەیەکی مەترسیدارە کە رووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبێتەوە، چونکە پێشبینیکراوە کە ساڵانە 5 ملیۆن کەس بەهۆیەوە گیانلەدەستبدەن.
 
د. موئەیەد ئەحمەد ئاماژە بە ئامارەکانی بەرگریی بەکتریاکان لە نەخۆشخانەکانی هەولێر لە مانگی 7 تاوەکو 10ـی ئەمساڵ دەدات و روونی دەکاتەوە، 2302 نەخۆش پشکنینیان بۆ کراوە، 368 کەس تووشی بەکتریایەک بوون بە ناوی ئیکۆڵای 'E.coli'، کە  82٪ـی ئیکۆڵای ئەو نەخۆشانە بەرگرییان دژی زۆربەی دژەبەکتریاکان هەبووە، 23٪ـیان بەرگریی هەبووە بۆ هەموو جۆرە دژەبەکتریایەک جگە لە چەند دانەیەک نەبێت.
 
شاخەوان سەلیم گوتی، لە سەندیکا مانگانە خول بۆ ئەو کارمەندانە دەکەینەوە کە کار بە دەرمان دەکەن و بەیانیان لە شوێنە دوورەدەستەکان کاردەکەن کە پزیشکیان لێنییە، گوتیشی، ''ئەو کارمەندانە بەهیچ شێوەیەک بۆیان نییە بەبێ رەچەتەی پزیشک، دەرزی لە نەخۆش بدەن''.
 
شاخەوان سەلیم نەیشاردەوە، ''هەیە لە دەرمانخانەکان کاردەکات، نە دەرمانسازە و نە کارمەندی تەندروستییە''، ئەمەش بۆ یەکێک لە هۆکارەکانی کۆنتڕۆڵنەکردنی بەرگریی بەکتریاکان و زۆربەکارهێنانی دەرمان دەگەڕێنێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە