زانکۆی نیبراسکای ئەمریکی: تەواوکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامین C بەردی گورچیلە دروستدەکەن

13-11-2022
شکار رێبوار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

توێژینەوەیەکی زانکۆی نیبراسکا لە ئەمریکا دەریدەخات بەرزی رێژەی ڤیتامین C دەبێتەهۆی دروستبوونی بەردی گورچیلە و لە هەمانکاتدا جەستە ژەهراوی دەکات. 
 
توێژینەوەکە لە رۆژنامەی دامەزراوەی پزیشکیی ئەمریکی JAMA بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەردی گورچیلە دەکات لە رێگەی بەکارهێنانی تەواوکەرە خۆراکییەکانی ڤیتامین C کە بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی ڤیتامینەکە بەکاردێت لەلایەن ئەو کەسانەی کێشەی کەمی ڤیتامین C یان هەیە، بەجۆرێک ئەوکەسانەی رۆژانە زیاتر لە 100 میلیگرام بەکاردەهێنن ئەگەری تووشبوونیان بە بەردی گورچیلە زیاترە.
 
240 بەشداربووی توێژینەوەکە رۆژانە دوو گرام ڤیتامین Cیان پێدەدرا، دەرکەوت 22٪ـی بەشداربووان کریستاڵی ئۆگزالێتی بەرپرس لە دروستبوونی بەردی گورچیلە لەنێو میزیان هەیە.
 
دکتۆر سارا مالیک، پسپۆڕی نەخۆشییە هەناوییەکان لە زانکۆی نیبراسکا دەڵێت: ''زۆرینەی خەڵک ڤیتامین C لە رێگەی ژەمە خۆراکییەکانی رۆژانەیان وەردەگرن کە کاریگەری باشتر لەسەر تەندروستیی جەستەیان دروستدەکات.''
 
دکتۆر سارا هەروەها دەڵێت: ''بەشێک لە ڤیتامین C دەگۆڕێت بۆ مادەی ئۆگزالێت و لە رێگەی میزەوە فڕێدەدرێتە دەرەوە، کۆبوونەوەی مادەی ئۆگزالێت رێخۆشکەرە بۆ دروستبوونی بەردی گورچیلە.''
 
بەگوێرەی پەیمانگە نەتەوەییەکانی تەندروستی NHI، ڤیتامین C یەکێکە لە ڤیتامینە گرنگەکان بۆ بەرهەمهێنانی کۆلاجین و پارێزگاری پێست، هەروەها دژەئۆکسێنەرێکی بەهێزە دژی زۆربوونی خانە شێرپەنجەییەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە