رووداو - تەندروستی
لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئاشتیی فێرکاری لە سۆران ژیانی کەسێک لە مردن رزگاردەکرێت؛ پزیشکێک دەڵێت: ''نەخۆشەکە جگەرەکێش بووە و هەر ئەوەش وایکردووە کە جەڵتە لێیبدات''.
ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی ئابی 2024 دکتۆر سۆران رەشۆ زراری، پزیشکی نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ کە سەرپەرشتی نەخۆشەکەی کردووە بە رووداوی راگەیاند، نەخۆشەکە پیاوێكی 55 بۆ 60 ساڵان بوو و دڵی لە لێدان وەستابوو.
دکتۆر سۆران رەشۆ دەڵێت: دوای گەیشتنی بە فریاکەوتن دەستبەجێ سینگە دڵەبووژانەوەیان بۆ کردووە، پاشان کارەبا DCـیان لێداوە، دواتر بۆری هەناسەدانیان بۆ داناوە تاوەکو هەناسەدانی بچێتەوە باری ئاسایی.
ئەو پزیشکە دەشڵێت، نەخۆشەکە رەوانەی هەولێر کرا تاوەکو بخرێتە ژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد، چونکە ''لە سۆران یەکەی دانانی هەناسەدانی دەستکرد نییە''.
لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەی ئاشکراکرد کە نەخۆشەکە جگەرەکێش بووە و هەر ئەوەش وایکردووە کە جەڵتە لێیبدات.
لە کۆتاییشدا داوا لە هاونیشتمانییان دەکات، لەکاتی دەرکەوتنی هەر نیشانەیەکی جەڵتە، بە زووترین کات سەردانی نەخۆشخانە بکەن و رێنوێنییەکانی پزیشک جێبەجێبکەن، ''چونکە ئەم نەخۆشە رۆژێک پێش جەڵتەکە سینگئێشەی هەبووە و گوێی پێنەداوە''.
نیشانە باوەکانی جەڵتەی دڵ چین؟
- سینگئێشە
- هەناسەتەنگی
- دڵەکوتێ
- ئارەقکردنەوە لەگەڵ هەناسەتەنگی
ئەوانەی مەترسیی تووشبوونیان بە جەڵتە زۆرە؛
* پیاوان
* جگەرە و نێرگەلەکێش
* تووشبووانی بەرزەپەستانی خوێن
* قەڵەو و کێشزۆر
* کەمجووڵە
* ئەوانەی تووشبووی جەڵتە لە خێزانەکانیان هەیە
* تووشبووی شەکرە و بەرزەچەوری
لێکەوتەکانی جەڵتەی دڵ ئەمانە؛
* ناڕێکیی لێدانەکانی دڵ
* تەقینی دیواری دڵ
* مەیینی خوێن
* شۆکبوونی دڵ
* سستبوونی دڵ
* هەوکردنی پەردەی دڵ
* مردن


