ئەمساڵ نزیکەی 3 هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون

09-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمساڵ نزیکەی سێ هەزار تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. پسپۆڕێکی شێرپەنجە دەڵێت، زۆرترین جۆری شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان شێرپەنجەی مەمکە؛ دواتر سییەکان؛ قۆڵۆن و پرۆستاتە.
 
ئەمساڵ لە یەک نەخۆشخانەی هەولێر 800 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون؛ لە سلێمانی و هەڵەبجە هەزار و 485 تووشبوو، لە دهۆکیش زیاتر لە 700 تووشبووی شێرپەنجە تۆمارکراون.
 
رۆژی یەکشەممە 09-07-2023، دکتۆر هەردی جەواد، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی لە هەولێر کە تایبەتە بە شێرپەنجە و نەخۆشییەکانی خوێن بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەمساڵ تەنیا لە نەخۆشخانەکەی ئەوان 800 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون.
 
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی نانەکەلی گوتی، ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو هەزار و 200 نەخۆش بۆ وەرگرتنی چارەسەری کیمیایی سەردانی نەخۆشخانەی نانەکەلییان کردووە.
لە هەولێر جگە لە نانەکەلی، لە نەخۆشخانەی دیکەش شێرپەنجە تۆمار دەکرێت و بەشێکیش لە هاونیشتمانییان سەردانی نەخۆشخانە تایبەتەکان دەکەن.
 
لە سلێمانی و هەڵەبجە 1485 تووشبوو تۆمار کراون
 
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، دکتۆر محەممەد عەبدولوەهاب، لێپرسراوی بەشی داتا لە نەخۆشخانەی هیوا کە تەنیا نەخۆشخانەی حکومەتی تایبەت بە شێرپەنجەیە لە شاری سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەزار و 485 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەکەمان تۆمار کراون".
 
بەرپرسێکیش لە تەندروستیی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئێستا هیچ سەنتەر و نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە شێرپەنجە لە هەڵەبجە نییە و ئەوەی تووشبوو بێت لە نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی تۆمار دەکرێت و چارەسەر وەردەگرێت".
 
 
لە دهۆک زیاتر لە 700 تووشبووی شێرپەنجە تۆمار کراون
 
دکتۆر چەکدار ئەحمەد، پسپۆڕی شێرپەنجە و یاریدەدەری سەرۆکی سەنتەری شێرپەنجە لە دهۆک ئەمڕۆ یەکشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمساڵ تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 700 تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە سەنتەرەکەمان تۆمارکراون؛ ساڵی رابردوو هەزار و 430 تووشبوومان تۆمارکرد".
 
ئەو پسپۆڕەی شێرپەنجە ئاماژەی بە جۆرەکانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان کرد و گوتی، زۆرترین جۆری شێرپەنجە، شێرپەنجەی مەمکە؛ دواتر سییەکان و پاشان قۆڵۆن و پرۆستات.
 
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، تاوەکو 4ـی شوباتی ئەمساڵ 71 هەزار و 74 تووشبووی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، لەنێویاندا ژمارەیەکی "زۆری" تووشبووان خەڵکی پارێزگاکانی دیکەی عێراقن.
 
تووشبووانی شێرپەنجە لە سێ ساڵی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان بەمێشوەیەی خوارەوە بووە:
 
ساڵی2020
 
- هەولێر 3,050 کەس کە دەکاتە 48.4٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- سلێمانی 2,543 کەس کە دەکاتە 40.04٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- دهۆک 700 کەس کە دەکاتە 11.01٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
 
ساڵی 2021
 
 - هەولێر 3,808 کەس کە دەکاتە رێژەی 48.1٪ــی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- سلێمانی 3,080 کەس کە دەکاتە 38.9٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
- دهۆک 1,016 کەس کە دەکاتە 12.8٪ـی کۆی گشتیی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان.
 
ساڵی 2022
 
زیاتر لە 9 هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجە تۆمارکراون کە 35٪یان خەڵکی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوون. زۆرترین ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لەناو ئافرەتانە و بە پلە یەکیش شێرپەنجەی مەمکە؛ هەروەها زۆرترین تووشبووانی شێرپەنجە لە منداڵاندا شێرپەنجەی خوێنە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە