رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی نەخۆشییەکانی دڵ لە نەخۆشخانەی پسپۆڕییەکانی دڵ لە سلێمانی رایدەگەیێنێت، زۆرینەی ئەوانەی دێنە نەخۆشخانەکە کێشەی گیرانی خوێنبەرەکانی دڵیان هەیە، بۆیە پێویستیان بە قەستەرە دەبێت، هەروەها 40٪ـی حاڵەتەکانیش تووشبووی جەڵتەی دڵن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 8-12-2024 د. کاوە وسو، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن لە نەخۆشخانەکە بە رووداوی راگەیاند، پیاوان بەرامبەر بە خانمان ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ زیاترە، تەنانەت 10 ساڵ زووتر تووشی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن دەبن.
ئەو پسپۆڕە گیرانی لوولەکانی خوێن بە کێشەیەکی باو دادەنێت و هۆکارەکانیش بۆ ئەمانە دەگەڕێنێتەوە؛
- خواردنی خۆراکی ناتەندروست
- قەڵەوی
- گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی بەردەوام
- کێشانی جگەرە و نێرگەلە
- پیسبوونی ژینگە
- بەساڵداچوون
لە کۆتاییدا گوتی، ''هەر کەسێک سینگئێشە و هەناسەتەنگی لەگەڵ ئارەقکردنەوەی تووشبوو، دەستبەجێ بچێتە بەشە فریاکەوتنەکان یاخود پەیوەندی بە 122ـی فریاکەوتنەوە بکات، چونکە نیشانەی جەڵتەن و جەڵتەش تاوەکو زووتر چارەسەری بۆ بکرێت، لێکەوتەکانی کەمتر دەبێتەوە''.
بەپێی تەندروستیی سلێمانی، مانگی رابردوو 582 بووژانەوەی دڵ لە نەخۆشخانەی پسپۆڕییەکانی دڵ لە سلێمانی کراون، 372 قەستەرە و 40 نەشتەرگەریی دڵیش ئەنجامدراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ