رووداو - تەندروستی
دوای بەدواداچوونێکی رووداو لەسەر کەمیی خوێن لە سەنتەری گواستنەوەی خوێن لە راپەڕین، بەڕێوەبەری سەنتەرەکە رایدەگەیێنێت، ئێستا بڕی پێویستی خوێنیان بۆ تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایێنەکان و هاونیشتمانییان هەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە 8ـی نیسانی 2024 کارزان محەممەد، بەڕێوەبەری سەنتەری گواستنەوەی خوێن لە راپەڕین بە رووداوی راگەیاند، دوای بانگەوازەکەیان بۆ خوێنبەخشین لەڕێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە، زیاتر لە 150 خوێنبەخش سەردانی سەنتەرەکەیان کردووە.
کارزان محەممەد دەڵێت: ئێستا هەموو جۆرە گرووپێکی خوێن لە سەنتەرەکەیان بەردەستە و بەشی پێداویستییەکانی تووشبووانی نەخۆشییە درێژخایێن و کەسانی دیکەش دەکات.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین لە چەند رۆژی رابردوودا رایگەیاند، کێشەی کەمیی خوێن لە سەنتەری گواستنەوەی خوێنی دەڤەرەکە دروستبووە و هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ نەبەخشینی خوێن لە مانگی رەمەزان.
کارزان محەممەد لەڕێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داوای خۆی ئاڕاستەی هاونیشتمانییانی دەڤەرەکە کرد و گوتی، لەدوای بەربانگ خوێن ببەخشن و سەنتەرەکەیان تاوەکو کاژێر 22:30 کراوەیە و خوێنبەخشان دەتوانن خوێنببەخشن بێ ئەوەی رۆژووەکەیان کاریگەری لەسەر خوێنبەخشینەکەیان هەبێت.