رووداو - تەندروستی
پسپۆڕێکی زانستە ژینگەییەکان رایدەگەیێنێت، هەر خۆراکێک نیتراتی زۆری بۆ بەکارهات، ئەوا ژەهراوی دەبێت. ئەو دەڵێت: نیترات بەسوودە بۆ جەستەی مرۆڤ بەڵام بە رێژەیەکی دیاریکراو.
ئەمڕۆ سێشەممە 7-1-2025 د. کارزان هەورامی، پسپۆڕی زانستە ژینگەییەکان لە بوولتەنی کاژێر 14:00ـدا رایگەیاند، تاوەکو کوالێتیی پشکنین لە دەروازە سنوورییەکان باشتر بێت و بودجەی زیاتریان بۆ تەرخان بکرێت، نەخۆشخانەکان چۆڵتر دەبن.
د. کارزان هەورامی دەڵێت: مادەی نیترات بە سرووشتی لەنێو بەروبوومەکان و خاکدا هەیە کە هیچ مەترسییەکی نییە، بەڵام بەکارهێنانی بڕی زیادەی مادەکە ئەگەر بە شێوەی زانستی نەبێت، ئەوا خۆراکەکە ژەهراوی دەکات.
د. کارزان هەورامی روونی دەکاتەوە، زۆرجار تەماتە کە لەتدەکرێت، ناوەکەی یاخود لێوارەکانی سپیبووەتەوە ئەمە واتە نیتراتی زۆری بۆ بەکارهێنراوە، هەر بۆیە پێشنیازدەکات، هەموو جووتیارێک بەپێی رێنوێنییە زانستییەکان بە بڕی دیاریکراو نیترات بەکاربهێنێت کە لەنێو پەیندا هەیە.
بەگوتەی پسپۆڕەکە، پشکنینی تاقیگەیی باشترین رێگەی دەستنیشانکردنی بڕی نیتراتە لەنێو بەرهەمەکە.
بەگوێرەی ئەو پشکنینانەی بۆ بەربوومە کشتوکاڵییەکان لە عەلوەی کەلار کراوە، هەندێکیان خواردنیان گونجاو نییە و زیانی بۆ تەندروستی هەیە. ئەندازیارێکی خۆراک دەڵێت، خواردنی ئەو خۆراکانە دەبێتە هۆی شێرپەنجە و لەبارچوونی منداڵ. وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێت، بەدواداچوون دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ