رووداو - تەندروستی
رێکخراوێکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا رایدەگەیێنێت، فینلاند بەختەوەرترین وڵاتی جیهانە لە دڵخۆشیدا و ئەفغانستانیش خەمبارترین.
راپۆرتێکی رێکخراوی تۆڕی چارەسەرییەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان UN رایدەگەیێنێت، فینلاندییەکان دڵخۆشترین و ئەفغانییەکان خەمبارترین خەڵکانی جیهانن.
لەنێو راپۆرتەکەدا ئەو خاڵانە باسکراون کە ریزبەندییەکەی لەسەر جێبەجێکراوە وەکو 'پاڵپشتی کۆمەڵایەتی، داهات، تەندروستی، ئازادی و نەبوونی گەندەڵی'.
بە گوێرەی راپۆرتەکە ریزبەندی 10 دڵخۆشترین وڵاتانی جیهان بەم شێوەیەیە؛
1- فینلاند
2- دانیمارک
3- ئایسلاند
4- ئیسرائیل
5- هۆڵەندا
6- سوێد
7- نەرویج
8- سویسرا
9- لۆکسمبۆرگ
10- نیوزلاند
هەروەها ئەمریکا لە پلەی 15 و بەریتانیا لە پلەی 19ـی ریزبەندییەکەدا بوون، هاوکات لە ریزبەندییەکەدا عێراق لە سەرووی هەریەک لە وڵاتانی 'ئێران، تورکیا و لوبنانەوە' دێت کە پلەی 98ـەمینی لە دڵخۆشترین وڵاتانی جیهان بەدەستهێناوە.
لە کۆتایی ریزبەندییەکەدا ئەفغانستان بە پلەی 138 لە کۆتایی دێت واتە ئەفغانییەکان خەمبارترینن.
پسپۆڕێکی دەروونی باس لەو سیستمی ژیانە دەکات کە وای لە خەڵکانی فینلاند کردووە بە بەختەوەرترینی جیهان ناوبنرێن.
ئەنجێلا دەکوۆرس، پسپۆڕی نەخۆشییە دەروونییەکان لە زانکۆی پێنسیلڤانیا رایدەگەیێنێت، یەکەم رێگەی خۆشبەختی خەڵکانی فینلاند ئەوەیە کە زۆرینەیان ئامانجی گەورەیان داناوە و کاردەکەن بۆ بەدەستهێنانی.
هەروەها رێگەیەکی دیکە خۆشبەختی فینلەندییەکان بریتییە لە خۆڕاگری و دانبەخۆداگرتن بۆ ئەنجامدانی کارەکان و ئاماجە گەورەکان.
بە گوتەی پسپۆڕەکە تێکەڵاوبوون لەگەڵ سرووشت و مانەوە تیاییدا هۆیەکی سەرەکییە بۆ زیادبوونی دڵخۆشیی خەڵکەکەی.