رووداو - تەندروستی
هەر کە باسی ئۆتیزم و هۆکارەکانی دەکرێت، بەشێکی خەڵک ئاماژە بە ڤاکسین دەکەن و پێیان وایە ''ڤاکسین دەبێتەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم''، چوار پسپۆڕی وردیش روونکردنەوەیان بۆ رووداو داوە و راستییەکە ئاشکرادەکەن.
ئەمڕۆ شەممە 5-4-2025 د. عەبدوڵڵا فەقێ، پسپۆڕ و راوێژکاری نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار لە هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تائێستا هیچ رێنوێنییەک و بەڵگەیەکی زانستی لەسەر ڤاکسین نییە کە هۆکاربێت بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم.
ئەو پسپۆڕە ئەوەشی ئاشکراکرد کە توێژەران بۆیان دەرکەوتووە، ڤاکسین رەنگە هەندێکجار و لە هەندێک کەس کاریگەریی لاوەکیی هەبێت، بەڵام هیچ ئاماژەیەک بە ئۆتیزم نەکراوە.
د. سەگڤان محەممەد، پسپۆڕی وردی مێشک و دەمار لە دهۆک دەڵێت، پێنەدانی شیری دایک، زۆربەکارهێنانی شاشەکان و هۆکاری بۆماوەیی دەشێت ئەگەری دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم زیادبکەن، بەڵام تائێستا پسپۆڕان و ناوەندە زانستییەکان ئاماژەیان بە ڤاکسین نەداوە کە هۆکار بێت بۆ ئۆتیزم.
لای خۆشییەوە د. هەورامان رەمەزان، پسپۆڕێکی وردی مێشک و دەمارە لە وڵاتی بەریتانیا دووپاتی دەکاتەوە، هیچ هۆکار نییە ببێتەهۆی ئۆتیزم بەهۆی ڤاکسینەوە و تائێستا هیچ بەڵگەیەکیش نییە ئەوە بە دروستی بسەلمێنێت.
سروە سامی، پسپۆڕی بۆماوەزانی و توێژەری زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر رایدەگەیێنێت، ''هۆکارە بۆماوەیی و ژینگەییەکان دەکرێت رۆڵیان هەبێت لە دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم و خراپبوونی دۆخەکە، بەڵام بۆ ڤاکسین نا'' و هەر بۆیە ئەو توێژەرە پەیوەندیی نێوان ڤاکسین و ئۆتیزم بە تێگەیشتنێکی زانستیی هەڵە دادەنێت.
پێکەوە بەستنەوەی ڤاکسین بە دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم لە کوێوە هاتووە؟
توێژینەوەی یەکەم؛ لە ساڵی 1998 ئاندرو وەیکفێڵد کە توێژەرێکی بەریتانی بوو لەگەڵ هاوکارەکانی گریمانەیەکیان دانا، ''ڤاکسینی MMR کە دژە سوورێژە و ملەخڕێیە دەبێتەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم''.
بەڵام ئەم توێژینەوەیەی ساڵی 1998 هەر زوو لەلایەن ئاژانسە گەورە زانستی و دامەزراوە پزیشکییە باوەڕپێکراوەکان پووچەڵکرایەوە، چونکە؛
1- نزیکەی 90٪ـی منداڵانی ئینگلاند لەو سەردەمی توێژینەوەیەدا ڤاکسینەکەیان وەرگرتووە و هیچ کێشەیەکیان نەبووە.
2- توێژەرەکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ئۆتیزم دەرئەنجامێکی هەوکردنی ریخۆڵەکانە، بەڵام هەوکردنی ریخۆڵەکان دوای نیشانەکانی ئۆتیزم دروستدەبوون نەک پێش نیشانەکان.
توێژینەوەی دووەم؛ لە ساڵی 2002 ئاندرو وەیکفێڵد و هاوکارەکانی گریمانەی دووەمیان دانا. ''ڤایرۆسی سوورێژە دەبێتەهۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئۆتیزم''، پشکنینی ریخۆڵەیان بۆ ڤایرۆسی سوورێژە بۆ ئەوانە کرد کە ئۆتیزمیان هەیە و ئەوانەشی کە ئۆتیزمیان نییە.
ئەم توێژینەوەیەی ساڵی 2002ـش هەر زوو لەلایەن گەورە ئاژانس و دەزگاکانی تەندروستییەوە پووچەڵکرایەوە و رەخنەی زۆری لێگیرا چونکە؛
1- ڤایرۆسی سوورێژە لە ئینگلاند و جیهاندا بڵاوە، توێژینەوەکە ئەوە دەرناخات کە ئەو منداڵانەی سوورێژەیان هەبووە ئایا لە ڤاکسینەکەوە ڤایرۆسەکەیان وەرگرتووە یاخود ڤایرۆسی نێو ژینگەکەیان وەرگرتووە کە لە کەسێکی دیکەوە بۆیان گوازرابێتەوە.
2- کارکردن لەسەر ڤایرۆسی سوورێژە بەپێی ئەو تاقیگەیەی نموونەی ریخۆڵەکانی لێ وەرگیراوە، ئەگەری ئەنجامی هەڵەی بوونی ڤایرۆسەکەی زۆرە واتە دەشێت پشکنینەکان ئەوە نیشان بدەن کە کەسەکە تووشی سوورێژە بووە، بەڵام لە راستیدا وانەبێت و دەشێت ئەو منداڵانە تووشبووی سوورێژە نەبووبێتن.
3- توێژەرانی توێژینەوەکەی 2002 ئەوەیان ئاشکرانەکردووە، ئەو کەسەی پشکنینەکانی کردووە، نەیزانیبێت کام نموونەی ریخۆڵەیە هی تووشبووی ئۆتیزمە یاخود هی منداڵێکی ساخ، ئەمەش گومان دروستدەکات.
4- لەنێو توێژینەوەکەی 2002دا کاتی کوتانی ڤاکسینەکە بە منداڵان و وەرگرتنی نموونەی ریخۆڵەکان هاوتا نەکراون و ئاماژەیان پێنەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ